ڤایرۆسی (BK):

ڤایرۆسی (BK) ، لەخێزانی (Polyomavirus) و بۆماوەماددەکەی پێکهاتووە لە دوو شریتی دی ئێن ئەی (Double-Stranded DNA) ، دابەش دەبێت بەسەر شەش گروپدا ، زۆر کەس لە قۆناغی منداڵیدا دەکرێت دووچاری ئەم ڤایرۆسە ببن بەڵام بەدەگمەن دەبێتە هۆی نەخۆشی و نیشانەی قورس ، بەشێوەیەکی گشتی چەند نیشانەیەکی هاوشێوەی هەڵامەت بە سووکی لە کەسەکەدا دەردەکەوێت ، کاتێک ڤایرۆسی (BK) داخڵی خوێن دەبێت و بڵاودەبێتەوە بەلەشدا بێئەوەی کاریگەریەکی تووندی لەسەر تەندروستی کەسەکە هەبێت، پاش تەواوکردنی چالاکیە سەرەتاییەکانی ڤایرۆسەکە لەنێو خانەکانی ڕێڕەوی میزی کەسەکەدا دەمێنێتەوە بەشێوەیەکی شاراوە (Latent) ، بێ ئەوەی کێشەی تەندروستی دروست بکات کەزۆرکەسدا ،بەڵام کاتێک سیستەمی بەرگری لەش بەباشی کار ناکات یان لەکار دەخرێت (بەدەرمان) ڤایرۆسەکە چالاک دەبێتەوە.ئەوهۆکارانەی مەترسی ڤایرۆسەکە زیاد دەکەن:* تەمەن: لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن دا سیستمی بەرگری لەش بەرەو لاوازبوون دەچێت ، لە کاتی هەبوونی ڤایرۆسەکەدا ڕەنگە دوای چوونە تەمەنەوە کێشەی تەندروستی دروست بکات.* ئەندام چاندن: ئەوکەسانەی کە نەشتەرگەری چاندنی ئەندامیان بۆئەنجام دەدرێت ، دەرمانی پێدەدرێت بۆ لاوازکردنی سیستمی بەرگری لەش. لە کاتی هەبوونی ڤایرۆسەکەدا کێشەی تەندروستی دروست دەکات.* لاوازی سیستمی بەرگری: هەندێک نەخۆشی وەک ئایدز (AIDS ) ، شەکرە ، سیستمی بەرگری لەش لاواز دەکەن ، لە کاتی هەبوونی ڤایرۆسەکەدا کێشەی تەندروستی دروست دەکات.نەشتەرگەری چاندنی ئەندام و ڤایرۆسی (BK):بوونی ڤایرۆسی (BK) لەلەشدا ترسناک نیە و کەسەکە بێ دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەک ژیانی ئاسایی خۆی بەسەر دەبات، بەڵام کاریگەری خراپی هەیە لەسەر ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەری چاندنی ئەندامیان بۆ ئەنجام دەدرێت وەک (چاندنی گورچیلە و مۆخی ئێسک ..هتد) دوای چاندنی ئەندامەکە کەسەکە دەرمانی تایبەتی پێدەدرێت بۆ لاواز کردنی سیستمی بەرگری لەش (Immunosuppressive) تا وا لە لەش بکات ئەندامەکە قبوڵ بکات، بەمەش لەش دەکەوێتە بەر مەترسی توشبوون بە نەخۆشیە جۆراو جۆرەکان لەنێویشیاندا ڤایرۆسی (BK)، ڤایرۆسەکە دووبارە چالاک دەبێتەوە بەهۆی کاریگەری دەرمانەکانەوە ، وا لە لەش دەکات ئەندامەکە ڕەت بکاتەوە ، بۆیە پێویستە پێش و پاش چاندنی هەرئەندامێکی لەش شیکاری بۆ ڤایرۆسی (BK) ئەنجام بدرێت.نیشانەکانی ڤایرۆسی (BK):دەکرێت هیچ نیشانەیەکی نەبێت لە سەرەتادا ، بەڵام بە لاوازبوونی سیستمی بەرگری نیشانەکانی تەشەنە دەکەن لەوانە:* گرفتی بینایی و لێڵ بوونی بینین.* گٶڕانی ڕەنگی میز بۆ قاوەی سورباو.* بوونی ئازار لەکاتی میزکردندا.* بەناڕەحەت میزکردن.* زووزوو میزکردن (میزە چورکێ).* کۆکە و هەڵامەت و هەناسە تووندی.* تا و ئازار و بێ هێزی ماسولکەکان.* دڵەکوتێ.* هەندێ جار گرفتی مێشک و جگەر دروست دەکات.گواستنەوەی ڤایرۆسی (BK):گواستنەوی ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەبێت، بەڵام تا ئێستاش چۆنیەتی گواستنەوەکەی بە تەواوی ڕوون نییە بەڵام دەکرێت لە ڕێگەی یەکێک لەمانەوە بگوازرێتەوە..* لیک.* تەڕی ناولووت و قوڕگ (چڵم و بەڵغەم) ، کۆکە.* میز.* دایک دەیگوازێتەوە بۆ کۆرپەکەی ناو سکی.دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی (BK):چەند شیکاریەک پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی (BK) ، بەتایبەت لە کەسانەدا کە نەشتەرگەری چاندنی ئەندامیان بۆ ئەنجام دەدرێت تا دڵنیاببنەوە لەوەی کە ئەندامە چێندراوەکە پارێزراو دەبێت، شیکاریەکانیش ئەمانەن:* شیکاری گشتی میز (Urinalysis).* شیکاری بایۆپسی (Renal Biopsy) بۆ گۆرچیلە یان میزەڕۆ.* شیکاری (PCR) کە لە هەمووی دڵنیاتر و هەستیارترە بۆ دەستنیشان کردنی گەشەسەندنی ڤایرۆسەکە.