شیکاری هۆرمۆنی (Testosterone):

شیکاریەکی خوێنە سوودی لێوەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی هۆرمۆنی (Testosterone)، کە بە هۆرمۆنی نێرینە ناسراوە و یەکێکە لە کۆمەڵەی سێکس هۆرمۆنەکان و چەندین فرمانی گرنگی هەیە، لە هەردوو ڕەگەزدا بە ڕێژەی جیاواز دەردەدرێت، لەپیاوان دا لەلایەن گوونەکانەوە لە خانەکانی (Leydig Cells) و لە ئافرەتان دا لەلایەن هێلکەدان، و هەروەها ڕژێنی سەر گورچیلە (لە هەردوو ڕەگەزدا) دەردەدرێت، بەڵام ڕێژەکەی لە ئافرەتان دا زۆر کەمترە.

بەشێوەیەکی ئاسایی ڕێژەی دەردانی هۆرمۆنی (Testosterone) کەوتۆتە ژێر کاریگەری هۆرمۆنی (LH) کە لەلایەن ژێرمێشکە ڕژێنەوە دەردەدرێت، بە دەردان و زیاد بوونی ڕێژەی (Testosterone) وەک و کاردانەوەیەکی فیسیۆلۆجی جەستە بەرهەمهێنانی (LH) کەم دەکاتەوە وە بە کەمبوونەوەی (Testosterone) دووبارە هاندانەکە دەست پێدەکاتەوە لەش هاوسەنگی نێوانیان ڕادەگرێت.

ئاسایی ڕێژەی (Testosterone) لە بەیانیاندا بەرزە و بە درێژای ڕۆژ وردە وردە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، هەروەها پاش وەرزش کردن بڕەکەی زیاد دەکات.

شێوە و ڕۆڵی هۆرمۆنەکە:

هۆرمۆنی (Testosterone) لە لەشدا بە دوو شێوەی سەرەکی هەیە، بە شیوەی سەربەست یان بە شێوەی بەندبوو بە پرۆتینەکانەوە (SHBG & Albumin)، شیکاری هۆرمۆنەکە بە دوو شێوەدەکرێت.

* شیکاری (Free Testosterone): بڕی بەشە سەربەستەکە لە خوێن دا دیاریدەکات.

* شیکاری (Total Testosterone): کۆی بڕی هەردوو بەشە (سەربەست و پێوەبەندبوو بە پرۆتینەکانەوە) دیاریدەکات.

هۆرمۆنی (Testosterone) ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشە جەستەیی و فیسیۆلۆجیەکان لە ڕەگەزی نێر دا دوای باڵقبوون (گەشەکردن و گەورەبوونی ماسولکەکان، زیادبوونی مووی لەش (سنگ بە تایبەتی) و گڕبوونی دەنگ، گەشەکردنی تەواوی گونەکان و چووک، هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر گەشەی ئێسک و خرۆکە سورەکان) و یارمەتی گەشەکردنی تۆوەکان و زیادبوونی ئارەزووی سێکسی و توانای ڕەپبوون، کاریگەری لەسەر جێگیری باری دەروونی هەیە.

لە ئافرەتان دا یارمەتیدەرە لە هاوسەنگی هۆرمۆنەکان و ڕێکخستنی فرمانە جەستەییەکان (بەڵام بە بڕێکی کەم)، دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ (Estradiol) کە هۆرمۆنێکی سەرەکییە لە ئافرەتان دا.

کەی و بۆچی شیکاری (Testosterone) ئەنجامدەدرێت:

– لەکاتی بوونی گرفتەکانی وەک (منداڵ نەبوون، نەمانی توانای ڕەپبوون و ئارەزووی سێکسی، دواکەوتن یان پێشکەوتنی باڵقبوون و ناڕێکی سوڕی مانگانە، زیادبووی مووی لەش لە ئافرەتان دا…. هتد).

– لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی کەمبوون (بەتایبەت لە پیاوان دا) یان زیادبوونی ڕێژەی هۆرمۆنەکە (لە ئافرەتان دا)، دەکرێت شیکاری هۆرمۆنی (Testosterone) ئەنجام بدرێت .

نیشانەکانی کەمی هۆرمۆنەکە لە پیاوان دا:

* کەمی چڕی مووی لەش.

* ماندوێتی و بێتاقەتی و نەمانی تەرکیز.

* لاوازی و بچووکی ماسولکەکان.

* نەبوونی ووزە و تاقەتی جووڵە.

* کەمی ژمارەی تۆوەکان و لاوازی توانای وەچەخستنەوە.

* نەمانی ئارەزووی سێکسی و (کەمبوونی جارەکانی سێکسکردن).

* گەورەبوونی مەمک(Gynecomastia).

* نەمانی توانای ڕەپبوونی چووک یان (کورتی ماوەی ڕەپبوونەکە).

* لاوازی ئێسک (باریک بوونی ئێسک).

کەمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە لە ئافرەتان دا:

* بوونی گرفتی دووگیانبوون.

* نەمانی ئارەزووی سێکسی.

* ناڕێکی سوڕی مانگانە یان (وەستانی سوڕەکە مانگەومانگ).

* وشکی ئەندامی زاوزێ.

* لاوازی ئێسکەکان.

