شیکاری(Beta-2 microglobulin):

ئەم شیکاریە بریتییە لە پیوانەکردنی پرۆتینی (Beta-2 microglobulin) لە خوێن، میز و هەندێک جار شلەی مێشک و دڕکەپەتک(Cerebrospinal Fluid (CSF)) دا، ئەم پرۆتینە بە شێوەیەکی ئاسایی لەسەر ڕوویی بەشێکی زۆر لە خانەکانی لەش هەیە (هەر خانەیەک کە ناوکی هەبێت)، لە کەسێکی ئاساییدا بڕێکی کەم لە پرۆتینەکە لە خوێن دا هەیە و لە میز و شلەی مێشک و دڕکەپەتک دا نییە یان هێندە کەمە لەبەرچاو ناگیرێت.

هەندێک باردۆخی تایبەت هەن کە دەبنە هۆی زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە وەک ((ئەو حاڵەتانەی کە دەبنە هۆی لەناوچوونی زۆری خانە و دروست بوونی خانەی نوێ، یان لە ئەنجامی چالاکی زۆری سیستمی بەرگری لەش بەتایبەت لەلایەن خانەکانی (B Lymphocytes) و لە هەندێک جۆری شێرپەنجەی خوێن، هەوکردنی ڤایرۆسی تووند و درێژخایەن، نەخۆشی (Multiple Sclerosis)، هەوکردنی جومگەکان و نەخۆشی گورچیلە)) دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە لە خوێن یان میز و شلەی مێشک و دڕکەپەتک دا.

بە گشتی شیکاری پرۆتینەکە بۆ چاودێریکردن یان(دەستنیشانکردن)ی شێرپەنجە وەک (Tumor Markers) و چەند مەبەستێکی تر سوودی لێوەردەگیرێت، (Tumor Markers) پێکهاتەیەکە کە لەلایەن ((خانە شێرپەنجەییەکان یان خانە ئاساییەکان لە وەڵامدانەوەیان بۆ تەشەنەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان))ەوە دەردەدرێت، وە ئەم پێکهاتەیە تێکەڵ بە خوێن (شلەکانی لەش) دەبێت و شیکاری بۆ دەکرێت.

بۆچی شیکاری (Beta-2 microglobulin) ئەنجامدەدرێت؟

بە گشتی شیکاری (Beta-2 microglobulin) بۆ چەند مەبەستێک ئەنجام دەدرێت:

١- لەو کەسانەی کە تووشی یەکێک لە شێرپەنجەکانی خوێن یان مۆخ بوون وەک (Multiple Myeloma)(Lymphoma)یان(Leukemia) پێویستە شیکاری (Beta-2 microglobulin) بە خوێن و میز و هەندێک جار شلەی مێشک و دڕکەپەتک ئەنجامبدرێت:

* بۆ چاودێریکردن و دیاریکردنی تووندی و بڵاوبوونەوە و پلەی شێرپەنجەکە.

* بۆ چاودێریکردنی گەشەکردن و خێرایی تەشەنەکردنی شێرپەنجەکە.

* پاش وەرگرتنی چارەسەری بۆ چاودێریکردنی کاریگەری چارەسەریەکە.

* شیکاری (Beta-2 microglobulin) بۆ شلەی مێشک و دڕکەپەتک (CSF) هەندێک جار پێویستە ئەنجامبدرێت بۆ چاودێری کردنی تەندروستی مێشک و دڕکەپەتک و بەدیارخستنی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەکە کاریگەریەکانی ئایا گەشتووە بە مێشک یاخود نا، بەرزی بڕی پرۆتینەکە لە شلەی مێشک و دڕکەپەتک دا مانای بڵاوبوونەوە ی شێرپەنجەکە و گەیشتنی بە مێشک و دڕکەپەتک دەگەیەنێت.

** شیکاری (Beta-2 microglobulin) بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی شێرپەنجە دەکرێت سەرەتا بە خوێن و پاشان بە میزی کۆکراوەی (٢٤ کاتژمێر) یان شلەی مێشک و دڕکەپەتک ئەنجامبدرێت.

** شیکاری پرۆتینی (Beta-2 microglobulin) بەگشتی بۆ چاودێریکردنی گەشە و تووندی و پلە و خێرایی تەشەنەکردن شێرپەنجەکە سوودی لێ وەردەگیرێت، نەک وەک دەستنیشانکەرێکی نەخۆشی شێرپەنجە.

بۆ نمونە کاتێک کەسێک دەستنیشانی حاڵەتەکەی کراوە و تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی وەک (Multiple Myeloma) بووە دەتوانرێت سوود لە شیکاری (Beta-2 microglobulin) ببینرێت بۆ چاودێری کردنی باروودۆخ و تووندی و گەشەسەندن و پلەی شێرپەنجەکە یان کاریگەریی چارەسەریەکە لەسەری.

