خێزانی کۆرۆنا ڤایرۆس( Corona Virus Family).:

کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (SARS-CoV-2).:

بەشی یەکەم:

خێزانی کۆرۆنا ڤایرۆس و گەیشتنی ڤایرۆسەکە بە مرۆڤ:

ڤایرۆسی کۆرۆنا خێزانێکی ڤایرۆسی درمن و بە ئاسانی بڵاودەبنەوە و دەبنە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە، کە نزیکەی (۲٥٪)ی هەڵامەت و پەتا وەرزیەکان بەهۆی خێزانی کۆرۆنا ڤایرۆسەوەیە، نزیکەی شەش جۆری کۆرۆنا ڤایرۆس ناسراون کە دەبنە هۆی نەخۆشی لە مرۆڤ دا، لە هەڵامەوت و پەسیوێکی ئاساییەوە (پەتای وەرزی) تا سارس (Severe Acute Respiratory Syndrome (SARS)) و مێرس (Middle East Respiratory Syndrome (MERS))، جینەکانی ئەم خێزانە لە ڤایرۆس زۆر بەخێرای و بەردەوام لە گۆڕاندان (Mutation)، تا لە کۆتایدا بووە هۆی دەرکەوتنی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ کە ناونرا بە (Severe Acute Respiratory Syndrome Coronavirus 2 (SARS-CoV-2)) یان (2019-nCoV)، کە دەبێتە هۆی نەخۆشی (Coronavirus Disease 2019 (COVID-19))، بەو ناوەوە ناونراوە چونکە لەڕووی جیناتەوە زۆر لە ڤایرۆسی سارس (SARS Coronavirus) دەچێت کە پێشتر لە ساڵی (۲۰۰۲) بڵاوبوەوە.

ڤایرۆسەکانی ئەم خێزانە بە شێوە تاجیەکەیان دەناسرێن، بەهۆی بوونی کۆمەڵێک پرۆتین لە سەر ڕوکاری ڤایرۆسەکە هەن وادەکەن وەک تاج دەربکەوێت، هەربۆیە بەو ناوە ناونراون، (Corona) بە لاتینی واتا تاج [Crown].

ناوکەترشی خێزانی کۆرۆنا ڤایرۆس (Coronavirus Family) لە تاک شریتێکی ڕایبۆزی (Single Strand RNA Virus) پێکدێت، و بە بەرگێکی پرۆتین و چەوری دەورەدراوە کە یارمەتی ڤایرۆسەکە دەدات بۆ ناسینەوە و چوونە ناو خانەکانی خانەخوێیەکەی (لە ڕێڕەوی هەناسە و سییەکان)دا.

سەرچاوەی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2).:

کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (SARS-CoV-2) کە پێشتر لە ناو شەمشەمەکوێرەدا هەبووە، بەهۆی گۆڕانی جینەکانەوە (Gene Mutation) توانیویەتی بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، لەوەش مەترسیدارتر توانای ڤایرۆسەکەیە بۆ گواستنەوەی لە نێوان مرۆڤەکان دا، زاناکان تا ئێستا نەگەشتوونەتە بەڵگەیەکی دروست بۆ سەلماندنی چۆنیەتی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە دەکرێت خانەخوێیەکی گوێزەرەوە لە نێوان شەمشەمەکوێرە و مرۆڤ دا بوبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، واتە ڕاستەوخۆ نەگوازرابێتەوە، نزیکترین خانەخوێش ئاژەڵی پەنگۆلینە بەو هۆیەی کە کۆرۆنا ڤایرۆسی پەنگۆلین و کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (SARS-CoV-2) نزیکەی (۹٦٪) لێکچوونی جیناتیان هەیە.

ڕێگاکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2).:

کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ (SARS-CoV-2) بە گشتی لە کەسی تووشبوەوە بەهۆی ئەو پریشکە ووردانەوە بڵاودەبێتەوە کە لەکاتی پژمین و کۆکەدا دەردەچن (یان لە ڕێگەی دەردراوەکانی کۆئەندامی هەناسەوە) بۆ کەسانی تر دەگوازرێتەوە، دەکرێت ئەم گواستنەوەیە ڕاستەوخۆ بێت بەهۆی بەرکەووتن و نزیکبوون لە کەسانی توشبوو یان ناڕاستەوخۆ بەهۆی دەستدان لەو شتانەی کە بە ڤایرۆسەکە تێوەچوون وەک(دەسکی دەرگا، کلیل، مۆبایل، مێز، ڕیمۆت.. هەر شتێک کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین) پاشان دەستدان لە دەمووچاو (ناوچەی (T) کە چاو و دەم و لووت دەگرێتەوە)، کە ڕێڕەوەی داخڵبوونی ڤایرۆسەکەیە بە لەش.

