شیکاریی (Creatinine) بریتییە لە شیکاری کردنی بڕی (Creatinine) لە (خوێن و میز)دا ، (Creatinine) پێکهاتەیەکی کیمیاییە لە ئەنجامی تێکشکانی (Creatine) بۆ دەستکەوتنی وزە لەلایەن ماسولکەکانەوە بەرهەم دێت ،لەش بڕی زۆری (Creatine)لە لایەن جگەرەوە بەرهەم دێنێت و بڕێکی کەمی (Creatine) لەڕێگەی خواردنەوە وەردەگیرێت وەک (گۆشت) و لە ماسولکەکاندا هەڵدەگیرێت. هەردوو (Creatinine) (Creatine) لەلەشدا بە بڕێکی جێگیر هەن(لە کەسێک بۆ کەسێکی تر بڕەکەی جیاوازە و بەستراوە بە قەبارەی لەش و بڕی ماسولکەکانەوە) ، گورچیلە ڕێژەی (Creatinine) لەلەشدا ڕێکدەخات و(Creatinine)ی بەرهەمهاتوو لەلایەن ماسولکەکانەوە فڕێ دەداتە دەرەوەی لەش (بۆ ناو میز)ٚ. هەربۆیە بوونی بڕێکی ئاسایی (Creatinine) لە خوێندا ئاماژەیەکی باشە بۆ تەندروستی گورچیلەکان. ئەگەر گورچیلە بە باشی کار نەکات ئەوا بڕی (Creatinine) لە خوێندا زیاد دەکات.
ڕێژەی (Creatinine) بە گشتی لە پیاواندا زیاترە بە بەراورد بە ئافرەت و منداڵ بەهۆی (قەبارەی لەش و بڕی ماسوولکەوە).
پیاو: (0.6to1.2 mg/dL).
ئافرەت: (0.5to1.0 mg/dL).
منداڵ: (0.5to1.0 mg/dL).
لەوکەسانەی یەک گورچیلەیان هەیە یان یاری ئاسن ئەنجام دەدەن و پرۆتین و مادەی وزە بەخش بەکار دێنن دەکرێت ڕێژەی (Creatinine) تا (1.6mg/dL) ئاسایی بێت.
بەڵام ئاسایی نییە ئەگەر کەسێک بڕی (Creatinine) بۆ نمونە (0.6mg/dL) بێت و پاش ماوەیەکی کەم بەرز بێتەوە بۆ (1.0mg/dL) ، هەرچەندە هەردوو ڕێژەکە ڕێژەی ئاسایی تێنەپەڕاندووە بەڵام بەرز بوونەوەکەی نائاساییە.
ماددەی (Creatine):
ماددەی (Creatine) پێکهاتەیەکی کیمیاییە بەشداری دەکات لە چالاکی ماسولکەکان لەکاتی گرژبووندا (بۆ دەست کەوتنی وزە)، ڕۆژانە نزیکەی %٢ ی (Creatine) ی لەش دەگۆڕدرێت بۆ (Creatinine) لە ئەنجامی کار و چالاکی ماسوولکەکان و بڕی (Creatinine) ی بەرهەم هاتوو لەلایەن گورچیلەوە فڕێ دەردێتە دەرەوەی لەش (گورچیلە بڕی (Creatinine) لە خوێندا بە جێگیری ڕادەگرێت) ، لەبەر ئەوەی بڕی ماسوولکەکان جێگیرە (لەکەسێکی ئاساییدا) هەربۆیە بڕی (Creatinine) پێویستە بە جێگیری بمێنێتەوە.
کەی شیکاریی (Creatinine) ئەنجام دەدرێت؟
شیکاریی (Creatinine) شیکاریەکی گرنگە و بە گشتی هەموو کەسێک پێویستە شەش مانگ جارێک ئەم شیکاریە ئەنجام بدات تا لە تەندروستی گورچیلەکانی ئاگاداربێت. بەگشتی لەم بارودۆخانەدا پێویستە ئەنجام بدرێت:
* کاتێک کەسێک نیشانەی نەخۆشیەکانی گورچیلەی تیادا دەردەکەوێت.
* لەو کەسانەی نەخۆشی گورچیلەیان هەیە یان گورچیلەیان بۆ چێندراوە پێویستە (مانگانە یان چەند مانگ جارێک) شیکاریەکە ئەنجام بدەن.
