یان (Seminogram):
شیکاری تۆواو یەکێک لە شیکاریە تاقیگەییە گرنگەکانە، کەزۆربەی پزیشکانی نەزۆکی و ژنان و منداڵبوون بۆ هاوسەری ئەو ئافرەتانهی دەنووسن، کە بۆ مەبەستی دواکەوتنی سکپڕبوونیان(دوگیان بونیان) سەردانیان دەکەن، بۆ دڵنیایی پزیشکەکە تا بزانێت کێشەکە بۆ پیاوەکە دەگەڕێتەوە یاخود نا.
سەرەتا ئەم شیکاریە بۆ هاوسەری ئافرەتەکە دەنوسرێت، ئەگەر هاتوو کێشەکە هی پیاوەکە نەبوو، پاشان پزیشک دەستنیشانی ئەو هۆکارانە دەکات کەبوونەتە دواکەوتنی دوگیانبوونی ئافرەتەکە و چارەسەیان دەکات.
هەروەها ئەم شیکاریە بۆ ئەو پیاوانەش دەنوسرێت کە نەشتەرگەری بڕینی بۆریچکەی تۆواو (Vasectomy)یان بۆکراوە.
تۆو لە پياواندا لە گونەكاندا دروست دەبيت كە ڕێژەى (٥-۲٪) تۆواو پێكدێنێت، هەرچى تۆواوە جوڵەى تۆوەكان ئاسان دەكات و سهرچاوهی ووزە و خۆراكی تۆوهكانه.
چۆن نمونەی تۆواوەکە وەردەگیرێت؟
تۆواوەکە لە قوتویەکی دەم پەلی خاوێندا کۆدەکرێتەوە کە هیچ ماددەیەکی پاکژکردنەوە و کیمیایی تێدا نەبێت، لە ڕێگەی دەستپەڕ یان جوتبوونەوە وەردەگیرێت و لەکاتی وەرگرتنی نمونەی تۆواو دا نابێت هیچ ماددەیەکی چەورکردن بەکاربێت، دەتوانرێت لەژوورێکی نزیک تاقیگە یان لە ماڵەوە بهێنرێت بەمەرجێک لە ماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێر بگاتە تاقیگە (بخرێتە بەرباخەڵ و نزیک بێت لە گەرمایی لەشەوە).
پێویستە نمونەی شیکاریەکە لە ماوەی یەک کاتژمێردا شیکاریەکەی بۆ ئەنجامبدرێت.
چی پێویستە بکرێت بەر لە شیکاریەکە:
** لەش پێویستی بە نزیکەی ٧٢ کاتژمێر هەیە بۆ دروست بوونی تۆوێکی تەواو پێگەیشتوو کە توانای پیتاندنی هێلکەی هەبێت، بۆيه پێویستە پێش ئەنجامدانی ئەم شیکاریە بۆ ماوەی (۲-٥ ڕۆژ) خۆبەتاڵنەکرێتەوە (سەرجێی نەکرێت)، تا ئەنجامێکی دروستمان دەستبکەوێت.
شيكاری تۆواو چی لەخۆدەگرێت؟
شیکاری تۆواو کۆمەڵێک شیکاری ورد لەخۆدەگرێت وەک؛
– قەبارە و چڕی تۆواو (Semen Volume and Density).
– ژمارەی تۆوەکان (Sperm Number).
– شێوە و ڕواڵەتی تۆوەکان (Sperm Morphology).
– خێرایی و شێوازی جوڵەی تۆوەکان (Sperm Motility).
– دیاریکردنی بوونی خرۆکەی سوور و سپی لە تۆواودا (RBC & WBC).
– دیاریکردنی قەبارەی تۆوەکان.
– پلەی ترشێتی و تفتێتی تۆواو (Semen PH).
– دیاریکردنی کاتی پێویست بۆ خاوبوونەوە و گرفتی تۆپەڵبوونی تۆوەکان.
– بۆن و ڕەنگی تۆواوەکە.
– شیکاری ڕێژەی شەکری فرکتۆز (Fructose).
شیکاریەکە سەرەتا بە دیاریکردنی خەسڵەتەکانی تۆواو دەستپێدەکات کە بریتین لە:
– قەبارەی تۆواو (Semen Volume).
