شیکاریەکانی فرمانی جگەر (Liver Function Tests(LFT)):

شیکاریەکانی فرمانی جگەر(LFT) سوودیان لێوەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی بڕی ئەو پرۆتین و ئەنزیمانەی کەلەلایەن جگەرەوە بەرهەم دەهێندرێن لەم ڕێگەیەوە لە تەندروستی جگەر ئاگادار دەبین، هەرتێکچونێک لە بڕی پرۆتین و ئەنزیمەکاندا نیشانەی بوونی گرفتە لە کاری جگەردا، گرفتەکانی جگەر هەوکردن یان بەمۆم بوونی جگەر، گیرانی بۆری زراو، شێرپەنجەی جگەر، لەکارکەوتنی جگەر بەهۆی دەرمان و ژەهراوەبوون و خواردنەوە کهولیەکانەوە ، هتد. کە چەندین گرفتی کاتی یان درێژ خایەن تووشی جگەر دەکەن.

** شیکاریەکانی فرمانی جگەر کۆمەڵێک شیکاری دەگرێتەوە کە هەریەکەیان بۆ دەستنیشانکردنی بارێکی دیاریکراو سوودی لێوەردەگیرێت:

– شیکاری ((GPT)Alanine Transaminase (ALT)): ئەگەر جگەر بەباشی کار نەکات، بڕەکەی لە خوێندا زیاد دەکات و دەستنیشانکەرێکی باشی هەوکردنی لەناکاوی جگەرە ، ئەو کەسانەی کە تووشی گیرانی بۆری زراو یان بەمۆم بوونی جگەر بوون بڕی (ALT) یان کەمێک بەرزدەبێتەوە.

– شیکاری ((GOT)Aspartate Aminotransferase (AST)): بەرزی ڕێژەی (AST) ئاماژەیەکی باشە بۆ بوونی گرفت لە جگەر یان لە ماسولکەکاندا ، بەهەمان شێوەی (ALT) لەکاتی هەوکردن و بەمۆم بوونی جگەردا ڕێژەی (AST) زیاد دەکات، هەربۆیە شیکاریەکانی (AST)(ALT) پێویستە پێکەوە ئەنجامبدرێن ، هەروەها بڕی (AST) لەکاتی جەڵدەی دڵدا زیاد دەکات.

– شیکاری (Alkaline Phosphatase (ALP)): بەرزبوونەوەی بڕی (ALP) لە خوێندا دەکرێت بەهۆی گیرانی بۆری زراو یان نەخۆشی ئێسکەوە ڕووبدات ، لە هەندێک باری تایبەتی وەک دووگیانی یان منداڵدا لە قۆناغەکانی گەشەدا (بەهۆی گەشەی ئێسکەکانەوە) دەکرێت بڕی (ALP) زیاد بکات کە زیادبوونێکی ئاساییە.

– شیکاری (Bilirubin): بلیرۆبین (Bilirubin) پاشماوەیەکی کیمیاییە کە پاش تێکشکانی خرۆکە سوورەکان دروست دەبێت و لەلایەن جگەرەوە شیدەکرێتەوە و فڕێ دەدرێتە ناو پیساییەوە ، جگەری نەخۆش توانای شیکردنەوەی بەباشی نامێنێت و دەبێتە هۆی کەڵەکە بوونی بلیرۆبین (Bilirubin) لە لەشدا و زەردبوونی ژێر چاو پێست.

– شیکاری (Gamma-Glutamyl Transferase (GGT)): یارمەتیدەرە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری زیادبوونی بڕی (ALP) ، ئەگەر (GGT)(ALP) پێکەوە بەرزبوون نیشانەیە بۆ نەخۆشی جگەر و زراو ، ئەگەر تەنها (ALP) بەرزبێت و (GGT) ئاسایی بێت نیشانەیە بۆ بوونی گرفت لە ئێسکدا. لەوکەسانەی کە خواردنەوە کهولیەکان و هەندێک جۆری دەرمانی زیانبەخش بە جگەر زۆر بەکاردەبەن بڕی (GGT) لە بڕی ئاسایی زیاترە.

– شیکاری (Albumin)(Total Protein): یەکێک لە فرمانەکانی جگەر بەرهەمهێنانی پرۆتینە ئەم دوو شیکاریە سوودیان لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی بزانرێت بڕی بەرهەمهێنانی پرۆتینەکان لەلایەن جگەرەوە ئاساییە یان نا.

