شیکاریی (Protein S):

شیکاریی (Protein S) سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی (Protein S) لە خوێندا، (Protein S) یەکێکە لە گرنگترین پرۆتینەکان کە بەشێوەیەکی سروشتی لەلایەن جگەرەوە دروست دەکرێت، وەک دژەمەیاندنێکی سرووشتی کاردەکات (Anticoagulant) و نایەڵێت خوێن بەشێوەیەکی ناتەندروست و ناڕێک لەناو لەشدا بمەیەت و هاوسەنگی کرداری مەیاندنی خوێن ڕادەگرێت ، لەکاتی کەمبوونەوەی بڕی (Protein S) لە لەشدا دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی خوێن مەیین (تۆپەڵبوونی خوێن لەناو مللولە خوێندا) بەتایبەتی لە ئافرەتانی دووگیاندا.

پرۆتین ئێس (Protein S):

پرۆتین ئێس (Protein S) پلازما پرۆتینێکی گرنگە بە دوو شێوە هەیە لە لەشدا (Free)(Bound)، لەش بۆ بەرهەم هێنانی ئەم پرۆتینە پشت بە (Vitamin K) دەبەستێت، پرۆتین ئێس (Protein S) بە یارمەتی پرۆتین سی (Protein C) کاردەکات و یەکدەگرن پێکەوە ڕێگری دەکەن لەهەر خوێن مەینێکی نائاسایی و کۆنتڕۆڵی چالاکیەکانی هەریەک لە فاکتەر پێنجی چالاککراو (Factors Va) و فاکتەر هەشتی چالاککراو (Factors VIIIa) دەکەن، لە سیستمی خوێن مەیندا و یارمەتیدەر دەبێت لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە خوێن مەیندا ، کەمی ڕێژەی پرۆتین ئێس (Proteins S) دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین گرفتی پەیوەست بە مەیاندنەوە (Excessive Clotting Disorder) و هەندێک جار مەیاندنی ناوەکی دروست دەبێت و بەبێ بوونی برین و دەبێتە مەترسی لەسەر ژیان.

پرۆتین ئێس (Protein S) بە دوو شێوە دەردەکەوێت لە خوێندا (Free Protein S)( Total Protein S)، بەڵام تەنها (Free Protein S) توانای یەکگرتنی هەیە لەگەڵ پرۆتین سی (Protein C) دا.

* پێویستە هەردووک (Total Protein S)(Free Protein S) لە بڕ و فرماندا ئاسایی بن.

*دەکرێت بڕی (Total Protein S) ئاسایی بێت بەڵام بڕی (Free Protein S) کەم بێت.

* دەکرێت هەردووکیان پێکەوە بڕو چالاکیان کەم بکات.

بەگشتی سێ جۆر نائاسایی بوون لە پرۆتین ئێس (Proteins S) دا ڕوودەدات:

* جۆری یەکەم (Type I): کەمبوونی ڕێژەی پرۆتینەکە.

* جۆری دووەم (Type II): ڕێژەی ئاسایی پرۆتینەکە بوونی هەیە بەڵام چالاکی پرۆتینەکە کەم دەکات.

* جۆری سێهەم (Type III): ڕێژەی (Total Protein S) ئاساییە بەڵام ڕێژەی (Free Protein S) نائاسایی دەبێت.

هۆکار و مەترسیەکانی کەمی پرۆتین ئێس (Proteins S):

هۆکاری کەمی پرۆتین ئێس (Proteins S) دەکرێت بۆماوەیی بێت (لە باوانەوە بۆ نەوەکان بگوازرێتەوە) و بەهۆی بوونی گۆڕانێکی بۆماوەیی (Mutations) لە جینی (PROS1 gene) ڕووبدات کەدەکەوێتە سەر کرۆمۆسۆمی سێ (chromosome 3) ، دەبێتە هۆی تێکچوونی (فرمانی و بڕی) پرۆتینەکە.

مەترسیەکانی کەمی پرۆتین ئێس (Proteins S):

هەندێک جار کەمی پرۆتین ئێس (Proteins S) هیچ مەترسیەکی تەندروستی دروست ناکات ، بەڵام دەکرێت چەندین گرفتی تەندروستی بەدوای خۆیدا بێنێت وەک:

* کاتێک بڕی (Proteins S) زۆر کەم بێت ڕاستەوخۆ دوای لەدایک بوون دەکرێت ببێتە هۆی (Purpura Fulminans)( Disseminated Intravascular Coagulation (DIC)) لە منداڵی ساوادا ، هەندێک جاریش دەکرێت تا هەرزەکاری هیچ نیشانەیەکی دەرنەکەوێت.

* لەوکەسانەی کە بڕی پرۆتینەکە مامناوەندە دەکرێت هیچ گرفتێکی تەندروستی دروست نەکات تا ئەوکاتەی بەهەر هۆکارێک بڕەکەی کەمتردەبێت لە بڕی پێویست، دەبێتە هۆی:

– تۆپەڵبوون و مەینی خوێن لە لە نێو مللولەکانی خوێندا (بە تایبەت لە مللولەکانی ژێرپێست دا) (Deep Vein Thrombosis) نیشانەکانی: (ئازار و نەرم بوون و ئاوسانی دەست و قاچ ، شینبوونەوەی بێ هۆکاری پێست).

– گیرانی بۆری خوێنی سییەکان (Pulmonary Embolism) نەگەیشتنی خوێن بە سییەکان نیشانەکانی: ( هەناسەبڕکێ و هەناسە توندی ، ئازاری سنگ لەکاتی هەناسە داندا ، دڵ پەلەپەل کردن و لێدانی دڵی ناڕێک ، بورانەوە و لە هۆش چوون و کۆکەی خوێناوی).

– دروست بوونی گرفت لەکاتی سکپڕیدا (بەهۆی تۆپەڵ بوونی خوێنەوە).

– خوێن بەربوونی نائاسایی (کە دەبێتە هۆی شینبوونەوە) لە بەشە جیاوازەکانی لەشدا.

– مەترسی لەسەر ژیان بەهۆی وارفارینەوە (Warfarin).

– گیرانی مللولە باریکەکانی مێشک بەهۆی خوێنی تۆپەڵ بووەوە.

مانایی شیکاریەکە چی دەگەیەنێت:

بەگشتی شیکاریی بۆ ڕێژەی پرۆتینەکە دەکرێت:

– ڕێژەی ئاسایی پرۆتینەکە نیشانەیە بۆ ڕێک و پێکی سیستمی مەیاندنی خوێن (ئەگەر بەشەکانی تری سیستمەکە گرفتی نەبێت).

– کەمی ڕێژەی پرۆتینەکە مانایی بوونی گرفتە لە سیستمی مەیاندن و کۆنتڕۆڵ کردنیدا (دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیەکانی مەیاندنی خوێن و گیرانی مللولەکانی خوێن).

– بەرزببونی ڕێژەی پرۆتینەکە بەگشتی گرفتێکی تەندروستی مەترسیدار دروست ناکات.