ئەم شیکاریە ڕێژەی ترشی ئەمینی هۆمۆسستین دیاریدەکات، نمونەی شیکاریەکە بە خوێن یان بە میز وەردەگیرێت، واباشترە ٨ بۆ ۱۲ کاتژمێر هیچ نەخورێت جگە لە ئاو پێش شیکاریەکە.
هۆمۆسستین چی یە؟
ترشە ئەمینیەکان بنچینەی پێکهاتنی پرۆتینەکانن، کاتێک پرۆتین دەخۆین لەش لەرێگەی ئەنزیمی تایبەتەوە هەڵیدەوەشێنێت بۆ ئەو ترشە ئەمینیانەی لێی پێکهاتووە و دووبارە پرۆتینی نوێیان لێ بەرهەم دێنێت کە پێویستن بۆ خانەکانی لەش، ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر پرۆتین و ترشە ئەمینیەکان دا دێن پێویستی بە زنجیرەیەک لە زیندەچالاکی هەیە کە خانەکانی لەش ئەنجامیدەدەن، هۆمۆسستین ترشێکی ئەمینییە و بەڕێژەیەکی زۆر کەم هەیە لە خانەکانی لەش دا چونکە لەش ڕاستەوخۆ چی هۆمۆسستینە پێویستە بیگۆڕێت بۆ سستین، لەش هۆمۆسستین بەکارناهێنێت لە بەرهەمهێنانی پرۆتین دا، دەبێت بیگۆڕێت بۆ (سستین یان میسیۆنین) و پاشان لەلایەن خانەکانەوە بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنانی پرۆتین، و هۆمۆسستین دەکەوێتە نێو زنجیرەی گۆڕانی میسیۆنین بۆ سستین.
زنجیرەی بەرهەمهاتنی هۆمۆسستین لەلەشدا:
خۆراکی ئاسایی (بەتایبەت گۆشت، هێلکە، پاقلەمانەکان، شیرەمەنیەکان و ئەڤۆگادۆ … هتد) بڕێکی باش لە ترشی ئەمینی میسیۆنینی (Methionine)ی تێدایە کە لەش لە توانایدایە بە چەند هەنگاوێک بیگۆڕێت بۆ (Homocysteine) و پاشان ئەمیش دەگۆڕێت بۆ (Cysteine) بەهۆی چەند ئەنزیمێک و بە یارمەتی (Vitamin B6)، هەروەها ئەو بەشە لە هۆمۆسستین (Homocysteine) کە ناگۆڕێت بۆ سستین دەگۆڕدرێتەوە بۆ (Methionine) بۆهۆی چەند ئەنزیمێک و بە یارمەتی (Vitamin B12)و(Folate).
بوونی ڤیتامینەکانی وەک (B12 , B6, Folate)، پێویستن لە مێتابۆلیزمی (Homocysteine) دا هەربۆیە کەمبوونی هەریەک لەم ڤیتامینانە یان کەمبوون یان کارنەکردنی هەریەک لەو ئەنزیمانەی کە دەبنە هۆی گۆڕینی هۆمۆسستین بۆ سستین یان گۆڕینەوەی هۆمۆسستین بۆ میسیۆنین، دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی هۆمۆسستین لە لەشدا (Homocysteinemia)و ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندی گرفتی تەندروستی لە بەشەجیاوازەکانی لەشدا وەک (بەستەرەشانەکان و دڵ و بۆریەکانی خوێن و مێشک و ماسولکەکان)،وە بەشێک لە هۆمۆسستین لە ڕێگەی میزەوە فڕێدەدرێتە دەرەوە (Homocystinuria).
نەخۆشی (Homocystinuria) یان (Homocysteinemia) چی یە؟
نەخۆشیەکە بەهۆی زیادبوون و کەڵەکە بوونی هۆمۆسستین لەلەشدا سەرهەڵدەدات، دەبێتە هۆی زیادبوونی فڕێدانەدەرەوەی هۆمۆسستین لەڕێگەی میزەوە و لەهەمان کاتدا کەڵەکەبوونی هۆمۆسستین لە لەشدا، کە نەخۆشیەکە بە گشتی دوو جۆری هەیە:
* جۆری یەکەمیان (Familial) بۆماوەییە و بەهۆی ناچالاکی (ڤیتامین بی شەش) و ئەو ئەنزیماناوە سەرهەڵدەدات کە کاریان گۆڕینی هۆمۆسستینە بۆ سستین، دەبێتەهۆی زیادبووی ڕێژەی (Methionine) لە خوێندا وە زیادبوونی ڕێژەی (Homocysteine) کەمبوونی ڕێژەی سستین، کە نەخۆشیەکی کرۆمۆسۆمی بۆماوەیی یە لە تێکچوونی مێتابۆلیزمی (Homocysteine) ڕودەدات، بەهۆی بازدانێک لە جینەکانی (CBS)(MTHFR)(MTR)(MTRR)، بەهۆی ناتەواوی لەئەنزیمی (Cystathionine Beta Synthase).
* جۆری دووهەمیان (Acquired) بەهۆی نەخواردنی خۆراکی تەندروست و کەمبوونی ڤیتامینەکانی (B12 , B6, Folate) لە ژەمەخۆراکیەکاندا دەبێتە هۆی کەڵەکە بوونی بڕێک لە هۆمۆسستین لە لەشدا.
دەرئەنجام لە هەردوو جۆرەکەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی بڕی هۆمۆسستین و کە دواتر بەشێکی لە ڕێگەی میزەوە فڕێدەدرێتە دەرەوە و بەشێکیشی لە لەشدا کەڵەکەدەبێت.
