ئایا پشکنینی خوێن هەیە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشی سالاسیمیا(Thalassemia)؟

بەڵێ پشکنینی خوێن هەیە بۆ دەستنیشانكردنی کەسێک سالاسیمیای هەیە یان نییەتی،

یاخود سالاسیمیای بچوكی هەیە، ئەو پشكنینە پێی دەگوترێت (هێمۆگڵۆبین ئێلێكترۆفۆرێسیس) (Hb-electrophoresis) كە پزیشكی پسپۆڕی شیكاری نەخۆشیەكانی خوێن ئەنجامی دەدات پاش هەڵسەنگاندنی باری نەخۆشەكە و شێوەی خرۆكە سورەكانی خوێن و هەندێ جار پشكنینی خێزانی.

(CBP, Ferritin, Family Screening…)

مەرج نییە لە هەموو نەخۆشەکانی سالاسیمیا نیشانەکانی دیاربێت، زۆر کەس هەیە

سالاسیمیای بچووكی هەیە و نیشانەیەكی ئاشكرای نیە تەنها بە پشكنینی خوێن دەردەكەوێت، بەپێی ئەو ئامارانەی كە لە كوردستاندا هەیە لە سەد كەس نزیكی پێنج كەس هەڵگری سالاسیمیان ناشزانن و ژیانێكی ئاساییشیان هەیە.

ئەگەر هاوسەرگیری لە نێوان دوو هەڵگری سالاسیمیای بچووك بکرێت ئەوا وەچەیەکی نەخۆش دروست دەبێت، بۆیە دەستنیشانكردنی پێشوەخت و پشكنینی پێش هاوسەگیری كارێكی گرنگە بۆ ڕێگریكردن لە نەخۆشیەكە.

سالاسیمیا نەخۆشییەکە بەهۆی جینێکی نائاساییەوە دروست دەبێت و ئەگەر کەسێک لە

هەردوو باوانیەوە (دایک و باوک) ئەم جینە وەربگرێت ئەوا تووشی نەخۆشییەكە دەبێت (سالاسیمیای گەورە) یاخود (سالاسیمیای مامناوەند)، بەڵام ئەگەر تەنها لە یەک باوانەوە وەریبگرێت پێی دەوترێت سالاسیمیای ماینەر واتە هەڵگری سیفەتەكەیە.

هیموگلۆبین:

((هیمۆگلۆبین ئەو بەشەی خوێنە کە ئۆکسجینی پێویست دەداتە خانەکانی لەش)):

پیک هاتوه‌ له‌ هیم (ئاسن) لەگەڵ گلۆبین (ئه‌و پرۆتینه‌ی ده‌وری ئاسنه‌كه‌ی داوه‌)، ئه‌گه‌ر ئاسن كه‌می كرد (كه‌مخوینی ئاسن) ده‌رده‌كه‌ویت، ئه‌گه‌ر گلۆبین كه‌می كرد تووشی (سالاسیمیا) دەبێت.

سالاسیمیا بەشێوەیەكی سەرەكی دەكرێت بە سێ جۆرەوە (بێتا، ئەلفا، دەلتا بێتا) ئەوانیش جۆری گەورە و مامناوەند و بچوكی هەیە.

لێرەدا تەنها باس لە جۆرێکی مەترسیداری سالاسیمیا دەکەین کە پێی دەوترێت سالاسیمیای بێتای گەورە ‎بیتا مه‌یجه‌ر (بیتای گه‌وره‌):

* هه‌ردوو پارچه‌ پرۆتینی بیتا گلۆبین دروست نابن.

نیشانەکانی كامانەن؟

کاتێک منداڵی توشبوو تەمەنی دەگاتە چەند مانگێک وردە وردە نیشانەکانی كەمخوێنی درێژخایەنی تێدا دەردەکەوێت کە ئەمانەن:

بێ ڕەنگبوون یان زەردهەڵگەڕانی پێست، بێتاقەتی و بێزاری، دواكەوتنی گەشە ، ئاوسانی سک، زەردبوونی سپێنەی چاو، فراوانبوون و تێكچونی ئێسکەکانی ڕوومەت و سەر (شیوه‌ سمۆره‌یی ؛ به‌رزبونه‌وه‌ی كوڵم ، به‌رزبونه‌وه‌ی ناوچه‌وان ، ده‌رپه‌رینی ددانه‌كانی سه‌ره‌وه‌) ‎تێربوونی ڕەنگی میز، گه‌وره‌بونی جگه‌ر و سپڵ، دروستبونی به‌ردی زراو، ‎نیشتنی ئاسن له‌ ئەندامە گرنگەكانی لەش و پەككەوتنیان (سستبونی دڵ، په‌نكریاس ..).

زوو دیاریكردن و چاره‌سه‌ری پێویست لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی خوێنەوە ڕێگرە له‌

هەندێ له‌م نیشانانه‌.

نەخۆشی سالاسیمیا چۆن چارەسەر دەکرێت؟

چارەسەری نەخۆشی سالاسیمیا کە کەمخوێنی توندیان هەیە بریتییە لە گواستنەوەی خوێن بۆیان لە کەسێکی دیکەوە، هەرچەندە ئەم گواستنەوەیە بەسوودە بەڵام هاوکات لەوانەیە کێشە بۆ نەخۆشەکە دروست بکات.

ئەو خوێنەی دەدرێتە نەخۆشەكە مادەی ئاسنی تێدایە کە لە حاڵەتی زۆربوونی ڕێژەکەیدا (پاش چەند پرۆسەیەکی گواستنەوەی خوێن) زیان بە جگەر و دڵ دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەیە کە پزیشکەکان دەرمانی تایبەت بەکاردەهێنن بۆ لابردنی ئاسنی زیادەی کۆبووەوە لە لەشی ئەو نەخۆشانەدا کە گواستنەوەی خوێنیان بۆ ئەنجام دراوە (Chelation).

هەندێجار نەخۆشیی سالاسیمیا بە تەواوی چارەسەر دەکرێت، ئەمەش لە ڕێگەی جێگرتنەوەی مۆخی ئێسکی نەخۆش (چاندنی مۆخ) بە خانەکانی مۆخی ئێسکی کەسێکی دیکە. بەڵام ئەم چارەسەر بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە چونکە پرۆسەکە پێویستی بە بەجێهنانی چەندین مەرج و گونجانی خانەکانی کەسی بەخشەر هەیە لەگەڵ کەسی وەرگردا.

هەندێ لە نەخۆشەکانی سالاسیمیا لە ڕێگەی نەشتەرگەریەوە ئەندامێکی لەشیان (سپڵ) لادەبرێت کە بەرپرسە لە تێکشکاندن و پاکتاوکردنی خرۆکە سوورەکان. ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێگە لە خراپتربوونی کەمخوێنی بگیرێت.