خێزانی کۆرۆنا ڤایرۆس( Corona Virus Family).:

کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (SARS-CoV-2).:

بەشی سێهەم.

ئەوکەسانە کێن کە ڤایرۆسەکە دەبێتە مایەی مەترسی بۆیان:

بەگشتی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (SARS-CoV-2) لە سەر ژیانی تووشبوانی هێندە مەترسیدار نییە، بەجۆرێک ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسەکە نزیکەی (۳٫۹٪)، بەڵام ئەم ڕێژەیە گشتگیرە و ئەگەر بە ووردی لێکدانەوە بۆ ئامارەکان بکەین دەبینین کە ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسەکە لە کەسانی بەساڵاچوو و ئەو کەسانەی کە گرفتی تەندروستی دیکەیان هەیە وەک (بەرزەفشاری خوێن، شەکرە، شێرپەنجە، گرفتی کۆئەندامی هەناسە، و نەخۆشی دڵ و بۆریەکانی خوێن) زیاترە، بەجۆرێک بە پشت بەستن بە ئامارەکانی ڕێخراوە تەندروستی جیهانی (World Health Organization (WHO)) لە سێ مانگی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا ڕێژەی مردن بەم شێوەیە بووە:

کاریگەریەکانی تەمەن:

* لە منداڵی تەمەن (۰ – ٩ ساڵ) ڕێژەی مردن (۰٪).

* لە کەسانی تەمەن (۱۰ – ۳۹ ساڵ) ڕێژەی مردن (۰٫۲٪).

* لە کەسانی تەمەن (٤۰ – ٤۹ ساڵ) ڕێژەی مردن (۰٫٤٪).

* لە کەسانی تەمەن (٥۰ – ٥۹ ساڵ) ڕێژەی مردن (۱٫۳٪).

* لە کەسانی تەمەن (٦۰ – ٦۹ ساڵ) ڕێژەی مردن (۳٫٦٪).

* لە کەسانی تەمەن (۷۰ – ۷۹ ساڵ) ڕێژەی مردن (۸٫۰٪).

* لە کەسانی تەمەن ( ۸۰ ساڵ) و بەرەو سەر ڕێژەی مردن (۱٤٫۸٪).

کاریگەری بوونی گرفتی تەندروستی دیکە:

* تووشبوانی بەرزەفشاری خوێن ڕێژەی مردن تیایاندا (٦٪)بەرزدەبێتەوە.

* تووشبوانی نەخۆشی شەکرە ڕێژەی مردن تیایاندا (۷٫۳٪) بەرزدەبێتەوە.

* تووشبوانی شێرپەنجە ڕێژەی مردن تیایاندا (٥٫٦٪) بەرزدەبێتەوە.

* تووشبوانی نەخۆشیەکانی دڵ و بۆریەکی خوێن ڕێژەی مردن تیایاندا (۱۰٫٥٪) بەرزدەبێتەوە.

* تووشبوانی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە ڕێژەی مردن تیایاندا (٦٫۳٪) بەرزدەبێتەوە.

* کەسانی تەندروست ڕێژەی مردن تیایاندا (۰٫۹٪).

بۆیە پێویستە ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەرووی ٦٠ ساڵە و ئەوانەی گرفتی تەندروستی درێژخایەنیان هەیە، زیاتر خۆیان بپارێزن.

بەراوردکاری مەترسیەکان:

کۆرۆنای ڤایرۆسی نوێ (SARS-CoV-2) بە بەراورد بە ڤایرۆسەکانی تر کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بڵاوبوونەوە، هێندە مەترسیدار نییە بۆ سەر ژیانی تووشبوانی ڤایرۆسەکە، بەجۆرێک بە پێ ی ئامارەکانی سێ مانگی سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە کە لەلایەن ڕێخراوی تەندروستی جیهانیەوە بڵاوکراونەتەوە، ڕێژەی سەدی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا (۳٫۹٪)(ئەم ژماریە لەگەڵ گۆڕانی ئامارەکان دا گۆڕانی بەسەردا دێت)، واتا لە هەر سەد کەسی تووشبوو کەمتر لە چوار کەسیان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دەمرن ، لە کاتێک دا:

* لە (۹٫٦٪)ی توشبوانی سارس (SARS) دەمردن.

