شیکاری(PCT):

پرۆکالسیتۆنین (Procalcitonin):

ئەم شیکاریە بڕی پرۆکالسیتۆنین(Procalcitonin) لە خوێن دا دیاریدەکات، کە پێکهاتەیەکی کیمیاییە لەلایەن بەشێکی زۆر لە خانەکانی لەشەوە دەردەدرێت لە کاردانەوەیان بۆ هەوکردن بە بەکتریا، هەندێک جاریش لەکاتی برینداربوونی تووندی شانەکانی لەش هەمان پێکهاتە دەردەدرێت، دەستنیشانکردنی بڕی (Procalcitonin) زۆر گرنگە بۆ دیاریکردن و چاودێریکردنی هەوکردنی بەکتریایی و (Sepsis).

لەکاتی بوونی هەوکردنی بەکتریایی بڕی (Procalcitonin) زیاددەکات.

گرنگیەکانی شیکاریی (Procalcitonin):

* شیکاری (Procalcitonin) یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دەستنیشانکردنی سێپسس (Sepsis) و هەوکردنی تووندی بەکتریایی وەک هەوکردنی پەردەی مێشک(Meningitis)، هەوکردنی سییەکان(Pneumonia) بە هۆی بەکتریاوە، بەر لە تەشەنەکردنی نەخۆشیەکە و لە قۆناغەکانی سەرەتایی تووشبوندا کە دەکرێت چارەسەری زۆر ئاسانتربێت، دەستنیشانکردنی زووبەزووی هەوکردنی بەکتریایی زۆر گرنگە تا نەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە و بە زوویی دژەبەکتریایی دروست دیاریبکرێت بۆ نەخۆش و بەدوور بێت لە بەکارهێنانی دەرمان و دژەبەکتریایی نادروست (کە ئەمە لەلایەک زیان بە تەندروستی نەخۆش دەگەیەنێت لەلایەکی دی دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرگری بەکتریاکان بۆ دژەبەکتریاکان و بێ کەڵک بوونی دژەبەکتریاکان).

*هەروەها یارمەتیدەرە لە دەستنیشانکردنی تووندی هەوکردنەکە و جیاکردنی هەوکردنی بەکتریایی لە هەوکردنی ڤایرۆسی و هەوکردنەکانی تر، کە دەکرێت نیشانەکانی هاوشێوەبن لە کەسی تووشبوودا، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئایا دژەبەکتریا پێویستە بەکاربهێنرێت یاخود نا.

* سوودی لێوەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنی گورچیلە و میزەڕۆ لە منداڵ دا.

* سوودی لێوەردەگیرێت بۆ چاودێری کردنی کاریگەری چارەسەری و دژەبەکتریاکان لەسەر نەخۆشیەکە.

* دەستنیشانکردنی هەوکردنی بەکتریایی پاش نەشتەرگەری و زیانبەرکەوتنی شانەکان.

** گرنگی شیکاری (PCT) لەوەدایە کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی هەوکردنی تووند بەهۆی بەکتریاوە بە چەند کاتژمێرێک (٣ بۆ ٦ کاتژمێر) ڕێژەی (PCT) بەرەو زیادبوون دەچێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دیاریکردنی زووبەزووی هەوکردنەکە و زووچارەسەر کردنی، وە لە پاش وەرگرتنی چارەسەری ڕاستەوخۆ ڕێژەکەی بەرەو دابەزین دەچێت (ئەمەش کاریگەری دژە بەکتریاکەمان بۆ دەردەخات) ئەگەر ئەو دژە بەکتریایەی بەکاردێت کاریگەری هەبێت ئەوا پاش ٢٤ کاتژمێر ڕێژەی (PCT) ڕاستەوخۆ دادەبەزێت.

سێپسس (Sepsis) چییە؟

سێپسس (Sepsis) بریتەییە لە کاردانەوەی لەش بۆ هەوکردنێکی تووند و بڵاوبوونەوەی بە لەش دا، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە هەوکردنێکی تووند لە بەشێکی لەش دا هەبێت و تەشەنە بکات پاشان بڵاوببێتەوە بە خوێن دا.

بە شێوەیەکی ئاسایی کاتێک هەوکردن لە بەشێک یان ئەندامێک یان بەشێکی ئەندامێکی لەش دا سەرهەڵدەدات، سیستمی بەرگری لەش کاردانەوەی دەبێت بۆ سەر ئەو بەشەی تووشی هەوکردنەکە بووە، لە هەندێک باردا دەکرێت هەوکردنەکە تووند ببێت و بە هەموو لەشدا بڵاوببێتەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سیستمەبەرگری لەش کاردانەوەی تووندی دژ بە هەوکردنەکە هەبێت، ببێتە هۆی دەرکەوتنی چەندین نیشانە(کە دواتر باس دەکرێن) و تێکچوونی باری تەندروستی کەسەکە، وە ئەگەر بەزووی چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی خراپ بوونی بەردەوامی حاڵەتەکە و هەندێک جار مردن.

