شیکاری بەردی(گورچیلە)(Renal Stone Analysis):

گورچیلە ئەندامێکی شێوە فاسۆلیاییە کە کرداری فڕێدانی ئاوی زیادە و پاڵاوتنی پاشماوە کیمیاییەکانی ناو خوێن دەکات ، وە میزیان لێپێکدێنێت ، بەردی گورچیلە دروست دەبێت کاتێک پێکهاتە کریستاڵیە بچووکەکان دەلکێن پێکەوە و چەندین قەبارە و شێوەی جیاواز لە بەرد پێکدێنن ، دەکرێت بچووک هێندەی تەنۆلکە لمێک یان گەورە هاوتای تۆپێکی تێنس ببێت.

بە ڕێژەی ١٣٪ ی پیاوان و ٧٪ ی ژنان دەکرێت دوچاری دروستبوونی بەردی گورچیلە ببن ، لە ۸۰٪ ی بەردەکانی گورچیلە (کالسیۆم) لە پێکهاتنیاندا هەیە کە بە بەردی کالسیۆم ناسراوە..

ئەگەر بەردی گورچیلە بچووک بێت ئەوا ڕەنگە بجوڵێت و لەڕێگەی میزەوە فڕێبدرێت ، ئەگەر گەورەش بێت دەکرێت لە گورچیلە یان بۆری میزدا بمێنێتەوە و پێویست بە چارەسەری بکات لە ڕێگەی (وەرگرتنی دەرمان بۆ تواندنەوەی بەردەکە یان تێکشکاندنی بە تیشک و وردکردنی بۆ پارچەی بچووک تا ئاسان فڕێبدرێت یان لابردنی بە ڕێگەی نەشتەرگەری).

*هۆکارەکانی دروست بوونی بەردی (گورچیلە) :

چەندین هۆکار دەبنە هۆی زیادبوونی ئەگەری دروست بوونی بەردی گورچیلە لەوانە (کەم خواردنەوەی ئاو ، چڕبوونەوەی میز بۆ نموونە ئیشکردن لە شوێنی گەرم دەبێتە هۆی لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە ئاو بە شێوەی ئارەقکردنەوە و کەمبوونەوەی میزکردن ، بوونی هۆکاری بۆماوەی و ژینگەیی ، ئەوکەسانەی بەردی گورچیلەیان هەبووە ئاسانتر دروستی دەکەنەوە).

* نیشانەکانی بەردی (گورچیلە) :

( بونی ئازارێکی زۆر لە ناوچەی کەمەر بەشی پێشەوە سەرو ڕان و تەنیشتەکان و دواوە ، لەرز و تا ، بونی خوێن لە میزدا ، دڵتێکەڵاتن و ڕشانەوە ، هەستکردن بە ئازار لەکاتی میزکردن ) .

* چی پێویستە بکرێت کاتێک هەستتکرد بەردی (گورچیلە)ت هەیە ؟

کاتێک نیشانەکان هەستپێکرا ، پێویستە پشکنینی ( تیشکی یان سۆنار) ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی بەرد و بارودۆخی کۆئەندامی میزەڕۆ(Urinary System).

ئەنجامدانی پشکنینە تاقیگەییەکانی گورچیلە ( شیکاری خوێن و میز بۆ دیاریکردنی توانستی گورچیلە و دیاری کردنی ڕێژەی ئەو ماددانەی کە گورچیلە لە ڕێکخستنی ڕێژەکانیان بەرپرسە وەک کالسیۆم ، کریاتینین ، ئۆگزالەیت)(بوونی RBC و WBC و (Crystals) کریستاڵەکان لە میزدا و دیاریکردنی پلەی ترشێتی و تفتێتی میز(Urine pH Level))(ئەنجامدانی پشکنینی کیمیایی(Chemical Stone Analysis) بۆ بەردەکە دوای دەرچوونی لە گورچیلە).

* شیکاری بەردی (گورچیلە) کاتێک ئەنجام دەدرێت کە بەردەکە دەرهێنرابێت یان لەڕێگەی میزەڕۆوە دەرچووبێت ، وە وشک دەکرێتەوە و پاشان شیکاری بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنی ڕەوشتی فیزیایی ( قەبارە ، شێوە ، کێش ، ڕەنگ ) و پێکهاتەی کیمیایی بۆ دیاریکردنی ئەو مادانەی لە پێکهاتەی بەردەکەدان ، تا ڕێگری بکرێک لە دووبارە دروست بوونەوەی .

ئەوکەسەی کە بەردی گورچیلەی هەبووە ، ئەگەری دروست بوونەوەی بەردی لە کەسانی تر زیاترە لە داهاتوودا ، لەبەرئەمە دکتۆرەکەت ڕەنگە پێشنیاری گۆڕینی شێواز و جۆری خۆراکەکانت بۆ بکات یان پێدانی دەرمان بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری دروست بوونەوەی بەرد لە داهاتوودا ، وە ئەنجامدانی شیکاری خوێن و میز بۆ دڵنیابوون لە کاریگەری دەرمانەکان و بارودۆخی کۆئەندامی میزەڕۆ ، پرسیار کردن لەو دەرمانانەی کە پێشتر بەکارتهێناون و شێوازی ژیان و جۆری خۆراک.

چەند ڕێگایەک بەکاردێن بۆ شیکارکردنی بەردی (گورچیلە) وەک :

(Spectroscopy, X-ray Diffraction, Chemical Analysis and Mass Spectrometry).

ڕێگەی باو بۆ شیکاری بەردەکان بەڕێگە کیمیایی(Chemical Analysis) دەکرێت بۆ دیاریکردنی ئەو پێکهاتانەی بەردەکەی لێپێکهاتووە وەک (Carbonate , Calcium , Magnesium , Oxalate , Phosphate , Ammonium , Cystine , Uric acid and Ammonium urate)..