کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (SARS-CoV-2).:
بەشی دووهەم:
دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە:
سەرەتا دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە لە هەنگاوی یەکەم دا لە ڕێگەی لێکدانەوەی نیشانەکانی نەخۆشیەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەبێت.
پاشان بۆ دڵنیابوونی زیاتر شیکاری (Reverse Transcription Polymerase Chain Reaction (RT-PCR)) بۆ دەکرێت، کە باشترن و بە دیقەتترین شیکاریە بۆ دەستنیشانکردنی بوونی ڤایرۆسەکە (ڕادەی دروستی ئەنجامەکەی زیاترە لە (۹٥٪))، (RT-PCR) شیکاریەکی تاقیگەییە کە دەتواندرێت کەمترین بڕ لە ڤایرۆسەکەی پێ دەستنیشان بکرێت، کە بە وەرگرتنی نمونەیەک لە کەسی گومان لێکراوە (وەرگرتنی نمونە لە ڕێڕەوی هەناسە) و پاشان دەرهێنانی ترشە ناوکی ڤایرۆسەکە (RNA Extraction) بە ئامێری (Extraction)و چەندین جار کۆپیکردنی بە ئامێری (RT-PCR) تا بتوانرێت بە ئاسانی خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
پاشان دەکرێت شیکاری تیشکی (X-Ray)یان(CT Scan) بۆ نەخۆشەکە بکرێت بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی سییەکانی و دەرخستنی ڕادەی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە و تووندی هەوکردنەوەکە، کە بێگومان (CT Scan) بە دیقەتتر و دروستترە بەڵام تایبەت نییە بە دەستنیشانکردنی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ.
هەروەها بۆ ئاگاداربوون لە ڕێژەی گازەتواوەکانی ناو خوێن پێویستە شیکاری (Arterial Blood Gas (ABG))، بۆ ڕێگرتن لەناکاو تێکچوونی بارودۆخی تووشبووەکە و رودانی مردن.
چارەسەر (پێکوتە و دژەڤایرۆس).:
سەرەتا کۆمەڵێک چارەسەری پاڵپشتی دەدرێتە نەخۆشەکان وەک پێدانی شلەمەنی و خوێیەکان هەندێک جۆری دەرمان، و پێدانی ئۆکسجین و هەناسەدانی دەسکرد (بۆ ئەو کەسانەی باری تەندروستیان ناجێگیرە).
چارەسەر بە پلازما (Convalescent Plasma)، ڕێگایەکی کۆنی چارەسەریە و پێشتر بۆ زۆرێک لە نەخۆشییە درمەکان بەکارهاتووە، بە بەکارهێنانی پلازمای ئەو کەسانەی کە نەخۆشیەکە تێدەپەڕێنن و چاکدەبنەوە و گواستنەوەی بۆ کەسانی تووشبو (کە پێویست بە چەندین ڕێکاری پزیشکی دەکات)، ئەم ڕێگایە لەلایەن ((FDA) Food and Drug Administration) پەسەند کراوە و دەکرێت کاریگەری ئەرێنی باشی هەبێت.
چەند دژە ڤایرۆس و دژە زیندەیەک ئێستا لەسەر تووشبوانی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ لە تاقیکردنەوەدان هەندێک لەوان کاریگەری باشیان هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ماوەی نەخۆشیەکە و سووککردنی نیشانەکانی، ئەوانیش وەک (Chloroquine) کە پێشتر بۆ چارەسەری مەلاریا و چەند مشەخۆرێکی تر بەکارهاتووە، (Ritonavir) کە بۆ چارەسەری ڤایرۆسی ئایدز بەکارهاتووە،(Remdesivir) دژەڤایرۆسێکی باوە و پێشتر دژ بە ڤایرۆسی ئیبۆلا بەکارهاتووە.
** بەرهەمهێنانی هەر پێکوتە و دژە ڤایرۆسێک بەم خێراییە کارێکی ئەستەمە (هەرهەواڵێکیش لەو بارەیەوە دوورە لە ڕاستیەوە و بڕواپێکراو نییە) لە ئێستادا تەنها دژەڤایرۆسەکانی کە لە پێشتر دا بەکارهێنراون بۆ ڤایرۆسەکانی تر بۆ کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ بەکاردێن (ئەزموون دەکرێت) چونکە بەگشتی دژە ڤایرۆسەکان بە چەند میکانیزمێک کاردەکەن وەک (ڕێگریکردن لە چونە ناوەوەی ڤایرۆسەکە بۆ ناو خانەکان، ڕێگریکردن لە لەبەرگرتنەوەی ترشە ناوکی ڤایرۆسەکە، ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی بەرگی پرۆتینی ڤایرۆسەکە، ڕێگریکردن لە ڕێکخستنی ترشە ناوک و بەرگی پرۆتینی ڤایرۆسەکە بۆ بەرهەمهێنانی ڤایرۆسی تر، ڕێگریکردن لە هاتنەدەرەوەی ڤایرۆسە بەرهەمهاتووەکان لە خانە تووشبوەکان بۆ تووشکردنی خانەی دیکە)، دژە ڤایرۆسەکان بەگشتی بەیەکێک لەم ڕێگایانە ڕێگری دەکەن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکان، هەربۆیە دەکرێت یەكێک لە دژە ڤایرۆسە کۆنەکان کاریگەر بێت (لە ئێستا دا بەشێکیان لەژێر تاقیکردنەوەدان).