* لەکاتی بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە کاریگەری لاوەکیان هەیە لەسەر گورچیلە.
* لەکاتی هەبوونی ئەو نەخۆشیانەی کە کار لە فرمانی گورچیلە دەکەن وەک (بەرزی فشاری خوێن ، شەکرە).
* لاکاتی بەکار هێنانی کەپسولی پاڵپشتی و دەرمانە مێتابۆلیکیەکان وەک (دەرمانەکانی دابەزاندن و زیادکردنی کێش یان پرۆتین و مادەی وزە بەخش لەلایەن ئەو کەسانەی یاری ئاسن دەکەن).
* لەو کەسانەی گرفتی گوچیلەیان هەیە و چارەسەری وەردەگرن بۆ چاودێری کردنی کاریگەری چارەسەریەکە.
* لەکاتی ئەنجامدانی شیکاری تیشکی کە بە (ملەوەن ناسراوە) و (CT scan) کە پێویستی بە پیدانی جۆرە دەرمانێکە کە کاریگەری لاوەکی لەسەر گورچیلە دەبێت.
نیشانەکانی نەخۆشیەکانی گورچیلە:
* گۆڕانی ڕەنگی میز (قاوەیی بوون یان شیری بوون) ڕەنگەکەی و کەفکردن و بوونی خوێن لە میزدا.
* کەمبوونەوەی بڕی میزکردن لە بڕی ئاسایی.
* ماندوێتی ، گرفتی لەکاتی خەوتندا.
* ئاوسانی لەش بە تایبەتی (دەموچاو ، ژێر چاو ، پاژنەو پێیەکان ، دەست و مەچەک)
* گرفت لەکاتی میزکردن ( سوتانەوە ، هەستکردن بە خاڵی نەبوونەوەی میزەڵدان)
* ئازاریی بەشی خوارەوەی پشت خوار دواین پەراسوو.
مانایی شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟
بەرزی ئەنجامی شیکاریەکە (مانایی وایە گورچیلە بە باشی کاری فڕێدانەدەرەوەی (Creatinine) ئەنجام نادات):
* لاکاتی بوونی گرفت لە گورچیلەکاندا و تێکچوونی فرمانی گورچیلە : (ئاوسانی خوێنبەرەکانی گورچیلە (Glomerulonephritis) ، هەوکردنی گورچیلە (Pyelonephritis) ، مردنی خانەکانی گورچیلە بەهۆی ژەهراوی بوون یان دەرمانەوە (Tubular Necrosis).
* لەکاتی گەورەبوونی پرۆستات یان بوونی بەردی گورچیلە ( دەبێتە هۆی گیرانی ڕێڕەی میز و گرفت بۆ کاری گورچیلە دروست دەکات).
* کەمبوونەوەی بڕی خوێنی گەیشتوو بە گورچیلە بەهۆی (وشکبوونەوە ، نەخۆشی دڵ ، (Atherosclerosis) ، شەکرە).
* سوتانی بڕێکی زۆری (Creatine) لەلایەن ماسولکەکانەوە یان خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە پرۆتین.
نزمی ئەنجامی شیکاریەکە:
کەمبوونی بڕی (Creatinine) تاڕادەیەک دەگمەنە و لەکاتی نەخۆشی و لاوازبوون و پوکانەوەی ماسوولکەکاندا وەک (Myasthenia Gravis or Muscular Dystrophy) بڕی (Creatinine) کەم دەبێتەوە ، یان کەمی بڕی پرۆتین لە ژەمەخۆراکی ڕۆژانەدا ، هەندێک جار بەهۆی نەخۆشیەکانی جگەرەوە بڕی بەرهەم هێنانی (Creatine) لەلایەن جگەرەوە کەم دەبێت ، هەندێک جار لەکاتی سکپڕیدا بڕی (Creatinine) کەم دەبێتەوە و دوای منداڵبوون ئاسایی دەبێتەوە.
شیکارییە پەیوەندارەکان:
Creatinine Clearance , Blood Urea , Urine Albumin/Creatinine Ratio (ACR) ,Urine Protein/Creatinine Ratio (UP/CR) , Urine Albumin ,
Urine Protein , Total Serum Protein , Serum Albumin.