* لە (۳٤٪)ی تووشبوانی مێرس (MERS) دەمردن.

* لە (٤۰٪)ی تووشبوانی ئیبۆلا (EBOLA) دەمردن (ئەمەیان سەر بە خێزانی کۆرۆنا نییە).

بەڵام ئەوەی وایکردوە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە جیهاندا هێندە تووند بێت، خێرای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە لە نێوان مرۆڤەکان دا و بوونیەتی بە پەتایەکی جیهانی لە ماوەیەکی زۆر کەم دا.

دەستەواژەکان:

– توانستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە (Reproductive Number (R0)).: ڕادەی بڵاوبوونەوەی و تەشەنەسەندی ڤایرۆسەکە ڕووندەکاتەوە؛ (ئەگەر (R0) یەکسانبوو بە یەک، واتە کەسێکی تووشبوو کەسێکی تر تووش دەکات)، (ئەگەر (R0) یەکسان بوو بە دوو واتە کەسێکی تووشبوو دوو کەسی تر تووش دەکات)، (بێگومان بەو مانایە نا کە کەسەکە تەنها دەتوانێت یەک کەس تووش بکات، نەخێر دەکرێت کەسێک دەیان کەس تووش بکات، مەبەست لە (R0) ڕادەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و زیادبووی تووشبوانە)، بەواتایەکی تر؛

* ئەگەر (R0) کەمتربوو لە یەک واتە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کەمبوونەوەدایە و بەرەو نەمان دەچێت.

* ئەگەر (R0) یەکسان بوو بە یەک واتە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئاستێکی جێگردایە بەڵام هەربەردەوامە لە بڵاوبوونەوە.

* ئەگەر (R0) گەورەتربوو لە یەک واتە ڤایرۆسەکە بەردەوام لە تەشەنە کردندایە.

** بەپێ ی ئامارەکانی ڕێخراوی تەندروستی جیهانی (World Health Organization (WHO)) لە سێ مانگی یەکەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ دا، (R0)ی ڤایرۆسەکە لەنێوان (۲٫۰ – ۲٫٥) دایە.

– مانای (Herd Immunity).: جۆرێکە لە جۆرەکانی ڕێگریکردن دژی پەتا درمەکان لەڕێگەی بەرگری لەشی کەسەکانەوە و ڕێگە دەدرێت بەشێکی زۆری کۆمەڵگا تووشببن و بەرگری پەیدابکەن، لێرەدا ئەوانەی بەرگری لەشیان بەهێزە دەبنە هۆی پچڕاندنی زنجیرەی بڵاوبوونەوەکە، بەم شێوەیە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا تووشدەبن، بەشە تووشبوەکەش بەشێکیان سیستمی بەرگری لەشیان زاڵ دەبێت بەسەر هۆکارە نەخۆشخەرەکەدا بێ مەترسی چاک دەبنەوە، و بەشەکەی دیکە پێویستیان بە چاودێری تەندروستی دەبیت و بەم شێوەیە پەتاکە کۆنترۆڵ دەکرێت.

مانای (Pandemic).: مانای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەک یان پەتایەک بە بەشێکی زۆری جیهاندا و چەندین جوگرافیا و ووڵات و تەمەنی جیاواز بگرێتەوە، ڕێخراوی تەندروستی جیهانی (World Health Organization (WHO)) لە (۱۱ ی مانگی ۳) ڤایرۆسەکەی بە (Pandemic) ناساند.

گۆڕانی جینەکان (Gene Mutation)، بریتیە لەو گۆڕانکاریانەی کە لە ڕیزبەندی ناوکەترشەکان دا ڕوودەدات و دەبێتە هۆی دروست بوونی گۆڕانکاری لە پرۆتینەکانی سەر ڕووی ڤایرۆسەکە کە هەندێک جار پرۆتینە نوێیەکان دەبێنە هۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە بتوانێت بۆ خانەخوێیەکی نوێ بگوازرێتەوە.