** شیکاریی فرمانی یان ئەنزیمەکانی جگەر پێکەوە سوودیان لێوەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی تەواوی گرفتەکانی جگەر هەربۆیە پێویستە پێکەوە ئەنجامبدرێن، هەندێک بارودۆخ هەن دەکرێت ببنە هۆی نائاسایی بوونی یەکێک یان زیاتر لە شیکاریەکان وەک (دووگیانی ، سووتان ، هەوکردنی تووند ، ڕەقبوونی ماسوولکەکان ، شیبوونەوەی خرۆکە سوورەکان، وشکبوونەوە) کە کاتین و پاش تێپەڕینی باروودۆخەکە ئەنجامی شیکاریەکە ئاسایی دەبێتەوە.

کەی شیکاریەکای فرمانی جگەر پێویستە ئەنجامبدرێت؟

– لەکاتی نەخۆشیەکانی جگەر یان چاندنی جگەر پێویستە چەند مانگ جارێک ئەنجام بدرێن.

– لەکاتی توشبوون هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی (Hepatitis C)(Hepatitis A)(HepatitisB.

– لەکاتی زیاد بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە زیانی لاوەکی هەیە بۆ جگەر ، باوترینیان وەک پاراستۆڵ (Paracetamol).

– لەکاتی ژەهراوەبوون.

– لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی جگەر کە باوترینیان زەردووییە (Jaundice).

– زۆر بەکاربردنی خواردنەوە کحولیەکان.

– بوونی گرفتی زراو و لابردنی زراو.

– لەکاتی بوونی نەخۆشیەکانی جگەر لە ئەندامێکی نزیکی خێزاندا.

– لەکاتی هەندێک باروودۆخی وەک (شەکرە ، بەرزی فشاری خوێن، کەم خوێنی بەردەوام ، بەرزی ڕێژەی چەوری سیانی).

فرمانەکانی جگەر:

– پاککردنەوەی خوێن لە ماددە زیانبەخشەکان و پاشماوەی دەرمان و ژەهر ، گۆڕينی پێکهاتەی ماددە زیانبەخشەکان بەلەش.

– پاشەکەوتکردنی کانزاکان و ڤیتامین و وزە.

– دروستکردنی چەندین پرۆتین و ئەنزیم و کۆلسترۆڵ و دەرداوی زراو و چەندین پێکهاتەی گرنگی تر.

– ڕێکخستنی سیستمی مەیاندنی خوێن و دروستکردنی هۆکارە یارمەتیدەرەکانی سیستمی مەیاندنی خوێن.

– گۆڕینی خۆراکە ماددەکان بۆ پاشاکەوت کردنیان یان فڕێدانە دەرەوەیان.

– یارمەتی ڕێکخستنی بڕی شەکرە و هۆرمۆنەکانی لەش دەدات.

نیشانەکانی تێکچوونی کار و فرمانی جگەر:

بەگشتی توشبوانی نەخۆشیەکانی جگەر لە سەرەتای توشبوونیاندا هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرناکەوێت، تا چەندساڵێک دواتر یان تا ئەوکاتەی نەخۆشیەکە زۆر توند دەبێت پاشان نیشانەکانی سەرهەڵدەدەن:

– ماندوێتی و بێهێزی.

– دڵ تێکەڵاتن و ڕشانەوە.

– زەردووی (Jaundice) زەردبوونی پێست و چاو.

– کۆبوونەوەی ئاو لە سکدا (Ascites).

– دابەزینی کێش.

– گۆڕانی ڕەنگی دەرهاویشتەکانی لەش (تۆخ بوونی ڕەنگی میز)(کاڵ بوونی ڕەنگی پیسایی).

– سکچوون.

– ئازاری سک.

– خوێن بەربوونی ناوەکی یان تۆپەڵ بوونی خوێن لەناو لەشدا.

– خورانی پێست بە جۆرێک ناتوانیت خۆت بگریت لە نەخوراندنی (Pruritus).

شیکاریە پەیوەندارەکان:

– شیکاری ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر (Hepatitis A, B, C).

– شیکاریەکانی (Copper)(Cerulosplasmin).

– شیکاریەکانی (ANA)(SMA)(anti-LKM).

– شیکاری شیرپەنجەی جگەر (AFP).

– شیکاری کاتی مەینی خوێن (INR)(Prothrombin Time(PT)).