شیکاریی چەوریەکانی خوێن (Lipid Profile):

چەوری یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی لەشی مرۆڤ، لەش وەک سەرچاوەیەکی وزە و بۆ چالاکی ڕۆژانەی پێویستی بە بڕێک لە چەوری دەبێت، بەڵام کاتێک لەش بڕێکی زیاد لە پێویست چەوری وەردەگرێت، لەش تووشی چەندین گرفتی تەندروستی دەکات کە دیارترینیان نەخۆشیەکانی دڵ و سەکتە (Stroke) و گیران و ڕەقبوونی بۆریەکانی خوێن(Atherosclerosis).

شیکاریی چەوریەکانی ڕێژەی چەوریەکانی خوێن دیاری دەکات کە بە گشتی دوو جۆر چەوری دەگرێتەوە (چەوری سیانی (Triglycerides)) و (کۆلسترۆڵ (Cholesterol))، لەش بڕی پێویستی کۆلسترۆڵ لە ڕێگەی جگەرەوە بەرهەمدێنێت و بڕێکیشی لە ڕێگەی ژەمە خۆراکی ڕۆژانەوە دەست دەکەوێت.

چەند شیکاریی چەوریەکانی خوێن هەن؟

شیکاری چەوریەکان بەگشتی چوار شیکاریی چەند جۆرێکی جیاواز چەوری دەگرێتەوە:

* ڕێژەی گشتی کۆلسترۆڵ (Total Cholesterol).

* کۆلسترۆڵی سوود بەخش (High-Density Lipoprotein (HDL))، کاریگەری ئەرێنی دەبێت و زیاد بوونی ئەم جۆرە لە چەوری پێویستە، چونکە مەترسیەکانی (LDL) کەمدەکاتەوە و کۆلسترۆڵی خراپ (Bad Cholesterol)ی ناو خوێن کۆدەکاتەوە دەیانبات بۆ جگەر.

* کۆلسترۆڵی زیان بەخش (مەترسیدار) Low-Density Lipoprotein (LDL) لە بۆریەکانی خوێندا دەنیشێت و دەبێتە هۆی گیرانی بۆریەکانی خوێن (Atherosclerosis)و مەترسی نەخۆشیەکانی دڵ زیاد دەکات .

* چەوری سیانی (Triglycerides) جۆرێکی تری چەوریە، کە لەش بڕی زیادەی وزە (Calories) دەگۆڕێت بۆ چەوری سیانی و پاشان لە خانە چەوریەکانی لەشدا (Fat Cells) پاشەکەوت دەکرێت.

کەی شیکاریی چەوریەکان پێویستە ئەنجام بدرێت؟

* پێویستە هەموو کەسێکی تەندروست بەر لە تەمەنی (٣٥ ساڵی)دووبۆ سێ ساڵ جارێک شیکاریی چەوریەکان ئەنجام بدات بۆ سەرو ئەو تەمەنەش بەلای کەمەوە ساڵی جارێک دەبێت ئەنجام بدرێت.

* بوونی نەخۆشیەکانی دڵ و سەکتە لە ئەندامێکی خێزاندا ، پاڵنەرە کە ساڵانە ئەندامانی تری خێزانەکە شیکاریی چەوریەکان ئەنجام بدەن تا بەدوور بن لە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ.

* لەکاتی بوونی نەخۆشیەکانی دڵ ، پێویستە چاودێری ڕێژەی چەوریەکان بکرێت.

* لەکاتی وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی کە بۆ دابەزاندنی ڕێژەی چەوریەکان بەکاردێن، بۆ چاودێریکردنی کاریگەری دەرمانەکان.

* هەندێک هۆکاریی لاوەکی هەن کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ڕێژەی چەوریەکان و پێویستە ئەو کەسانەی ماوەیەکی درێژ یەکێک یان زیاتر لەم هۆکارانەیان هەیە ساڵانە شیکاریی چەوریەکان ئەنجامبدەن وەک (بەرزە فشاری خوێن ، نەخۆشی شەکرە ، کێش زیادی و قەڵەوی ، جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولیەکان ، کەمی چالاکی ڕۆژانە و کەمی جوڵە ، خۆراکی ناتەندروسی، قەلەقی و فشاری دەروونی ، هەڵکشانی تەمەن و بوونی کێشە لە کاری ڕژێنی پەریزاد (غوودە) .

چی پێویستە بکرێت بەر لە شیکاریەکە؟

پێویستە بەر لە ئەنجامدانی شیکاریی چەوریەکان نزیکەی (١۲ بۆ ۱٤) کاتژمێر هیچ خواردن و خواردنەوەیەک نەخورێت (جگە لە ئاو) چونکە کاریگەری لەسەر ئەنجامی شیکاریەکە درووست دەکات ، باشترین کاتی ئەنجامدانی شیکاریەکە بەیانیان و بە دڵی خاڵی یە.

خۆپاراستن و چارەسەر:

* خواردنی خواردن و خواردنەوەی تەندروست و نەکێشانی جگەرە و نەخواردنەوەی خواردنەوە کحولیەکان.

* کەمکردنەوەی بەکارهێنانی شەکر و کۆنترۆڵکردنی شەکرە و فشاری خوێن.

* وەرگرتنی چارەسەری دەرمانی و زیادکردنی چالاکی ڕۆژانە و وەرزشکردن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشیەکانی دڵ.

* کەمکردنەوەی چەوری و خوێ و زیادکردنی سەوزە و میوە لە سیستمی خۆراکی ڕۆژەنەدا.

* وەرزشکردن .

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

بەرزی ڕێژەی چەوریەکان جگە لە (HDL) مەترسی توشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و سەکتەی لێ دەکرێت (بەرزی چەوریەکان بە گشتی هیچ نیشانەیەکی جەستەیی نییە تەنها بە شیکاریی خوێن دەردەکەوێت).