شیکاری فرمانی گورچیلە (Renal function tests):

گورچیلەکان دوو ئەندامی شێوە فاسۆلیان کە قەبارەیان نزیکەی مستێک دەبێت، دەکەونە بەشی خوارەوە و دواوەی قەفەسەی سنگ (خوار کۆتا پەراسوو).

گورچیلەکان چەندین فرمانی گرنگیان هەیە سەرەکیترینیان:

– ڕێکخستنی ڕێژەی ئاو و خوێ و کانزاکان….هتد.

– فڕیدانە دەرەوەی ئەو پاشماوانەی کە لە ئەنجامی کار و چالاکی ئاسایی خانەکانەوە دەچنە ناوخوێن گورچیلە لەشیان لێ پاکدەکاتەوە. لەکاتی بوونی هەر گرفتێک لەکاری گورچیلەدا دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی ئاو و ماددە زیانبەخشەکان لە لەشدا.

– هەروەها چەندین هۆرمۆن و پێکهاتە دەردەدات کە ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی هاوسەنگی لەش لەوانە (Erythropoietin (EPO))(Renin).

** بەهۆی گرنگی فرمانی گورچیلەوە چەندین شیکاریی تاقیگەیی هەن بۆ چاودێری کردنی کاری گورچیلە.

بۆچی شیکاری فرمانی گورچیلە ئەنجامدەدرێن؟

ئەنجامدانی شیکاریەکانی فرمانی گورچیلە یارمەتیدەرە بۆ چاودێری کردنی کار و تەندروستی گورچیلەکان و سوودیان لێوەردەگیرێت بۆ دەستنیشان کردنی چەندین نەخۆشی، کاتێک کەسێک نیشانەکانی سستی و لەکارکەوتنی گورچیلەی تێدا دەردەکەوێت پێویستە ڕاستەوخۆ شیکاری گورچیلەی بۆ ئەنجام بدرێت یان لەو کەسانەی نەخۆشی تریان هەیە کە کاریگەری لاوەکی دەکات لە کاری گورچیلەکان وەک بەرزی فشاری خوێن(High Blood Pressure) و شەکرە(Diabetes).

ئەو باروودۆخانەی کە مەترسین بۆ سەر گورچیلەکان:

– نەخۆشی شەکرە (Diabetes).

– نەخۆشی دڵ و بۆریەکانی خوێن (Cardiovascular Disease).

– قەڵەوی و کێش زیادی.

– بەرزی ڕێژەی کۆلسترۆڵ (Cholesterol).

– بەرزی فشاری خوێن.

– هۆکاری بۆماوەیی.

– زیاد بەکارهێنانی شەکر و خوێ لە ژەمە خوراکی ڕوژانەدا.

– خواردنی زۆری خوراکی دەوڵەمەند بە پرۆتین.

– خواردنی زۆری گۆشت.

– کەم خواردنەوەی ئاو.

نیشانەکانی لاوازی و بوونی گرفت لە گورچیلەکان:

– بوونی گرفت لەکاتی میزکردندا وەک (سووتانەوە ، ئازار ، تێکچوونی جارەکانی میزکردن ، هەستکردن خاڵی نەبوونەوەی میزەڵدان بەتەواوی).

– ئازاری بەشی خوارەوەی پشت لە خوار کۆتا پەراسوو.

– گۆڕانی ڕەنگی میز و بوونی خوێن و کەفکردن.

– کەمبوونەوەی ڕێژەی میز.

– ئاوسانی لەش (ژێر چاو و دەمووچاو، قاچ و پاژنە و مەچەک).

– بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

– ماندوێتی و بێزاری و تەمەڵی.

– دڵ تێکەڵاتن و ڕشانەوە (لەکاتی توندبوونی نەخۆشیەکە).

– کۆبوونەوەی ئاو لەلەشدا.

– هەناسە بڕکێ و ئازاری سنگ.

شیکاریەکانی فرمانی گورچیلە کامانەن؟

لەبەرئەوەی گورچیلە ئەندامێکی ئاڵۆز و فرەفرمانە ، چەندین شیکاری پەیوەندار بە کاری گورچیلەوە هەن کە هەریەکەیان بۆ بارودۆخێکی دیاریکراو سوودی لێوەردەگیرێت و بەشێک لە شیکاریەکان بە خوێن یان بە میز یان بە میزی ٢٤-کاتژمێر ئەنجام دەدرێت (کە بریتیە لە کۆکردنەوەی میز لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا و ئەنجامدانی شیکاریی بۆی) .

شیکاریە سەرەتاییەکان:

* ڕێژەی کریاتینین لە خوێندا (Serum Creatinine).

* ڕێژەی یوریا لە خوێندا (Blood Urea).

* شیکاری ڕێژەی گلوکۆز (Glucose).

* شیکاریی گشتی میز (Urinalysis).

شیکاریە دووهەمیەکان:

* شیکاری ڕێژەی خوێیەکانی لەش (Electrolytes)(پۆتاسیۆم، سۆديۆم، کلۆر).

* ڕێژەی توخمەکانی فۆسفۆڕ (Phosphorus)و کالیسیۆم (Calcium) لە خوێندا.

* شیکاری ئەلبۆمین (Albumin).

* ڕێژەی پرۆتین لە میزدا (Urine Protein).

شیکاریەکانی تری فرمانی گورچیلە وەک:

-Urea/Creatinine ratio.

-Estimated Glomerular Filtration Rate (eGFR).

-Creatinine Clearance.

-Albumin/Creatinine ratio(ACR)

-Protein/Creatinine ratio(PCR)

شیکاریە پەیوەندارەکان:

-Urine Culture.

-Kidney Stone Analysis.

-Urine Protein Electrophoresis.