مەترسیەکانی زیادبوونی (Homocysteine) لە لەشدا:
زیادبوون و کەڵەکەبوونی هۆمۆسستین دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گرفتی تەندروستی لە بەشێک لە ئەندامەکانی لەشدا بە شێوەی جیاجیا:
* لە دڵ و بۆریەکانی خوێندا هۆمۆسستین دەبێتە هۆی گیرانی بۆریەکانی خوێن بەهۆی ڕەقبوون و هەوکردنی بۆریەکانی خوێنەوە، کەئەمەش دەبێتە هۆی نەگەیشتنی ئۆکسجین و خۆراکی پێویست بە بەشێک لە خانەکان و مردنیان و سەرهەڵدانی نەخۆشیەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێنی وەک (Coronary Heart Disease (CHD)) وە جەڵتەی دڵ، و نەخۆشی مولولەخوێنەکان (Peripheral Vascular Disease) و ڕەقبوونی بۆریەکانی خوێن (Atherosclerosis)، هەروەها زیادبوونی مەترسی خوێن مەیین (Blood Clots) پێکەوەنوسانی خەپلەکانی خوێن لە مولولەکانی خوێندا و نۆبەی دڵ (Heart Attack)، پاشان جەڵتە (Stroke)، کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ نەخۆشیەکانی دڵ (American Heart Association) ئەوەی سەلماندووە کە بڕی زۆری (Homocysteine) لە خوێندا هۆی سەرەکی نۆبەی دڵە.
* لە ئێسکەکاندا هۆمۆسستین دەبێتە هۆی پێکەوەلکانی پرۆتینەی (Fibrillin-1 Protein) کە فرمانی بەهێزی و پتەوەی ئێسکەکان و پاراستنی شێوەی ئێسکەکانە کاتێک هۆمۆسستین پرۆتینەکانی (Fibrillin-1 Protein) پێکەوەدەلکێنێت چیتر پرۆتینەکان ناتوانن بەیەکتریەوە بلکێن یان بە پرۆتینی تروە بلکێن ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوون و پوکانەوەی ئێسکەکان و تێکچوونی شێوەیان.
* لە چاودا دەبێتە هۆی تێکچوونی فرمانی ماسولکەکانی چاو و لاوازبوون و پوکانەوەیان ناڕێکبوون و داکەوتنی گلێنەی چاو.
* لە مێشک دا دەبێتە هۆی چالاکبوونی کرداری (Apoptosis) کە بریتیە لە مردنی خانەکان بەهۆی پرۆگرامێکی خانەکەوە کە بنیات نراوە بۆ لەناوبردنی خودی خانەکە ئەمەش دەبێتە هۆی پوکانەوە و لەناوچوونی خانەکانی مێشک.
بۆ ئەم شیکاریە دەکرێت:
* بۆ زانینی بڕ و چالاکی ڤیتامینەکانی (B12, B6, Folate) لە خوێندا وە زانینی هۆکاری مەترسی توشبوون بە نۆبەی دڵ (Heart Attack) یان جەڵتەی دڵ (Stroke) یان بۆ چاودێریکردنی ئەو کەسانەی نەخۆشیەکانی دڵ هەیە لە خێزانەکانیاندا هەیە.
* وە یان بۆ دیاریکردنی نەخۆشی بۆماوەیی (Homocysteinemia)(Inherited Disorder)لە منداڵی تازەلەدایکبوودا (Newborn) کە کاردەکاتە سەر ڕێژەی گۆڕینی (Homocysteine) بۆ (Cysteine).
* نیشانەکانی (Homocysteinemia)یان بەرزی (Homocysteine) لە خوێندا کامانەن:
بەرزبوونەوەی ڕێژەی (Homocysteine) لەلەشدا هیچ نیشانەیەکی نییە، بەڵام جێگەی مەترسیە بۆ کەسەکە چونکە دەبێتە هۆی ڕەقبوونی بۆریەکانی خوێن (Atherosclerosis) وە تەسکبوونەوەی بۆریەکانی خوێن و ڕوودانی جەڵتە.
لە جۆری یەکەمدا کە هۆکارەکەی بۆماوەییەو لە منداڵیەوە دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر گەشەی جەستە و مێشکی کەسەکە نیشانەکانی بەتایبەت لە ئێسکە پەیکەری کەسەکەدا دەردەکەوێت.
لە جۆری دووهەمدا کە بەهۆی کەمی ڤیتامینەکانەوە دەکرێت ڕووبدات لە هەر تەمەنێکدا کاریگەری جەستەیی دروست بکات و دەکرێت چەند نیشانەیەک لە کەسەکەدا دەربکەون وەک:
– سک چوون.
– سەرگێژبوون.
– لەش بە باری و کەم هێزی.
– حەز لە خواردن نەکردن و کەم ئیشتیهایی (Appetite).
– زەردی و لاوازبوون.
– خێرالێدانی ترپەی دڵ.
– کورتی هەناسە.
– دەم و زمان هەڵئاوسان.
ڕێژەی (Homocysteine) زیاددەکات بە جگەرەکێشان، بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی وەک (Carbamazepine)(Methotrexate) وە بە گشتی بڕی (Homocysteine) لە ئافرەتاندا کەمترە وەک لە پیاوان (لە ئافرەتاندا دوای نەمانی سک و زا واتە لێچونەوە لە مناڵبوون زیاد دەکات) وە لە جگەرە کێش و کەسانی کە ماددەی کهولی دەخۆنەوە زیاترە.