شیکاری (ASO titer) شیکاریەکی خوێنە و بڕی دژەتەنی (Antistreptolysin O) دیاریدەکات، کە دژەتەنێکی تایبەتە لەش دژ بە ئەنزیمی (Streptolysin O) پەیدایدەکات، کە لەلایەن چەند گروپێک لە بەکتریاکانی (Streptococcus)وە دەردەدرێت، هەربۆیە دەستنیشانکردنی بڕی دژەتەنەکە لەخوێندا گرنگە بۆ دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی هەوکردن بە بەکتریای گروپەکانی (C, G, A)ی (Streptococcus).
بەکتریای (Streptococci):
کۆمەڵێک بەکتریای (Gram-positive)ن، کە بەسەر چەند گروپێکدا دابەشکراون، گروپەکانی (C, G, A) توانای دروستکردنی ئەنزیمی (Streptolysin O)یان هەیە، کە دەبێتە هۆی تێکشکانی خرۆکە سوورەکانی خوێن (Hemolysis)، لەکاتی تووشبوون بە یەکێک لە بەکتریای گروپەکانی (C, G, A) سیستمی بەرگری لەش دژەتەنی (Antistreptolysin O) دژ بە ئەنزیمی (Streptolysin O) دروست دەکات، ماوەی سەرهەڵدانی دژەتەنەکە لە خوێندا پێویستی بە نزیکەی (۱-۳) هەفتە هەیە و پاش (۳-٥) هەفتە بڕکەی دەگاتە لوتکە، دەتوانرێت لەڕێگەی دیاریکردنی بڕی دژەتەنەکەوە تووندی و هۆکاری هەوکردنەکە دیاریبکرێت.
گروپی (A Streptococcus) یان (Streptococcus pyogenes) کە باوترینیانە و دەبێتە هۆی هەوکردنی لەوزەتێنەکان و دەکرێت هەندێک جار هەوکردن لە بەشەکانی تری لەش دا (وەک پێست) دروستبکات، کە بەگشتی ناسینەوەی ئاسانە و بە زووی چارەسەر دەکرێت، (Antistreptolysin O) یەکێک لە باووترین دژەتەنەکانە کە سیستمی بەرگری لەش لە کاردانەوە بۆ گروپی (A Streptococcus) پەیدایدەکات.
ئاسایی لەکاتی توشبوون بە بەکتریاکانی (Strep) وەک هەوکردنی لەوزەتێنەکان (Strep Throat)(کە یەکێک لە هۆکارەکانی هەوکردنی لەوزەتێنەکانە)، دەکرێت بە بەکارهێنانی دژەبەکتریا چارەسەربکرێت، هەندێک جار توشبووانی بەکتریاکانی (Strep) هیچ نیشانەیەکیان نابێت بەمەش کەسەکە چارەسەر وەرناگرێت یان نازانن کە پێویست بە چارەسەر دەکات و پشتگوێی دەخات، لەم کاتەدا مانەوەی بەکتریاکە بۆ ماوەیەکی درێژ و بێ چارەسەر دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی گرفتی تەندروستی ئاڵۆزتر لە داهاتوودا (بەتایبەت لە منداڵدا)، کە بە (Streptococcal Complications) ناودەبرێت.
مەبەست چییە لە ئەنجامدانی شیکاریەکە:
بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردن بەهۆی چەند گروپێکی بەکتریایی (Streptococcus) بەتایبەت گروپی (A Streptococcus).
کەی شیکاری (ASO tite) پێویستە ئەنجامبدرێت؟
– لەکاتی دەرکەوتنی کۆمەڵێک نیشانەی تەندروستی کە ئەگەری هەوکردن بە بەکتریاکانی (Strep)ی هەبێت، و لەگەڵ فراوان بوون و درێژماوەیی نیشانەکان پێویستە شیکارییەکە ئەنجام بدرێت، شیکاری (ASO titer) باشترە پاش هەفتەیەک یان زیاتر لە هەوکردنەکە ئەنجامبدرێت، چوونکە دەرکەوتنی دژەتەنەکە لە خوێندا پێویستی بە زیاتر لە هەفتەیەک هەیە، هەر بۆیە شیکاری (ASO titer) سوودی لێ وەرناگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی خێرا.
– لەوکەسانەی کە مێژوویەکی درێژیان هەیە لەگەڵ هەوکردنی لەوزەتێنەکان.
