شیکاریەکی خوێنە دەستنیشانی بڕی هۆرمۆنی (Dehydroepiandrosterone Sulfate)(DHEAS)دەکات لە خوێن دا، کە لەلایەن ڕژێنی سەرگورچیلەوە دەردەدرێت، بە بڕی جیاواز لە هەردوو ڕەگەزدا، بەڵام لە ڕەگەزی نێردا بڕی دەردانی هۆرمۆنەکە زیاترە هەربۆیە بە یەکێک لە سێکس هۆرمۆنەکانی تایبەت بە ڕەگەزی نێر هەژمار دەکرێت، شیکاری بڕی هۆرمۆنەکە سوودی لێوەردەگیرێت بۆ چاودێریکردنی کاری ڕژێنی سەرگورچیلە، هۆرمۆنی (DHEAS) یارمەتیدەرە لە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی تری وەک (Testosterone) لە پیاوان و (Estrogen) لە ئافرەتان دا.
ڕۆڵی هۆرمۆنەکە:
هۆرمۆنی (DHEAS) بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕژێنی سەرگورچیلە و بڕێکی کەمیش لەلایەن هێلکەدان یان گونەکانەوە دەردەدرێت، و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەکردنی سیفەتە جەستەیی و فیسیۆلۆجیەکانی ڕەگەزی نێر دوای باڵقبوون، دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ هۆرمۆنەکانی تری وەک (Testosterone)(Androstenedione) لە پیاوان و (Estrogen) لە ئافرەتان دا.
کەی شیکاری (DHEAS) ئەنجام دەدرێت؟
بەگشتی شیکاری (DHEAS) بۆ چاودێری کردنی کاری ڕژێنی سەر گورچیلە و دەستنیشانکردنی ناڕێکی (تێکچونی هاوسەنگی)هۆرمۆنەکان ئەنجام دەدرێت، بەڵام زۆر کات بەتەنها ئەنجام نادرێت و پێویست دەکات لەگەڵ شیکاری هۆرمۆنەکانی تر پێکەوە ئەنجامبدرێن.
شیکاری (DHEAS) لەم کاتانەدا دەکرێت ئەنجام بدرێت:
* لە ئافرەتان دا لەکاتی دووگیان نەبوون و وەستان یان ناڕێکی سوڕی مانگانە (Amenorrhoea) و نەمانی ئارەزووی سێکسی یان دەرکەوتنی گۆڕانکاریە جەستەییەکانی هاوشێوەی پیاو (Virilisation)، دەرکەوتەکانی وەک (دەنگ گڕ بوون، زیادبوونی مووی دەم و چاو، زیادبوونی ماسولکەکان و ڕووتانەوە قژ، زیپکە (عازەبە)، گەورەبوونی سێوی ئادەم و بچووک بوونەوەی مەمک).
* لە کچانی تازە پێگەیشتوو (تازە باڵقبوو) دا ئەگەرهەمان نیشانەکانی (Virilisation) دەرکەوتن، دەکرێت شیکاری (DHEAS) لەگەڵ شیکاری سێکس هۆرمۆنەکانی تردا ئەنجام بدرێت.
* دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی بوونی کیسی هێلکەدان (PCOS)لەگەڵ شیکاری سێکس هۆرمۆنەکانی تردا ئەنجام بدرێت.
* لە منداڵی تازە لەدایکبووی کچ دا کە ئەندامی زاوزێی ئاشکرا دیار نییە (کوڕە یان کچ) (Ambiguous Genitalia). دەکرێت شیکاری (DHEAS) ئەنجامبدرێت.
* لە منداڵی کوڕدا لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی باڵقبوون (دەنگ گڕ بوون، زیادبوونی ماسولکە و دەرکەوتنی موو و گەورەبوونی ئەندامی زاوزێ) بەر لە تەمەنی باڵقبوونی ئاسایی دەکرێت شیکاری (DHEAS) ئەنجامبدرێت.
* دەستنیشانکردنی سەرەتایی جۆری (گرێ یان لوو) ی دروست بوو لە ڕژێنی سەر گورچیلە، ئایا گرێی شێرپەنجەین یاخود نا.
ڕێژەی ئاسایی شیکاریەکە:
ڕێژەی ئاسایی هۆرمۆنی (DHEAS) بۆ هەر تەمەن و ڕەگەزێک گۆڕانی بەسەردا دێت، بەشێوەیەکی ئاسایی لە منداڵی تازە لەدایکبوودا ڕێژەکەی بەرزە و پاشان کەمدەبێتەوە تا نزیکی تەمەنی باڵقبوون دووبارە ڕێژەکەی زیاد دەکاتەوە تا دەگاتە زۆرترین بڕ لە دوای باڵقبوون چەند ساڵێک بڕەکەی بە بەرزی دەمێنێتەوە و پاشان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن بڕی هۆرمۆنەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
– Children(Male & Female)
<1 week: 108-607 μg/dl
1-4 weeks: 31.6- 431 μg/dl
1-12 month: 3.3-123.6 μg/dl
1-4 years: 0.47-19.4 μg/dl
5-10 years: 2.8-85.2 μg/dl
– Male (Adult):
10-14 years: 24.4-247 μg/dl
15-19 years: 70.2-492 μg/dl
20-24 years: 211-492 μg/dl
25-34 years: 160-449 μg/dl
35-44 years: 88.9-427 μg/dl
45-54 years: 44.3-331 μg/dl
55-64 years: 51.7-295 μg/dl
65-74 years: 33.6-249 μg/dl
>75 years: 16.2-123 μg/dl
– Female (Adult):
10-14 years: 33.9-280 μg/dl
15-19 years: 65.1-368 μg/dl
20-24 years: 148-407 μg/dl
25-34 years: 98.8-340 μg/dl
35-44 years: 60.9-337 μg/dl
45-54 years: 35.4-256 μg/dl
55-64 years: 18.9-205 μg/dl
65-74 years: 9.4-246 μg/dl
>75 years: 12-154 μg/dl
نیشانەکانی ناڕێکی هۆرمۆنەکە:
دەرکەوتنی نیشانەکانی ناڕێکی ڕێژەی هۆرمۆنەکە لەکەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازە و دەکرێت هەندێک جار هیچ نیشانەیەکی دەرنەکەوێت بەتایبەتی لەکاتی زۆری هۆرمۆنەکە لە پیاوان دا (کەلەم بارەدا دەکرێت گرنگی پێ نەدرێت) ، بەڵام بەگشتی نیشانەکانی ناڕێکی بڕی هۆرمۆنەکە بریتین لە:
بەرزی رێژەی هۆرمۆنەکە:
لە ئافرەتان دا دەکرێت ببێتە هۆی:
* ناڕێکی سوڕی مانگانە و هەندێک جار وەستانی.