** بەداخەوە هیچ پێکوتەیەک بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (SARS-CoV-2) نییە، دۆزینەوەی هەر پێکوتەیەکیش پێویستی بە چەندین مانگ هەیە، بەڵام بۆ داهاتوو یان ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکە سوودی دەبێت، و ئێستا چەندین پێکوتەی ڤایرۆسەکە لەژێر تاقیکردنەوەدان و واپێدەچێت لە ساڵی (۲۰۲۱) بتواندرێت بەکاربهێنرێن.
خۆپاراستن:
* دەست شۆردنی بەردەوام (بە سابوون بۆ ماوەی زیاتر لە ۳٠ چرکە یان بە بەکارهێنانی کهول).
* پاککردنەوەی بەردەوامی ئەو شتانەی کە ڕۆژانە دەستیان لێدەدەین بە کهول کە پەیتیەکەی زیاتر بێت لە (۷۰٪).
* دوورەپەرێزگرتنی تووشبوان و گومانلێکراوان و کەرەنتین کردنیان.
* دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ.
* دووربوون لە کەسانێک کە هەڵگری نیشانەکانن بە دووری زیاتر لە دوو مەتر.
* دەستنەدان لە دەم و چاو و لووت.
** ئەگەر کەسێکی تووشبوو لە خێزانێکدا هەبوو باشترە لە ژوورێکی تایبەتدا بێت و تەوالیەت و کەلوپەلی جیا بەکاربهێنێت.
** پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و ئەوانەی مامەڵەی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ تووشبوان دا، ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەبێت تۆکمەتربێت، وەک بەکارهێنانی (دەمامک، دەستکێش، بەرگی داپۆشەری درێژ (گاون)، داپۆشەری چاو)، لەو کەسانەی کە ((Bronchoscopy)،(CPR).. هتد) بۆ نەخۆشەکان دەکەن پێویستە دەمامکی تایبەتی (N95) بەکاربێنن.
ڕێگری لە کارەساتی مرۆیی:
مەبەست لە ڕێگری لە کارەساتی مرۆیی تێپەڕاندنی دۆخەکەیە بە کەمترین زیانی مرۆیی و زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەکە و سنووردارکردنی زیانەکانی ڤایرۆسەکەیە، ڕێکخستنی هێڵکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە (Epidemic Curve) بە لێکدانەوەی کات و ژمارەی تووشبوان و توانستی کەرتی تەندروستی، چونکە لەم بارودۆخانەدا نەخۆشیەکە زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە دەکرێت لە کۆنترۆڵ دەربچێت، و نەتوانرێت گرنگی تەواو بە سەرجەم تووشبوان بدرێت، بەمەش ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسەکە (Fatality Rate) زیاد دەکات.
ئەمەش بە دوو ڕێگا دەکرێت؛
یەکەم (Flatten the Epidemic Curve).:
کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبوان و ڕێگری کردن لە تووشبوونی بەکۆمەڵ واتە کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبوان و درێژکردنەوەی ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە (تووشبوونی کەمترین کەس لە درێژترین ماوەدا)، کەئەمەش بە چەندڕێگایەک دەکرێت کە باووترینیان لە ئێستادا دابڕینی کۆمەڵایەتیە (Social Distancing) بە کەرەنتینەکردنی (Quarantine) گومانلێکراوان و هێشتنەوەی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان (Self Isolation) و سنووردارکردنی تێکەڵاوبوونی خەڵک، تا دڵنیابین لە هێواشکردنەوە ڕێژەی تووشبون بە ڤایرۆسەکە بەمەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە سنوودار دەکرێت، ئەگەر ژمارەیەکی زۆریش تووش ببن بەڵام لە ماوەیەکی درێژدا دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن و خزمەتگوزاری پزیشکی پێویستیان بۆ دابین بکریت.
دووهەم (Raise the Line of Health Care System Capacity).:
زیادکردنی توانستی کەرتی تەندروستی بۆ لەخۆگرتنی تووشبوان و چارەسەرکردنیان، کە توانستەکانی کەرتی تەندروستیش خۆی لە ژمارەی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان (سەرجەم قاوش و چاودێری چڕ)، پزیشک و کارمەندانی تەندروستی، سەرجەم پێداویستیە پزیشکیەکان دەبینێتەوە، بەشێک لەو ووڵاتانەی کە دووچاری ڤایرۆسەکە هاتوون ژمارەی تووشبوانیان بە نزیکەیی توانستی کەرتی تەندروستی تێپەڕاندووە.
°°°