کۆرۆنا ڤایرۆس ناتوانێت بەهەوادا بۆ دووریەکی زۆر بگوازرێتەوە، تەنها یەک بۆ دوو مەتر دەکرێت لەڕێگەی پریشکەکانی کۆکە و پژمینەوە بگوازرێتەوە، بەڵام دەکرێت لەسەر ڕووی کەلوپەلەکانی چواردەورمان تا ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە و بگوازرێتەوە.

میکانیزمی کارکردنی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2).:

کاتێک ڤایرۆسەکە دەچێتە لەشەوە لەڕێگەی (لووت، دەم، چاو)، و دەگاتە ڕێڕەوی هەناسە ئەو خانانە دەکاتە ئامانج کە هەڵگری پرۆتینی (Angiotensin Converting Enzyme 2(ACE2))ن، پرۆتینەکانی سەر ڕووی ڤایرۆسەکە خانەکانی ڕێڕەوی هەناسە دەناسنەوە و پێوەی دەنوسێن، خانەکە ڕێگە بە چونەناوەوەی ڤایرۆسەکە دەدات بۆ ناو خانەکە، ناوکەترشی ڤایرۆسەکە (Viral RNA) لە ناو بەرگە پرۆتینەکەی دێتەدەر و پێکهاتە و ئەندامۆچکەکانی ناو خانەکە بەکاردێنێت بۆ دروستکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە ڤایرۆس، بە لەبەرگرتنەوەی ناوکەترشی ڤایرۆسەکە (Viral RNA) و بەرهەمهێنانی بەرگی پرۆتینی ڤایرۆسەکە، پاش ماوەیەک لە ڤایرۆسێکەوە بە سەدان ڤایرۆس دروست دەکرین و دەکرێنە دەرەوەی خانەکە بۆ پەلاماردانی خانەی دیکە، بەم شێوەیە هەوکردنی ڤایرۆسی دروست دەبێت و ماکەکانی لەشێوەی چەند نیشانەیەک دا دەردەکەون.

نیشانەکانی نەخۆشی (COVID-19).:

بەگشتی نیشانەکانی نەخۆشیەکە لە کەسێک بۆ کەسێکی ترجیاوازی هەیە پەیوەستە بە توانستی بەرگری لەشی تووشبوەکەوە، هەندێک جار نیشانەکانی نەخۆشیەکە سووکن و تەنانەت دەکرێت تووشبوەکە هیچ نیشانەیەکی تێدا دەرنەکەوێت، بە پێچەوانەشەوە دەکرێت نیشانەکانی نەخۆشیەکە تووند بن، و ببێتە هۆی هەوکردنی تووندی سییەکان (Pneumonia) و زیان بەرکەوتنی سییەکان و ببێتە هۆی (Acute Respiratory Distress Syndrome (ARDS))، کە بەهۆی هەوکردنی تووندی سییەکانەوە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو لە ناوەوە و دەرەوەی سییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی هەناسە تووندی و دابەزین و نەگەیشتنی بڕی ئۆکسجینی پێویست بە خانەکانی لەش و (Septic Shock)، مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە و مردن.

لەو کەسانەی کە بەرگری لەشیان لاوازە یان گرفتی تەندروستی دیکەیان هەیە وەک (بەرزەفشاری خوێن، شەکرە، نەخۆشی دڵ و بۆریەکانی خوێن، و نەخۆشی سییەکان) یان جگەرە کێشن مەترسی و کاریگەریەکانی ڤایرۆسەکە زیاترە.

بە گشتی نیشانەکان دەتوانرێت دابەش بکرێن بەسەر سێ کۆمەڵەدا؛

* نیشانە زۆر باوەکان: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تای زۆر) و کۆکە (کۆکەی وشک).

* نیشانە کەم باوەکان: قوڕگ خوران، ماندوێتی و بێهێزی و ئازاری لەش، سەرئێشە، هەناسە تووندی.

* نیشانە دەگمەنەکان: ئاو لە لووت هاتن و سکچوون.

کەسی تووشبو نیشانەکانی نەخۆشیەکەی لە ماوەی نزیکەی پێنج ڕۆژ تێدا دەردەکەوت کە بە (Incubation Period) ناودەبرێت، بێگومان لە کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازی هەیە بەپێی سیستمی بەرگری کەسەکە و بڕی ڤایرۆسی گواستراوە بۆی، لە هەنێک بارودۆخی دەگمەن دا دەکرێت تا بیست و چوار ڕۆژ درێژ ببێتەوە.

بە پشت بەستن بە ئامارەکانی ڕێخراوە تەندروستی جیهانی (World Health Organization (WHO)) لە سێ مانگی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، نزیکەی (۸۰٪) ی تووشبوانی کۆرۆنا ڤایرۆسی نوێ، بە سووکی نەخۆشیەکە دەگرن و هەندێک جار هیچ نیشانەیەکیان نییە.