* زیادبوونی مووی لەش و بەتایبەت دەمووچاو.
* زیپکە (عازەبە) بە ڕادەیەکی زۆر.
* ڕووتانەی قژ.
* کەمکردنەوەی ئەگەری دووگیان بوون.
لە پیاواندا کاریگەریەکی زۆری نابێت، دەکرێت ببێتە هۆی:
* گڕبوونی زۆری دەنگ.
* گەورەبوونی سێوی ئادەم.
* زیادبوونی ماسولکەکانی لەش و پوکانەوەی مەمک.
* قژ ڕووتانەوە.
** لە منداڵانی کوڕی تازە پێگەیشتودا دەبێتە هۆی باڵقبوونی پێشوەختە و دەرکەوتنی سیفەتە جەستەیی و فیسیۆلۆجیەکانی قۆناغی باڵقبوون.
** کەمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە بەپێی تەمەن کاریگەری جیاواز دروست دەکات لەوانە (نەمانی ئارەزووی سێکسی و توانای ڕەپبوونی چووک یان کورتی ماوەی ڕەپبوونەکە و کەمبوونەوەی جارەکانی سێکس کردن، پوکانەوە و لاوازبوونی ئێسک و ماسولکەکان و کۆبوونەوەی چەوری لەلەشدا).
مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت:
ئاسایی بوونی بڕی هۆرمۆنی (DHEAS) و هۆرمۆنەکانی تری (Androgen) مانایی تەندروستی و ئاسایی بوونی ڕژێنی سەر گورچیلە دەگەیەنێت.
ئەگەر کەسێک نیشانەکانی بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکەی تێدا دەرکەوتبوو هاوکات ئەنجامی شیکاری بڕی (DHEAS)ەکەی بەرزبوو دەکرێت دەرکەوتەکان بەهۆی ناڕێکی هۆرمۆنی (DHEAS) وە بێت، بەڵام بەگشتی بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنی (DHEAS)، بەتەنها ناتوانرێت وەک دەستنیشانکەرێکی تەواو بۆ هیچ حاڵەتێکی تەندروستی پشتی پێ ببەسترێت هەر بۆیە پێویستی بە ئەنجامدانی شیکاری هۆرمۆنەکانی تر دەبێت (چونکە هۆرمۆنەکان پێکەوە کاردەکەن).
بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت نیشانەبێت بۆ بوونی خانەی شێرپەنجەیی لە ڕژێنی سەر گورچیلە (لە هەندێک باری دەگمەنی شێرپەنجەدا کە تووشی ڕژێنی سەرگورچیلە دەبێت، بڕی (DHEAS) بە ئاسایی دەمێنێتەوە) یان نەخۆشی (Cushing) یان (Adrenal Hyperplasia) یان بوونی کیسی هێلکەدان یان شێرپەنجەی هێلکەدانەوە بێت.
کەمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت بەهۆی ناڕێکی کاری ڕژێنی سەرگورچیلەوەبێت کە ناتوانێت بڕی پێویست لە هۆرمۆنەکە دەربدات (Adrenal Insufficiency)، یان بەهۆی کەمبوونەوەی هۆرمۆنەکانی ژێرمێشکە ڕژێن (Hypopituitarism) کە کاریان ڕێکخستنی فرمانی ڕژێنی سەرگورچیلەیە یان بەهۆی نەخۆشی (Addison Disease).
کارتێکەرە لاوەکیەکان:
* هەندێک جۆری دەرمان کاریگەری لاوەکیان دەبێت لەسەر ئەنجامی شیکاریەکە وەک (Corticosteroids)(Estrogen Supplements) هەندێک دژەزیندەکان، بۆیە پێویستە لەکاتی ئەنجامدانی شیکاریەکە دکتۆرەکەت ئاگاداری سەرجەم ئەو دەرمانانەبێت کە بەکاریان دێنیت.
* لە ئافرەتاندا باشترین کات بۆ ئەنجام دانی شیکاریەکە هەفتەیەک پێش یان پاش سووڕی مانگانەیە، چونکە دەکرێت سوڕی مانگانە کاریگەری لاوەکی هەبێت لەسەر ئەنجامی شیکاریەکە.
* نەخۆشیەکانی و گرفتە تەندروستیەکانی وەک (Diabetes)(Dementia)(Lupus)(AIDS)(Chronic Fatigue Syndrome).
شیکارییە پەیوەندارەکان:
• Follicle-Stimulating Hormone (FSH).
• Luteinizing Hormone (LH).
• Estradiol.
• Testosterone.
• Prolactin.
• 17-Hydroxyprogesterone.
• Androstenedione.