شیکاریی (HCV Genotyping):

ڤایرۆسی جگەری جۆری(HCV) یەکێک لە بڵاووترین ڤایرۆسەکان لە جیهاندا، نزیکەی ٣.٣٪ (دووسەد ملیۆن) لە دانیشتوانی جیهان هەڵگری ئەم ڤایرۆسەن، کە دەبێتە هۆی هەوکردنی جگەر و تێکدان و لەکارخستنی خانەکانی جگەر، هیچ ڤاکسینێک (Vaccine) بۆ ڤایرۆسی جگەری جۆری (HCV) تا ئێستا بەکارناهێنرێت.

لەکاتی سەردان کردنی کلینیکی پزیشکی ددان یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری.. هتد، پێویست بە ئەنجامدانی شیکاری ڤایرۆسەکانی (HCV)(HBS)(HIV) دەکات، لە تاقیگەکاندا سەرەتا شیکاری دژە تەن(Antibody) بۆ ڤایرۆسەکە ئەنجام دەدرێت، لەکاتی دەرچوونی ئەنجامی پۆزەتیڤ (Positive) بۆ ڤایرۆسی جگەری جۆری (HCV) پێویستە ڕاستەوخۆ شیکاری ((HCV RNA(Quantitative) بۆ ڤایرۆسەکە و پاشان شیکاریی جینۆتایپین (Genotyping) بۆ ڤایرۆسەکە ئەنجام بدرێت.

شیکاری جینۆتایپین (Genotyping):

ڤایرۆسی جگەری جۆری (HCV) دابەش دەبێت بەسەر چەند شێوە و چەشندا (کە زیاتر لە ٥٠ چەشنن و دابەش دەبن بەسەر ٦ جینۆتایپی سەرەکیدا کە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازیان هەیە)(1a, 1b, 2a, 3a, 3b and 6a).

کاتێک کەسێک ئەنجامی شیکاریی دژەتەنی بۆ ڤایرۆسی جگەری جۆری (HCV) پۆزەتیڤ دەبێت ، پێویستە ڕاستەوخۆ شیکاری (HCV RNA (Quantitative)) بۆ ئەنجام بدرێت تا ڕێژەی دڵنیایی ڤایرۆسەکە لە لەشدا دیاری بکرێت ، دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی و بەرلە وەرگرتنی چارەسەری ، پێویستە شیکاری جینۆتایپین (Genotyping) بۆ ڤایرۆسەکە ئەنجام بدرێت. تا ڕێژەی ڤایرۆسەکە لە لەشدا زیاتر بێت (شیکاری جینۆتایپین (Genotyping) ئەنجامەکەی دروستتر دەبێت) ((کە پێویستە HCV Viral Load >1000 IU/mL) ئەم ڕێژەیە دەکرێت گۆڕانی بەسەردابێت بە پشت بەستن بە جۆری (Kit)ی شیکاریەکە).

شیکاریی جینۆتایپین(Genotyping) چەشنی ڤایرۆسەکە دیاریدەکات و جینۆتایپەکەیمان بۆ دەستنیشان دەکات، بۆ ئەوەی بتوانرێت چارەسەریەکی تەواو و دروست بدرێت بە نەخۆش پێویستە دەستنیشانی جینۆتایپی ڤایرۆسەکە بکرێت تا چارەسەرەکەی ووردتر بێت چونکە هەر چەشنێک لە ڤایرۆسەکە چارەسەریەکی دیاریکراوی خۆی هەیە.

هەنگاوەکانی دەستنیشان کردنی چارەسەری:

* ئەنجامدانی شیکاریی دژەتەن(Antibody) بۆ ڤایرۆسی جگەری جۆری (HCV).

* بۆ هەموو ئەنجامێکی دژەتەنی پۆزەتیڤ(Positive) بۆ ڤایرۆسی جگەری جۆری (HCV)، پێویستە شیکاریی ((HCV RNA (Quantitative) بە ڕێگای ((Polymerase Chain Reaction (PCR) ئەنجام بدرێت (هەندێک جار پێویستە شیکاریەکانی فرمانی جگەریش ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی جگەر و کاریگەری ڤایرۆسەکە لەسەر جگەر).

* پاش دیاریکردنی ڕێژەی ڤایرۆسەکە لە لەشدا پێویستە شیکاریی جینۆتایپین (Genotyping) بۆ بۆ ڤایرۆسەکە ئەنجامبدرێت بۆ دیاریکردنی چارەسەری دروست باشترین دەرمان بەپێ ی چەشنی ڤایرۆسەکە (بەتایبەت لەوکاتەی ڕێژەیەکەی بەرز بوو لەلەشدا).