– لەکاتی دەرکەوتنی ئەو گرفت و نەخۆشی و نیشانانەی کە بەهۆی کاریگەری بەکتریاکەوە لە داهاتوودا دەکرێت سەرهەڵبدەن (Streptococcal Complications)، وەک هەوکردنی پەردەی ناوەوەی دڵ(Endocarditis)،(Rheumatic Fever)،(Glomerulonephritis).
** نیشانەکانی (Rheumatic Fever):
* تا.
* ئازار و ئاوسانی جومگەکان (زیاتر لە جومگەیەک) بە تایبەتی قولەپێ، ئەژنۆ، ئانیشک و مەچەک.
* گرێ یان زیپکەی بچووکی بێ ئازار لە ژێر پێست.
* جوڵەی لەناکاو بێ ویست و ناڕێک و نیشانەکانی (Sydenham’s Chorea).
* وشکبوونەوە و سووتانەوەی پێست.
* هەوکردنی دڵ (Carditis) کە دەکرێت بە گشتی نیشانەی نەبێت و هەندێک جاریش دەبێتە هۆی: هەناسە کورتی، دڵ پەلەپەل کردن، ئازاری سنگ.
** نیشانەکانی (Glomerulonephritis): نەخۆشیەکی گورچیلەیە:
* بێ تاقەتی و بێ هێزی.
* زۆر میزکردن (بڕی میز).
* بوونی خوێن لە میزدا (تۆخبوونی ڕەنگی میز).
* ئازاری جومگەکان.
* ئاوسان (Edema).
* بەرزبوونەوەی فشاری خوێن (Hypertension).
مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟
– دەرکەوتن و زیادبوونی بڕی دژەتەنەکە لە خوێندا چەند هەفتەیەکی پێدەچێت، و بەگشتی پاش نزیکەی (۳-٥) هەفتە دوای تووشبوون بە بەکتریاکە دەگاتە لوتکە، پاشان دژەتەنەکە بۆ چەند مانگێک دوای تووشبوونەکە لە خوێن دا دەمێنێتەوە، زیاتر لە (۸۰٪) ی توشبوانی (Rheumatic Fever) و (۹٥٪) ی توشبوانی (Glomerulonephritis) هۆکارەکەی بەکتریایی (Streptococci) و دەکرێت ئەنجامی شیکاریەکەیان بەرز بێت.
– بەرزی ئەنجامی شیکاریەکە یان پۆزەتیڤ بوونی، مانای هەوکردن بە بەکتریاکانی گروپی (C, G, A)ی (Streptococcus) دەگەیەنێت.
– ئەنجامی کەمی شیکاریەکە یان نێگەتیڤ بوونی، مانای نەبوونی هەوکردن بە بەکتریاکانی گروپی (C, G, A)ی (Streptococcus) دەگەیەنێت، وە پێویستە پاش (۱۰-۱٤) ڕۆژ دووبارە شیکاریەکە ئەنجام بدرێتەوە بۆ دڵنیایی زیاتر، ئەگەر دووبارە نێگەتیڤ بوو مانای وایە گرفتەکە بەهۆی بەکتریای گروپەکانی (C, G, A)ی (Streptococcus)وە نییە، بە پێچەوانەوە ئەگەر زیادی کرد مانای هەوکردن دەگەیەنێت.
– بەرزی ئەنجامی شکاریەکە و پاشان کەمبوونەوەی پاش وەرگرتنی چارەسەری مانای سوودبینین لە چارەسەریەکە دەگەیەنێت.
** بەگشتی ئەنجامی شیکاری (ASO titer) هەبوونی هەوکردن بە بەکتریای ((Streptococcus)(C, G, A)) لە پێشتردا ڕووندەکاتەوە، بەڵام ئەنجامی شیکاریەکە بۆ دەستنیشانکردن ،و وەرگرتنی چارەسەر ،و خۆپاراستن لەو گرفتانە زیاتر سوودی لێ وەردەگیرێت کە بەهۆی هەوکردن بەم بەکتریایانە دەکرێت لە داهاتوودا سەرهەڵبدەن.
هۆکارە کارتێکەرە لاوەکییەکان لەسەر ئەنجامی شیکاری (ASO titer):
– وەرگرتنی دژەبەکتریاکان دەکرێت کارگەری هەبێت لەسەر ئەنجامی شیکاریەکە و بەهەڵە نێگەتیڤ دەربچێت (False Negative).
– نەخۆشیەکانی جگەر و سیل (Tuberculosis) دەکرێت کارگەریان هەبێت لەسەر ئەنجامی شیکاریەکە و بە هەڵە پۆزەتیڤ دەربچێت (False Positive).
** هەربۆیە دووبارەکردنەوە شیکاریەکە پاش (١٠-١٥) ڕۆژ گرنگە.