٢- بەمەبەستی چاودێری کردنی تەندروستی گورچیلە و لاوازبوونی لەوکەسانەی نەخۆشی گورچیلەیان هەیە ئەنجامدەدرێت:

لە کەسێکی ئاساییدا بەشی زۆری پرۆتینەکە لە ڕێگەی پاڵاوتنی گورچیلەکانەوە دەکرێتە دەرەوە لە (Glomerular Filtration) پاشان لە ڕێگەی (Proximal Tubules) هەڵدەمژرێتەوە بۆناوخوێن، زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە لە میزدا مانای لاوازبوونی توانای هەڵمژینەوەی گورچیلەکان دەگەیەنێت.

٣- لە هەندێک جۆری نەخۆشی ڤایرۆسی تووند و درێژخایەندا وەک ئایدز (HIV) ئەنجام دەدرێت بۆ چاودێڕی کردنی نەخۆشیەکە ئایا گەیشتووە بە شلەی مێشک و دڕکەپەتک یاخود نا.

٤- لە کەسانی تووشبوو بە (Multiple Sclerosis) کە نەخۆشیەکی مێشک و دەمارە.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

کەمی بڕی پرۆتینەکە لە خوێندا ئاساییە و لە میز و شلەی مێشک و دڕکەپەتک دا دەکرێت هەر نەبێت یان هێندە کەم بێت لەبەرچاونەگیرێت.

* ئەگەر شیکاریەکە بە مەبەستی چاودێری کردنی شێرپەنجە و پلە و هەنگاوەکانی گەشەی شێرپەنجەکە ئەنجامدرابوو؛ (بەرزی بڕی پرۆتینەکە تووندی و تەشەنەکردن و قۆناغی شێرپەنجەکە دیاری دەکات، بەرزی بڕی پرۆتینەکە مانای چالاکی و تەشەنەکردنی شێرپەنجەکە دەگەیەنێت).

* ئەگەر بە مەبەستی چاودێری کردنی چارەسەری شێرپەنجەکە ئەنجامدرابوو:

– زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە مانای سوود نەبینین لە چارەسەریەکە و بڵاوبوونەوەی زیاتری شێرپەنجەکە دەگەیەنێت.

– کەمبوونەوە و دابەزیینی بڕی پرۆتینەکە مانای سوودبینین لە چارەسەریەکە دەگەیەنێت.

– کەمبوونەوە و دابەزینی بڕی پرۆتینەکە و پاشان زیادبوونی پاش ماوەیەک مانای سەرهەڵدانەوەی شیرپەنجەکە دەگەیەنێت و دەبێت دووبارە چارەسەربکرێت.

– جێگیربوونی بڕی پرۆتینەکە مانای جێگیربوون و کۆنترۆڵ کردنی شێرپەنجەکە دەگەیەنێت (بەڵام هێشتا بنەبڕ نەکراوە).

* زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە لە میزدا مانای تێکچوونی فرمان و لاوازبوونی توانای پاڵاوتن و هەڵمژینەوەی گورچیلەکان دەگەیەنێت (گورچیلە توانای هەڵمژینەوەی ماددەکانی لاوازبووە).

* بەرزی بڕی پرۆتینەکە لە شلەی مێشک و دڕکەپەتک دا مانای بوونی کێشەی تەندروستی وەک نەخۆشی (Multiple Sclerosis) دەگەیەنێت، یان بەهۆی نەخۆشی ڤایرۆسی تووند و درێژخایەنی وەک (AIDS) سەرهەڵدەدات، یان مانای بڵاوبوونەوە و گەیشتنی خانە شێرپەنجەییەکانی خوێنە بە شلەی مێشک و دڕکەپەتک.

هۆکارەکانی زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە:

هەندێک هۆکار دەبنە هۆی زیادبوونی بڕی پرۆتینکە بەدەر لە شێرپەنجە، وەک:

– هەرهۆکارێک ببێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردن و نوێبوونەوەی خانەکان.

– نەخۆشی تووندی ڤایرۆسی وەک (CMV)(HIV).

– بوونی چالاکی زۆری سیستمی بەرگری لەش بە هەرهۆکارێک بێت، وەک (هەوکردنی تووند و نەخۆشیەکانی سیستمی بەرگری لەش (Autoimmune)).

– ئەگەر بۆریچکەکانی گورچیلە لاوازبن و توانای هەڵمژینەوەی پرۆتینەکە لەدەست بدەن دەبێتە هۆی زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە لە میزدا.

– دەرمانەکانی وەک (Lithium, Cyclosporine, Cisplatin, Carboplatin, and Aminoglycoside antibiotics) دەبنە هۆی زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە لە خوێن و میزدا.