ئەنزیمی (Amylase) یەکێکە لەو ئەنزیمانەی کە لەلایەن پەنکریاسەوە دەردەدرێن، شیکاری ئەنزیمی (Amylase) سوودی لێوەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی بڕی ئەنزیمەکە لە خوێن دا.
پەنکریاس(Pancreas) ئەندامێکی بچووکە دەکەوێتە نێوان گەدە و بڕبڕەی پشت چەندین فرمانی گرنگی هەیە وەک دەردانی هۆرمۆنی ئەنسۆلین (Insulin) و ئەنزیمەکانی لایپەیز(Lipase) و ئەمایلەیز(Amylase) هتد.. لە ڕێگەی کەناڵێکەوە دەردراوەکانی دەڕژێتە ناو ڕیخۆڵەی دوانزەگرێ.
ئەنزیمی (Amylase) پرۆتینێکی تایبەتە کە لەلایەن پەنکریاس و لیکەڕژێنەکانەوە دەردەدرێت و کاری ئەنزیمەکە شیکردنەوەی کاربۆهیدرات یان نیشاستەیە(Starch) بۆ شەکری سادەتر تا لەش بتوانێت سوودی لێ وەربگرێت و وەک سەرچاوەیەکی وزە بەکاری بهێنێت ، بە گشتی بڕێکی کەم ئەنزیمی (Amylase) لە خوێن دا هەیە. بەڵام لەکاتی هەوکردن یان بەرکەوتنی هەرزەبرێک کە کار لە فرمانی پەنکریاس بکات، دەبێتە هۆی تێکچوونی بڕی دەردانی دەردراوەکان و لەکارکەوتنی پەنکریاس.
بۆچی شیکاری (Amylase) ئەنجامدەدرێت؟
لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی پەیوەست بە تێکچوونی فرمانی پەنکریاس(Pancreatic Disorder) و لیکەڕژێنەکان و زیاد یان کەم بوونی بڕی ئەنزیمی (Amylase) لە لەشدا، دکتۆر پێشنیاری ئەنجامدانی شیکاری (Amylase) دەکات، کە هاوکات پێویستە شیکاریی (Lipase)یش ئەنجام بدرێت.
هەروەها بۆ جیاکاری و دەستنیشانکردنی ماوەی سەرهەڵدانی نەخۆشی پەنکریاس، ئایا ماوەیەکی زۆرە و بەردەوامە (Chronic Pancreatitis)(کە سەرەتا بڕی ئەنزیمەکە کەمێک زیاد دەکات و پاشان بەرەو کەمبوونەوە و لەکارکەوتنی پەنکریاس دەچێت) یان توشبوونەکە تازە و لەناکاو و توندە(Acute Pancreatitis)(لەم بارەیاندا بڕی ئەنزمەکە چەند بەرامبەری بەرزترین بڕی ڕێژەی ئاسایی زیاد دەکات).
لەکاتی بوونی نەخۆشی (Cystic Fibrosis) کە نەخۆشیەکە بەهۆی ناڕێکیەکی بۆماوەیی سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی هەوکردنی سییەکان و کاریگەری لاوەکی دەبێت لەسەر کاری پەنکریاس.
نیشانەکانی بوونی گرفت لە پەنکریاس دا:
* ئازار لە بەشی سەرەوەی سک و دەچێت بۆ پشت.
* نەمانی ئارەزووی خواردن.
* بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
* دڵ تێکهەڵاتن.
*زیاد بوونی لێدانی دڵ.
*سکچوون و چەوربوونی پیسایی.
مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟
* کەمی بڕی (Amylase) مانای وایە پەنکریاس بڕی پێویست لە پرۆتینەکە دروست ناکات، دەکرێت بەهۆی:
– لەکارکەوتنی خانەکانی پەنکریاس بەهۆی نەخۆشی و هەوکردنی پەنکریاس بۆ ماوەیەکی درێژ (Chronic Pancreatitis).
– لەکارکەوتنی جگەر (Liver Failure).
– زیاد بەکاربردنی خواردنەوە کهولیەکان (Alcoholism).
* زۆر بڕی (Amylase) مانای وایە پەنکریاس بڕێکی زیاد لە پێویست پرۆتینەکە بەرهەم دێنێت، دەکرێت بەهۆی چەندین هۆکاری ڕاستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆ کاری تێبکرێت:
– نەخۆشی لەناکاو و توندی پەنکریاس(Acute Pancreatitis).
– نەخۆشی گورچیلە و لاوازی کاری گورچیلە (Kidney Disease).
– شێرپەنجەی پەنکریاس و سییەکان و مەمک و کۆڵۆن و منداڵدان.
– هەڵئاوسان و هەوکردنی لیکەڕژێنەکان (Swollen Salivary Glands).
– هەوکردنی ڕیخۆڵە کوێرە (Acute Appendicitis).
– بوونی کیس یان برین یان دومەڵ لە نێو کەناڵی پەنکریاسدا ناهێڵێت بڕی ئەنزیمی بەرهەم هاتوو بگاتە ڕیخۆڵەکان.
– نەخۆشی ملەخڕێ (Mumps).
– زیاد بەکار بردنی خواردنەوە کهولیەکان(Alcoholism).
– هەوکردن و گیرانی ڕیخۆڵەکان (Intestinal Obstruction).
– هەوکردنی زراو و بوونی بەردی زراو (دەکرێت ببێتە هۆی گیرانی کەناڵی پەنکریاس).
شیکاریە پەیوەندارەکان:
– Creatinine Clearance.
– Lipase.