*ئەوکەسانەی مەترسی توشبوون بە سێپسسیان لەسەرە بە گشتی بریتین لە منداڵی تازە لەدایک بوو، ئافرەتی دووگیان، هەڵگرانی نەخۆشی درێژخایەنەکان وەک شەکرە.. ، ئەوکەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە یان لاوازکراوە، ئەوکەسانەی کە لە قۆناغەکانی سەرەتایی هەوکردن دا چارەسەر وەرناگرن پشتگوێی دەخەن.

* بەگشتی هەوکردنی پێست، سییەکان، گورچیلە و میزەڕۆ و کۆئەندامی هەرس ئەگەری زیاتریان هەیە بۆ گەشەسەندن و سەرهەڵدانی سێپسس.

*دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی ئەندامێک یان شانەیەک نەتوانێت فرمانی ئاسایی خۆی جێ بەجێ بکات و گرفتی تەندروستی دروست دەکات.

کەی شیکاری (Procalcitonin) پێویستە ئەنجامبدرێت؟

* لەکاتی دەرکەوتنی نیشانە باوەکانی هەوکردن و سێپسس پێویستە شیکاری (Procalcitonin) لەگەڵ شیکاریە پەوەندارەکان دا ئەنجامبدرێت، کە نیشانەکانیش بریتین لە:

– لەرز و تا.

– ئارەقکردنەوە و میز کەمکردن.

– بێتاقەتی و ئازار.

– زیادبوونی لێدانی دڵ (دڵ پەلەپەل کردن) و دابەزینی فشاری خوێن.

– هەناسەکورتی.

– دڵتێکەڵهاتن.

* بۆ جیاکردنەوەی هەوکردنی بەکتریایی لە هەوکردنەکانی تر، و پاش پێدانی چارەسەری (دژەبەکتریا) پێویستە شیکاری (Procalcitonin) ئەنجامبدرێت.

* بۆ چاودێریکردنی ئەوکەسانەی کە چاندنی ئەندامیان بۆکراوە(جگەر، گورچیلە…هتد)، بۆ ئاگادار بوون لە بارودۆخی ئەندامەکە و هەرهەوکردنێکی بەکتریایی لەناکاو.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

* نزمی یان زیادبوونی کەمی بڕی پرۆکالسیتۆنین لەو کەسانەی نیشانەکانی هەوکردنیان تێدادەرکەوتووە مانای وایە نیشانەکان بەهۆی هەوکردنی بەکتریاییەوە نییە و دەکرێت بەهۆی هەرهەوکردنێکی ترەوەبێت وەک هەوکردنی ڤایرۆسی یان بەهۆی هەوکردنی گورچیلە لەمنداڵ دا، هەروەها مانایی وایە هەوکردنەکە هێشتا هەوکردنێکی کەمە و تەشەنەی نەکردووە. (بەڵام پێویستە کەسەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە چاودێری بکرێت بۆ کۆنترۆڵکردن و تەشەنە نەکردنی هەوکردنەکەی).

* بەرزی ئەنجامی شیکاریەکە مانایی بوونی هەوکردنی بەکتریایی تووند دەگەیەنێت وەک (Meningitis)، یان بوونی سێپسس یان مەترسی سەرهەڵدانی سێپسس و تووندتربوونی حاڵەتەکەیان لێدەکرێت.

* دابەزینی بڕی پرۆکالسیتۆنین پاش ماوەیەکی کەم لە وەرگرتنی چارەسەری دەکرێت ڕووبدات، کە مانایی سوودبینین لە دەرمان و دژەبەکتریاکانە (چونکە بڕی پرۆکالستۆنین بە ماوەیەکی کەم لە خوێندا دادەبەزێت ڕاستەوخۆ دوای وەرگرتنی چارەسەری).

هۆکارە کارتێکەرەکان:

هەندێک هۆکاری دیکە هەن دەکرێت ببنە هۆی زیادبوونی کەم لە بڕی پرۆکالسیتۆنین دا بەدەر لە هەوکردنی بەکتریایی کە دەکرێت هەندێک جار لەم بارانەشدا سوود لە شیکاری (PCT) وەربگیرێت بۆ چاودێریکردنی تەندروستی نەخۆشەکە، لەوانە:

* سووتان و برینداربوونی قورس.

* نەشتەرگەری و تێکشکانی شانەیی.

* هەوکردنی پەنکریاس (Pancreatitis).

* بەرکەوتنی زەبر بە ماسولکەکانی دڵ وەک جەڵدەی دڵ.

* هەوکردنی گورچیلە لە منداڵ دا.

* ڕەتکردنەوەی لەناکاوی ئەندامی چێندراو لەلایەن جەستەوە.

شیکاریە پەیوەندارەکان:

– C-reactive protein (CRP).

– Cultures (e.g., blood culture, urine culture).

– Complete blood count (CBC).

– Cerebrospinal fluid (CSF) analysis.

– Blood gases.

– Lactate.

– Comprehensive metabolic panel (CMP).

– Prothrombin time (PT) & (INR).

– Partial thromboplastin time.