یان (Lipoprotein-associated phospholipase A2):
شیکاریەکی خوێنە پێوانی ڕێژە و چالاکی ئەنزیمی (Lp-PLA2) دەکات لە خوێندا، کە یارمەتیدەرێکی گرنگە بۆ چاودێری کردن و دەستنیشانکردنی هەوکردن یان ڕەقبوونی بۆریەکانی خوێن (Atherosclerosis)، زیادبوونی بڕی ئەنزیمەکە دەبێتە هۆی هەوکردن یان برینداربوونی بۆریەکانی خوێن و نەخۆشیەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێن (Cardiovascular Disease (CVD))، تەسکبوونەوە و گیرانی بۆریەخوێنەکانی دڵ (خوێنبەری تاجی)(Coronary Heart Disease (CHD))(جەڵدەی دڵ)و تەسکبوونەوە و گیرانی خوێنبەرەکان (Ischemic Stroke) بەتایبەت مێشک (جەڵدەی مێشک).
ئەگەر ئەنزیمی (Lp-PLA2) لە خوێندا زیادبوو دەکرێت نیشانەبێت بۆ نیشتنی چەوری و تەسکبوونەوە و گیرانی بۆریەکانی خوێن کە ئەمەش باووترین هۆکاری توشبوونە بە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵدەی دڵ و مێشک، (Coronary Heart Disease (CHD))(Ischemic Stroke) سەرهەڵدەدەن بەهۆی نیشتین و کەڵەکەبوونی چەوری لەنێو بۆریەکانی خوێندا (خوێنبەرەکان).
هەربۆیە شیکاری ئەنزیمی (Lp-PLA2) دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ دیاریکردنی مەترسیەکانی سەرهەڵدان و تووشبوون بە نەخۆشیەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێن و وەرگرتنی چارەسەری بەر لە تووندبوونی حاڵەتەکە.
نەخوشیەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێن یەکێک لە باووترین و مەترسیدارترین نەخۆشیەکانن کە ساڵانە هۆکاری مردنی و پەککەوتنی چەندان کەسە.
تایبەتمەندی شیکاری (Lp-PLA2):
شیکاری (Lp-PLA2)بەکاردێت بۆ چاودێریکردنی هەوکردن و تەسکبوونەوەی بۆریەکانی خوێن و نەخۆشیەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێن (Cardiovascular Disease (CVD))، هەندێک جار شیکاریی (CRP) بۆ هەمان مەبەست بەکاردێت بەڵام شیکاری (CRP) لەکاتی بوونی چەندین جۆری هەوکردن تر وەک (Arthritis) هتد.. دا زیاد دەکات بەمەش ناتوانرێت بە وردی دەستنیشانی حاڵەتەکە بکات، بەڵام (Lp-PLA2) تایبەتمەندە بە دڵ و بۆریەکانی خوێن و ئەنجامێکی دڵنیاکەرەوەمان دەداتێ.
بۆچی شیکاری (Lp-PLA2) ئەنجام دەدرێت؟
شیکاریەکە سوودی لێوەردەگیرێت بۆ چاودێرێکی کردنی تەندروستی ئەوکەسانەی کە مەترسی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێنیان لێ دەکرێت.
کەی پێویستە شیکاری (Lp-PLA2) ئەنجامبدرێت؟
– لەکاتی دەرکەوتنی مەترسی سەرهاڵدانی نەخۆشیەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێن(CVD)، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە لە خێزان و خزمە نزیکەکانیاندا نەخۆشیەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێن هەیە.
– لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری بۆ چاودێری کردنی کاریگەریەکانی چارەسەریەکە.
– دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە ڕێژەی چەوریەکانیان ئاساییە و تەندوستیەکی باشیان هەیە شیکاریەکە ئەنجامبدرێت کاتێک پزیشک مەترسی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێن هەستپێدەکات.
** هۆکارە کارتێکەرەکان کە مەترسی نەخۆشیەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێن زیاد دەکەن (بەرزی فشاری خوێن، شەکرە، جگەرەکێشان، قەڵەوی و کێشی زیاد، کەمی جوڵە و وەرزش نەکردن، خواردنی خۆراکی ناتەندروست، بەرزی ڕێژەی کۆلسترۆڵ (Cholesterol) و بەتایبەت جۆرە خراپەکەی کە (LDL)ە بە پێچەوانەوە کەمی جۆرەباشەکەی کۆلسترۆڵ (HDL). (مەرج نیە بە هەبوونی هۆکارە کارتێکەرەکان کەسەکە توشی نەخۆشیەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێن ببێت، و بە پێچەوانەشەوە)، بەڵام ئەم هۆکارانە مەترسی تووشبوون زیاد دەکەن.
مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟
بەرزی ڕێژەی ئەنزیمی (Lp-PLA2) مانای زیادبوونی مەترسی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی سووڕی خوێنە وەک (Coronary Heart Disease (CHD)) و (Ischemic Stroke).
بەڵام بەرزی ڕێژەی ئەنزیمەکە تەنها مەترسی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکان پیشان دەدات و وەک دەسینیشانکردنی نەخۆشیەکان سوودی لێ نابینرێت، دەکرێت کەسێک بڕی ئەنزیمەکەی بەرز بێت و گرفتی تەندروستیشی بۆ دروست نەبێت و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام بەگشتی لەوکەسانەی بڕی ئەنزیمەکە کەمترە مەترسیەکانیش کەمترن.
ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی شیکاریەکە:
باشتر وایە پێش ئەنجامدانی شیکاریەکە نزیکە ۱۲ کاتژمێر هیچ خواردن و خواردنەوەیەک نەخورێت (جگە لە ئاو)، پاشان دەتوانرێت سەردانی تاقیگە بکرێت بۆ ئەنجامدانی شیکاریەکە.
شیکاریە پەیوەندارەکان:
– C-reactive protein (CRP)
– Cholesterol
– Triglycerides
– HDL (Good) cholesterol
– LDL (Bad) cholesterol