شیکاری (ACE):
یان(Angiotensin Converting Enzyme):
شیکاریەکی خوێنە دەستنیشانی ڕێژەی ئەنزیمی (Angiotensin Converting Enzyme) دەکات لەخوێن دا، بەشیوەیەکی ئاسایی ئەنزیمەکە فرمانی گۆڕینی (Angiotensin I)ە بۆ (Angiotensin II)، کە (Angiotensin II) یارمەتی زیادبوونی پەستانی خوێن دەدات بە تەسککردنەوە و هێنانەوەیەکی بۆریەکانی خوێن. ئەم گۆڕینە لەلایەن لەشەوە ڕێکخراوە و هەر زیاد بوون و کەمبوونێک لە بڕی ئەنزیمەکەدا دەکرێت ناڕێکی تەندروستی دروست بکات.
کەی شیکاری (ACE) ئەنجام دەدرێت؟
شیکاری (ACE) بە گشتی بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە نیشانەکانی نەخۆشی (Sarcoidosis) تێیاندا دەرکەوتووە، بە تایبەت کاتێک کەسەکە تەمەنی لە نێوان (۲۰-٤۰) ساڵیدا بێت و هەڵگری نیشانەکەکانی نەخۆشیەکە بێت.
نەخۆشی (Sarcoidosis) هۆکار و نیشانەکان:
هۆکارەکانی نەخۆشیەکە تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نیین، بەڵام هەوکردنێکی تووندە کە هۆکاری بۆماوەیی و ژینگەیی کاری تێ دەکەن و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازی هەیە، هەوکردنەکە دەبێتە هۆی دروست بوونی گرانیوڵۆماکان(Granulomas) لە ئەندامەکان لەشدا و بەتایبەت ژێر پێست و سییەکان،(Granulomas) گرێی بچووکن کە نیشانەن بۆ هەوکردن لە ئەندامەکەدا، خانەکانی ناوچەی (Granulomas) کە دەست دەکەن بە دەردانی بڕێکی زۆر لە ئەنزیمی (Angiotensin Converting Enzyme) بەمەش بڕی ئەنزیمەکە لە خوێندا زیاد دەکات، وە ڕێژەی ئەنزیمەکەش زیاد و کەم دەکات بە چالاک بوون و لاواز بوونی نەخۆشیەکە (هەوکردنەکە)، هەربۆیە شیکاری (ACE) بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە و کاریگەری چارەسەری دوای وەرگرتنی چارەسەریەکە.
ئەو ئەندامانەی کە (Sarcoidosis) تێیاندا سەرهەڵدەدات (سییەکان-پێست-چاوەکان-لیمفەگرێکان-دڵ-جگەر و سپڵ)، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی:
– ماندوێنتی.
– تالێهاتن.
– سوربوونەوەی چاو.
– کۆکە و هەناسەکورتی و ئازاری سنگ.
– دابەزینی کێش.
– هەڵئاوسانی لیمفەگرێکان.
– ئازاری جومگەکان.
– بەربوونی خوێنی لووت.
– ژانەسەر.
– دروست بوونی گرێ لەژێر پێست.
مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟
* بە زۆری زیادبوونی ڕێژەی ئەنزیمەکە مانای بوونی (Sarcoidosis) دەگەیەنێت، بەڵام دەکرێت کەسێک (Sarcoidosis) ی هەبێت و گۆڕان لە ڕێژەی ئەنزیمەکەشیدا ڕوونەدات (لەم بارەدا مانای وایە نەخۆشیەکە لە باری ناچالاکیدایە)، و هەندێک هۆکاری لاوەکیش دەبنە هۆی زیاد بوونی ڕێژەی (ACE) لەوانە:
– نەخۆشی جگەر بەهۆی خواردنەوە کهولیەکانەوە یان بە مۆم بوونی جگەر.
– زیاد کارکردنی ڕژێنەکانی سایرۆید (Hyperthyroidism)و پاراسایرۆید.
– نەخۆشی شەکرە.
– نەخۆشی سیل (Tuberculosis).
– ئایدز.
– توشبوون بە کەڕوو لە ڕێڕەوی هەناسەدا.
– گەڕبوون (نەخۆشیەکی پێستە).
– نەخۆشی (Gaucher’s disease).
– شێرپەنجەی جۆری (Multiple Myeloma).
* کەمی بڕی ئەنزیمی (ACE) دەکرێت بەهۆی:
– نەخۆشی سییەکان وەک (شێرپەنجەی سییەکان)( Cystic Fibrosis).
– کەم خواردن (بەدخۆراکی).
– وەرگرتنی هەندێک جۆری دەرمان.
– لاوازی کاری ڕژێنی سایرۆید (Hypothyroidism).
شیکارییە تاقیگەیە پەیوەندارەکان:
– Liver Function Test.
– CBC or CBP.
– Calcium (in Blood and Urine)
– Sputum Culture, or Sample of Lungs Fluid.
پشکنینەکانی تر:
– Physical Exam for Skin.
– Pulmonary Function Tests.
– Bronchoscopy.
– Chest x-ray & CT scan.
– Biopsies.
– Eye Exam (Slit-Lamp).