نیشانەکانی بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە لە ئافرەتان دا:

* پەڵە پەڵەبوونی پێست (پەڵەی ڕەش).

* بوونی زیپکە (عازەبە) و چەوربوونی پێست.

* دەنگ گڕبوون.

* زیادبوونی مووی لەش و بەتایبەتی ڕوخسار (Hirsutism).

* ڕووتانەوەی قژ.

* ناڕێکی سوڕی مانگانە یان (وەستانی سوڕەکە مانگەومانگ).

* بچووکبوونەوەی مەمک.

* زیادبوونی کێش.

– لە منداڵان و هەرزەکاران دا:

دەکرێت شیکاری (Testosterone) لە منداڵی کوڕدا ئەنجامبدرێت لەکاتی پێشکەوتن یان دواکەوتنی قۆناغەکانی باڵقبوون و گەشە جەستەیی و فسیۆلۆجیەکانی قۆناغەکە.

– بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی بەشی (Hypothalamus) ی مێشک و ژێرمێشکەڕژێن (لەهەموو ڕەگەز و تەمەنێک دا).

ڕێژەی ئاسایی هۆرمۆنەکە:

ڕێژەی ئاسایی شیکاریەکە بەپێی (ڕەگەزو تەمەن) گۆڕانی بەسەردادێت، کە بەشێوەیەکی ئاسایی لە منداڵی دا ڕێژەی هۆرمۆنەکە زۆر کەمە و لە قۆناغەکانی سەرەتای باڵقبوون دا ڕێژەکەی بەرەو زیادبوون دەچێت پاشان لە دوای تەمەنی (٤٠) ساڵی وردە وردە ڕێژەکەی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.

Male:

1-5 years: 0.02-0.2 ng/ml

6-9 years: 0.03-0.3 ng/ml

20-49 years: 2.49-8.36 ng/ml

>50 years: 1.93-7.40 ng/ml

Female:

1-5 years: 0.02-0.1 ng/ml

6-9 years: 0.02-0.2 ng/ml

20-49 years: 0.08-0.48 ng/ml

>50 years: 0.029-0.40 ng/ml

کارتێکەرە لاوەکیەکان:

چەندین هۆکاری لاوەکی هەن کە کاریگەری ناڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ڕێژەی هۆرمۆنی (Testosterone) و چالاکیەکانی لەوانە:

* نەخۆشیەکانی جگەر و خواردنەوە کهولیەکان.

* نەخۆشیەکانی پرۆستات یان شێرپەنجەی پرۆستات و ئەوچارەسەریانەی کە بۆی بەکاردێن.

* چەندین جۆری دەرمان بە تایبەت (Steroids)(Anticonvulsants)(Estrogen)(Androgen) …هتد

* جۆری خۆراک و ڕێجیم کردن و چالاکی ڕۆژانە.

* فشاری دەروونی.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

لێکدانەوەی مانای شیکاریەکە بەپێی ڕەگەز و تەمەن و باری تەندروستی نەخۆشەکە جیاوازە، بۆیە باشترە بۆ لێکدانەوەی ئەنجامی شیکاریەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.

لە پیاوان دا:

* بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت نیشانەبێت بۆ شیرپەنجەی (گونەکان یان ڕژێنی سەرگورچیلە).

* کەمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت مانای ناڕێکی کاری بەشی (Hypothalamus) ی مێشک و ژێرمێشکە ڕژێن یان بوونی ناتەواوی جینی وەک (Klinefelter, Kallman) یان لاوازی گونەکان بەهەر هۆکارێک بێت وەک (خواردنەوە کهولیەکان، هەوکردنی ڤایرۆسی وەک (Mumps)، بەرکەوتنی زەبر)، نەخۆشی درێژخایەن وەک (شەکرە).

لە ئافرەتان دا:

* بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت بەهۆی بوونی کیسی هێلکەدانەوە بێت (PCOS)، یان بەهۆی بوونی (شێرپەنجەی هێلکەدان یان ڕژێنی سەرگورچیلە) یان (Congenital Adrenal Hyperplasia).

* کەمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە لە ئافرەتاندا ئاساییە بەڵام ئەگەر کەمی هۆرمۆنەکە زیاد لە ڕادە بوو دەکرێت نیشانەبێت بۆ ناڕێکی کاری ژێرمێشکە ڕژێن.

لە منداڵان و تازە پێگەیشتواندا:

* بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت نیشانەبێت بۆ (شیرپەنجەی گونەکان یان ڕژێنی سەرگورچیلە) یان (Congenital Adrenal Hyperplasia)، لە کوڕان دا دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ زوو باڵقبوون.

* کەمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە لە کوڕاندا دەکرێت بەهۆی ناتەواوی گونەکانەوە بێت وەک (گەشەنەکردن یان بەرکەوتنی زەبر) کەئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی باڵقبوون (گەشە نەکردن و دەرنەکەوتنی مووی لەش و لاوازی گەشەی ماسولکەکان).

شیکاریە پەیوەندارەکان:

– SHBG.

– Follicle-Stimulating Hormone (FSH).

– Luteinizing Hormone (LH).

– Estradiol.

– DHEAS.

– Prolactin.

– 17-Hydroxyprogesterone.

– Androstenedione.

– Semen analysis.