شیکاری ئەنزیمی لایپەیز(Lipase):

شیکاریی ئەنزیمی (Lipase) سوودی لێوەردەگیرێت بۆ دیاریکردنی ڕێژەی ئەنزیمی لایپەیز (Lipase) لە خوێندا، ئەنزیمی لایپەیز(Lipase) پرۆتینێکی تایبەتە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن پەنکریاسەوە دەردەدرێت. بڕێکی کەمی نەبێت لە ناو دەم و گەدە و هەندێک لە شانە و ئەندامەکانی کۆئەندامی هەرسەوە بەرهەمدێت، بەشێوەیەکی ئاسایی بڕێکی کەم لە ئەنزیمەکە لە خوێندا هەیە، تێکچوونی بڕی ئەنزیمی (Lipase) لەخوێندا نیشانەیە بۆ چەندین نەخۆشی و تێکچوونی فرمانی پەنکریاس.

پەنکریاس(Pancreas) ئەندامێکی بچووکە دەکەوێتە نێوان گەدە و بڕبڕەی پشت چەندین فرمانی گرنگی هەیە وەک دەردانی هۆرمۆنی ئینسۆلین (Insulin) و ئەنزیمەکانی لایپەیز(Lipase) و ئەمایلەیز(Amylase) هتد.. لە ڕێگەی کەناڵێکەوە دەردراوەکانی دەڕژێتە ناو ڕیخۆڵەی دوانزەگرێ، لەکاتی هەوکردن یان بەرکەوتنی هەرزەبرێک کە کار لە فرمانی پەنکریاس بکات، دەبێتە هۆی تێکچوونی بڕی دەردانی دەردراوەکانی.

لایپەیز(Lipase) یەکێکە لەو ئەنزیمانەی کەلەلایەن پەنکریاسەوە دەردەدرێت ئەنزیمی(Lipase) یارمەتی هەرسکردنی ئەو چەوریانە(Fats) دەدات کە لەڕێگەی خواردنەوە دەخورێن و دەیانگۆڕێت بۆ ترشەچەوری (Fatty Acid) تا ئاسان هەڵبمژرێن لەلایەن ڕیخۆڵەکانەوە.

كەی شیکاریی (Lipase) پێویستە ئەنجامبدرێت؟

* لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەی نەخۆشیەکانی پەنکریاس وەک هەوکردنی پەنکریاس (Pancreatitis)، پێویستە شیکاری ئەنزیمی لایپەیز (Lipase) ئەنجامبدرێت. نیشانەکان:

– ئازاریی توندی سک یان پشت.

– تالێهاتن.

– چەوربوونی پیسایی.

– نەمانی ئارەزووی خواردن.

– دڵتێکەڵاتن بەبێ ڕشانەوە.

– دابەزینی کێش.

– دڵ پەلەپەل کردن.

* لەدوای وەرگرتنی چارەسەری شیکاری لایپەیز (Lipase) بەکاردێت بۆ چاودێری کردنی کاریگەری چارەسەریەکە.

** پێویستە هاوکات لەگەڵ شیکاری لایپەیز(Lipase) شیکاری ئەنزیمی ئەمایلەیز (Amylase) ئەنجامبدرێت بۆ دەستنیشانکردنی بارودۆخی پەنکریاس، و دیاریکردنی هۆکاری نائاسایی بوونی لایپەیز (Lipase).

ئەنجامی شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

* زیاد بوونی لەناکاوی بڕی ئەنزیمی (Lipase) لە خوێندا (٥ بۆ ١٠) بەرامبەری ڕێژەی ئاسایی خۆی بەهۆی هەوکردنی لەناکاو و توندی پەنکریاس(Acute Pancreatitis) یان گیرانی کەناڵی پەنکریاسەوە دەبێت.

* ئەگەر ئەنجامی شیکاریەکە زیاتر بوو کە ڕێژەی ئاسایی خۆی (زیادبوونێکی مامناوەند) دەکرێت نیشانەبێت بۆ (گرفتی تەندروستی گەدە، بەرد و هەوکردنی زراو، گیرانی ڕیخۆڵەکان و برینداربوونیان، حەساسیەت بە گەنم (Celiac Disease)، هەڵئاوسانی زراو و ڕیخۆڵەکان، شێرپەنجەی پەنکریاس، هەوکردن جگەر و لەکارکەوتنی گورچیلە، زیاد بەکاربردنی خواردنەوە کهولیەکان، هەندێک جۆری دەرمان وەک هەندێک لە ئازار شکێنەکان).

* کەمی بڕی ئەنزیمەکە لە خوێندا، نیشانەیە بۆ لەکارکەوتنی خانەکانی پەنکریاس، هەندێک هۆکار کە کاریگەریان لەسەر کاری پەنکریاس هەیە لەوانە، هەوکردنی درێژخایەنی پەنکریاس(Chronic Pancreatitis) کە خانەکانی پەنکریاسی لە کار خستووە یان (Cystic Fibrosis).