شیکاری (β-hCG):

شیکاری (β-hCG) دەستنیشانی ڕێژەی هۆرمۆنی (Human Chorionic Gonadotropin) دەکات لە خوێن دا، بەشێوەیەکی ئاسایی ئەم هۆرمۆنە لەکاتی سکپڕی لەلایەن خانەکانی وێڵاشەوە دەردەدرێت و دەچێتە ناو خوێنەوە (وێڵاش خۆراک دەدات بە هێلکە دوای پیتاندن و دەیچەسپێنێ بە دیواری منداڵدانەوە)، هۆرمۆنەکە پاش (١١ ڕۆژ) لە پیتانی هێلکە، لە خوێن دا دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت پاش (١٤ ڕۆژ) لە میزدا دەستنیشان دەکرێت، پاش پیتاندنی هێلکە هۆرمۆنەکە لە هەر (٤٨-٧٢) کاتژمێردا ڕێژەکەی دووهێندە زیاد دەکات، ڕێژەی هۆرمۆنەکە بەردەوام زیاد دەکات تا دەگاتە ئەوپەڕی لە (٨-١١) هەفتەی سەرەتادا. و پاشان ڕێژەکەی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.

کەی شیکاری (β-hCG) ئەنجام دەدرێت:

* لەکاتی هەستکردن بە دووگیانی ئەم شیکاریە ئەنجام دەدرێت و باشترین کات بۆ ئەنجامدانی شیکاریەکە دوای تێپەڕبوونی (١٠ ڕۆژە) لە دواکەوتنی سووڕی مانگانە.

* لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی سکپڕی لەدەرەوەی منداڵدان، نیشانەکانی (بوونی خوێن، ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت و سک)، نیشانەکانی تەشەنەدەسێنێت بۆ (سەرگێژخواردن و بێهێزی، لەهۆشچوون، دابەزینی پەستانی خوێن، ئازاری ناوشان، ئازاری تووند و لەناکاو (بروسکە) لە ناوچەی حەوز، ڕشانەوە و تالێهاتن) هەندێک جار دەبێتە هۆی (دڕان و خوێن بەربوون لە ناوچەی پێوەبەندبوونەکەدا).

* لەکاتی هەستکردن بە بوونی خانەیی شێرپەنجەیی بە تایبەت لە ئەندامی زاوزێ دا..

* لەکاتی هەستکردن بە نیشانەکانی نەخۆشی (Gestational Trophoblastic Disease)، نیشانەکانی (بوونی خوێن لە کاتی دووگیانی، کەم خوێنی و بێ هێزی، بەرزبوونەوەی خێرای سک، دڵ تێکەڵاتن و ڕشانەوە)(زیادبوونی خێرای ڕێژەی هۆرمۆنەکە و دەرنەکەوتنی کۆرپەلە لە پشکنینی سۆنار دا).

بۆچی شیکاری (β-hCG) ئەنجام دەدرێت:

شیکاری (β-hCG) بە گشتی بۆ دوو مەبەستی سەرەکی بەکاردێت.

* بۆ دەستنیشانکردنی سکپڕی لە ڕۆژەکانی سەرەتای سکپڕی دا، هەروەها دەستنیشانکردنی:

– تەمەنی کۆرپەلە (بە نزیکەیی).

– سکپڕی ناتەندروست وەک (سکپڕی لەدەرەوەی منداڵدان (Ectopic Pregnancy)).

– لەبارچوونی نادیار.

– بوونی ناڕێکی جینی لە کۆرپەلە دا وەک (مەنگۆلی).

– سکپڕی پێش ئەنجامدانی پشکنینی تیشکی (X-rays) و وەرگرتنی ئەودەرمانانەی کە زیان بە کۆرپەلە دەگەیەنن.

* بۆ دەستنیشانکردنی هەندێک جۆری شێرپەنجە، چونکە هۆرمۆنەکە لەلایەن هەندێک جۆری خانە شێرپەنجەییەکانەوە دەردەدرێت.

– لە ئافرەتاندا: شێرپەنجەی (منداڵدان، مەمک، هێلکەدا).

– لە پیاودا: شێرپەنجەی (گوونەکان).

– شێرپەنجەکانی تری وەک (سییەکان،جگەر، پێست)..

** هەندێک جار بەهۆی بەمۆم بوونی جگەر وهەوکردنی توندی ڕیخۆڵەکان و بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمانەوە، ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت زیاد بکات.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

* کەمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە لە خوێندا مانای وایە پیتاندنی هێلکە ڕووینەداوە یان پێش وەخت شیکاریەکەی ئەنجامداوە چونکە پێویستی بە تێپەڕبوونی (١١ ڕۆژ) هەیە بەسەر پیتاندنی هێلکەدا تا ڕێژەی هۆرمۆنەکە لە خوێندا دەستنیشان بکرێت.

* زیادبوونی ڕێژەی هۆرمۆنەکە بەشێوەیەکی ئاسایی مانایی پیتانی هێلکە (سکپڕی) دەگەیەنێت.

* زیادبوونی هێواشی(زیاد بوونێکی کەمتر لە ئاسایی) ڕێژەی هۆرمۆنەکە لە ئافرەتاندا مانای سکپڕی لەدەرەوەی منداڵدان دەگەیەنێت (ئاسایی ڕێژەی هۆرمۆنەکە پێویستە پاش ٤٨-٧٢ کاتژمێر ڕێژەکەی دووهێندە زیادبکات).

* دابەزینی لەناکاوی ڕێژەی هۆرمۆنەکە لە ئافرەتی دووگیاندا دەکرێ بەهۆی لەبارچوونی کۆرپەلەوەبێت یان (بەهۆی هەژمارکردنی هەڵەی ڕۆژەکانی سکپڕیەکەوە بێت)، بەڵام ئەگەر پاش لەبارچوونەکە ڕێژەی هۆرمۆنەکە بەتەواوی کەم نەبووەوە مانای وایە شانەی بەرهەمهێنی هۆرمۆنەکە لە منداڵدان دا بەجێماوە و پێویستە لاببرێت.

* لە پیاوان و ئافرەتان (ئەگەی دووگیان نەبێ) بەشێوەیەکی ئاسایی ڕێژەی هۆرمۆنەکە پێویستە (هێندە کەمبێ)دەستنیشان نەکرێت، بۆیە هەر زیادبوونێک لە ڕێژەی هۆرمۆنەکەدا دەکرێت مانای سەرهەڵدانی خانە شێرپەنجەی بێت.

* زیادبوونی خێراتر لە ئاسایی ڕێژەی هۆرمۆنەکە لە ئافرەتی دووگیاندا دەکرێت (بەهۆی هەژمارکردنی هەڵەی ڕۆژەکانی سکپڕیەکەوە بێت) یان بەهۆی بوونی (دوانە یان سیانە…)وە بێت.

# ڕوونکردنەوە:

* بۆ تێگەیشتنی تەواوی مانای شیکاریەکە، پێویستە دووجار شیکاریەکە ئەنجام بدرێت لە ماوەی (٤٨-٧٢) کاتژمێردا.

* شیکاری (β-hCG) بە (خوێن و میز) ئەنجام دەدرێت، بەشێوەی ژمارەیی و دیاریکردنی ڕێژەی هۆرمۆنەکە (لە خوێن دا)(β-hCG titer) ئەنجامێکی دروستتر دەدات بەدەستەوە.