گومانە زانستیەکان:

* کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ دەکرێت لەڕێگەی پیسایشەوە بگوازرێتەوە، بە پشتبەستن بەوەی کە لە پیسای بەشێک لە تووشبوان دا ڤایرۆسکە بوونی هەیە، و پێشتر ڤایرۆسی سارس (SARS Coronavirus)یشدا ئەگەری هەبووە، دەکرێت بۆ کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێش ڕاست بێت.

* گومان دەکرێت ئەوکەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن و نیشانەکانیان تیادەرنەکەوتووە ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر نەگوازنەوە یان بە ئەگەرێکی کەم ئەگەری هەیە بیگوازنەوە، چونکە ڕێژەی ڤایرۆس لەلەشی کەسەکەدا هێندە نییە کە ئەگەری گواستنەوەی هەبێت (لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن).

* دەکرێت بە گۆڕینی سیستمی خۆراکی و وەرزشکردن سیستمی بەرگری لەش بەهێزبکرێت دژ بە ڤایرۆسەکە.

* گروپێک لە تووشبوان هەن کە پێیان دەڵێن (Super Spreaders) کە دەبنەو هۆی تووشبونی ژمارەیکی زۆر خەڵک، کە تا ئێستا هۆکارێکی زانستی دیاریکراوی نییە.

* دەکرێت کەسانی تووشبو ڤایرۆسەکە بگوازنەوە بۆ سەگ، بەڵام سەگەکە تووشی کێشەی تەندروستی نابێت و تەنها هەڵگر دەبێت و تا ئێستا نەزانراوە ئایا سەگەکە دواتر دەتوانێت بیگوازێتەوە بۆ کەسێکی تر یاخود نا.

* بەشێکی زۆر لە تووشبوانی ڤایرۆسەکە، تووشبوون بەبێ ئەوەی گەشتی ئەو ناوچانەیان کردبێت کە ڤایرۆسەکەی تیادا بڵاوە یان بەبێ بوونی هیچ بەرکەوتنێک لەگەڵ کەسانی تووشبوودا، هەربۆیە بۆتە جێی سەرسوڕمانی لێکۆڵەرەوان.

* ئایا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆی ڕێگری کردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا؟

– ڤایرۆس تەنێکی نازیندوە لە دەرەوەی لەشی خانەخوێکەی و بەچوونە نێو لەشی خانەخوێکەی دەگۆڕێت بۆ تەنێکی زیندوو دەست دەکات بە تەشەنەکردن، بەم پێ یە ڤایرۆس خۆی توانای نییە لە شوێنێک بچێت بۆ شوێنێکی تر و پێویستی بە ناوەندێکی گوێزەرەوە هەیە، کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (SARS-CoV-2) دەگوازرێتەوە لەڕێگەی ئەو شلانەی لە کۆئەندامی هەناسەوە دەرچن وەک پریشکی پژمە و کۆکە، کاتێک پریشکەکانی پژمین یان کۆکە دەکەونە سەر تەنەکانی چواردەورمان، دەبنە گوێزەرەوەیەکی ناڕاستەوخۆی ڤایرۆسەکە و پاراستنی ڤایرۆسەکان بۆ ماوەیەکی درێژ، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا، وادەکات ئەم دڵۆپانە خێراتر وشکببنەوە، بە وشکبوونەوەی دڵۆپەکان پرۆتین و ناوکەترشی ڤایرۆسەکە زۆر بە ئاسانی و لەماوەیەکی کەمتردا دەکرێت لەناوبچن، واتا دەکرێت بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ببێتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، ئەمە تا ئێستا تەنها گومانێکی زانستیە و لە داهاتوودا ئەنجامەکەی ڕوون دەبێتەوە.