– بۆنی تۆواو.
– ڕەنگی تۆواو: تۆواوی ئاسایی ڕەنگی سپی ڕهساسی باوی هەیە (Whitish-Gray)، ناشەفافە ،بوونی خرۆکەی سوور لە تۆودا ڕەنگەکەی پەمەیی یان سووری قاوەیی باو دەکات.
– شلبوونەوەی تۆواو (Liquefaction): تۆواو وەک شلەیەکی مەیوو (Coagulum)ە بە سروشتی، کە دەردرا (هاتە دەرەوە) شل دەبێتەوە لەماوەی نیو کاتژمێردا، بۆیە شل نەبوونەوەی لە ماوەی یەک کاتژمێردا ناسروشتی یە.
– لینجی (Viscosity): لینجی دوای شل بوونەوەی تۆواو دهپێوريت، کە پێویستە تۆپەڵبوون و بەیەکدانووسانی تێدانەبێت، چونکە جوڵەی تۆوەکان بۆ گەیشتن بە هێلکە بۆ پیتاندن کەم دەکاتەوە.
– ناتەواوی لە خەسڵەتی کیمیایی تۆواو دا: پەیتی (PH) تۆو لە نێوان (۷٫۲- ۸ ) واتە کەمێک لە ناوەندێکی تفتدایە (Alkaline) هەر گۆڕانێک لە ڕێژەی ترشێتی و تفتێتی تۆواو کار لەسەر توانای پیتاندن (Fertility)ی تۆوەکان دەکات.
– شیکاری ڕێژەی شەکری فرکتۆز (Fructose)، جۆرە شەکرێکە لە تۆواودا کە بڕی وزەی پێویست بۆ تۆوەکان فەراهەم دەکات کە بە پێی ڕێخراوە تەندروستی جیهانی (WHO) بڕەکەی (١٣ مایکرۆمۆڵە بۆ هەر نمونەیەکی تۆواو).
پاشان چەند نمونەیەک لە تۆواو وەردەگیرێت لەلایەن کەسی پسپۆڕ و بە ئامێر و وردبینی تایبەت شیکاری بۆ تۆوەکان دەکرێت کە چەند شیکاریەک لە خۆدەگرێت:
* ژمارەی تۆوەکان (Sperm Number)
دیاریکردنی ژمارەی تۆوەکان لە ناو تۆواودا کە پێویستە (۱٥ ملیۆن تۆو بۆ هەر مل ێک لە تۆواو) زیاتربێت.
* شیکاری جوڵهی تۆوەکان (Sperm Motility)
بهلایەنی كهمهوه دهبيت ڕيژهی تۆوی جوڵاو (چالاك) لهسهدا پهنجا كەمتر نهبيت كهدهكريت بهچوار گروپهوه بەپێی خێرای و ئاڕاستەی جوڵەکردنیان:
– زۆر خێرا و ڕاستڕەوەکان(fast forward).
– خێرای مامناوهند (Medium forward).
– تهمهڵ(Sluggish -Slow forward).
– مردوو یان نهجولاو(Dead or no motile) .
* شیکاری شێوە و ڕواڵەتی تۆوەکان (Sperm Morphology)
تۆوی ساغ و تەواو لە (سەرێکی هێلکەیی و مل و کلک) پێکدێت، ناتەواوی دەکرێت لە شێوەی تۆودا هەبێت وەک:
– سەر: سەری گەورە و زل (Macrocephalic)، سەری بچووک (Microcephalic)، یان سەرێکی وردی زۆرزۆر بچووک (Tapering Sperm Head)، سەری پان (Tear Drop Shape)، یان تۆوی دووسەر (Double Head).
– کلک: کلکی لول و چەماوەیی (Coiling & Bend)، کلکی شکاوە یان قرتاو (Broken Tail)، تۆوی چەند کلک (Double and Triple).
ڕێژە ئاساییەکانی شیکاریەکە:
بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە، شیکاری تۆوی کەسێکی ئاسایی (کەسێکی لەش ساغ) بەمجۆرە بووە:
– قەبارەی تۆواو (۲ مل) و زیاتر بێت.
– پلەی ترشێتی و تفتێتی لە نێوان (۷٫۲ – ۸).
– پەیتی سپێرم (۱٥ ملیۆن سپێرم بۆ هەر مل)ێک و زیاتر.
– جوڵەی تۆوەکان پێویستە (زیاتر لەسەدا پەنجایان جوڵەیان بەرەوپێش وخێران)، ئەوانە هەمووی لە ماوەی ٧٢ خولەک دوای وەرگرتنی تۆوەکەیە.
هەندێک دەستەواژە لە شیکاری تۆودا بەکاردێت مانای چی یە؟ وەک:
* پۆلی زوسپێرمیا (Polyzoospermia): بوونی تۆوێکی زۆر لە تۆواودا.
* ئۆلیگۆزوسپێرمیا (Oligozoospermia): ژمارەی تۆوەکان لە (بیست ملیۆن بۆ مل) کەمتربێت.
* هایپۆسپێرمیا (Hypospermia): قەبارەی تۆواو لە ۱٫٥ مل کەمتربێت.
* هایپەرسپێرمیا (Hyperspermia): قەبارەی تۆواو لە ٥٫٥ مل زیاتربێت.
* ئە سپێرمیا (Aspermia): نەبوونی تۆواو.
* ئەزۆسپێرمیا (Azoospermia): واتە هیچ تۆوێک لە تۆواودا بوونی نییە (ڕێژەی تۆو سفرە).
* پایۆسپێرمیا (Pyospermia): خرۆکەی سپی (Leukocytes) لە تۆوەکەدا هەبێت.
* هیماتۆسپێرمیا (Hematospermia): خرۆکەی سوور (Red blood cell) لە تۆوەکەدا هەبێت.
* ئەثینۆسپێرمیا (Asthenozoospermia): جوڵەی تۆوەکان لە (٤۰٪) کەمتربێت.
* تێتراتۆزوسپێرمیا (Teratozoospermia): لە سەدا (٤۰٪) زیاتری شێوەی تۆوەکان نائاسایی (Abnormal) بێت.
* نیکرۆزوسپێرمیا (Necrozoospermia): نەبوونی هیچ تۆوێکی جوڵاو لە تۆوەکەدا (واتە هەموویان مردون).
* ئۆلیگۆئەثینۆزوسپێرمیا (Oligoathenozoospermia): چڕی جوڵەی تۆوەکان لە (۸) ملیۆن بۆ مل کەمتربێت.
ڕێگاکانی شیکاری تۆواو:
** بە ڕێگەی کۆن: کە قەبارە و ترشی و تفتی تۆوەکە (PH) دەپێورێت، دەکرێتە سەر سلاید پاش ئەوەی کە بۆ ماوەی (۲۰-۳۰ خولەک) لە (Incubator) دادەنرێت تا خاو (شل) دەبێتەوە پاشان بەلایەنی کەمەوە سێ سلاید وەردەگرین بە مایکرۆسکۆپ وردبینی بۆ دەکەین بۆ زانینی ژمارە و جوڵە و شێوەی تۆوەکان لەگەڵ بوونی خرۆکەی سپی و سوور لە نمونەی تۆواوەکە دا.
** شیکاری بەڕێگەی ئامێری ئۆتۆماتیکی (Computer assisted semen analysis(CASA)) کە بەم ڕێگەیە ئامێرەکە ژمارە و جوڵە و شێوە و ڕوخساری تۆوەکان دیاریدەکات، پاشان لە ڕێگەی (semen stain)ی تایبەتەوە نمونەیەک لە تۆواوەکە لەسەر سلاید بە زیادکردنی چەند (stain)ێکی تایبەت بەو کارە،سلایدەکە ئامادە دەکەین کە دواتر بە مایکرۆسکۆپ دەخوێنرێتەوە و شێوەی تەواو یان ناتەواوی تۆوەکان لە سەر و مل و کلکیدا دیاریدەکەین و هەریەکەیان ڕێژەی چەندە، بەوەش ڕێژەیتەواوی ناتەواوی (Deformity) تۆوەکان دەست دەکەوێت.