پرۆتین یەکێک لە گرنگترین پێکهاتەکانی لەشی مرۆڤە، کە بەشداری دەکات لە پێکهێنانی بەشێکی زۆر لە شانە و خانەکانی لەش، ڕۆڵیکی گرنگیش دەگێڕێت لە زیندەچالاکیەکان دا و پێویستە بۆ گەشە و گەورەبوون و تەندروستی لەش، پرۆتین لە لەشدا بەردەوام هەڵدەوەشێنرێت بۆ ئەمینۆئەسید (Amino Acids) بۆ بەرهەمهێنانی پرۆتینی نوێ ی وەک هۆرمۆن و ئەنزیم…هتد کە بەهۆیانەوە لەش بە هاوسەنگی دەمێنێتەوە.
.
شیکاری (Total Protein): بڕی پرۆتینی گشتی لەش نیشان دەدات واتە کۆی گشتی ئەلبۆمین (Albumin) و گڵۆبیوڵین(Globulin) دەگرێتەوە.
شیکاری (Albumin): تەنها بڕی پرۆتینی جۆری ئەلبۆمین نیشان دەدات.
* لەمەشەوە دەتوانرێت بە هاوکێشەیەکی بیرکاری ساکار ڕێژەی گڵۆبیوڵینەکان دیاری بکرێت، کە ئەمەش سوودی لێوەردەگیرێت بۆ هەژماری ڕێژەیی (ئەلبۆمین\گڵۆبیوڵین) (Albumin/Globulin Ratio).
جۆرەکانی پرۆتینی لەش:
بەگشتی پرۆتینەکانی لەش دەکرێن بە دوو گروپی سەرەکییەوە، ئەلبۆمین (Albumin) و گڵۆبیوڵین(Globulin).
* ئەلبۆمین(Albumin): نزیکەی زیاتر لە ٦٠٪ ی هەموو پرۆتینی لەش پێکدێنێت، لەلایەن جگەرەوە بەرهەمدێت و چەندین فرمانی گرنگی هەیە لە لەشدا، کە گرنگترینیان هەڵگرتن و گواستنەوەی گەرد و ئایۆن و گەردەکانی دەرمانە و وەکو سەرچاوەیەکی ئەمینۆ ئەسید (Amino Acids) بۆ خانەکان ڕۆڵ دەگێڕێت، و هاوسەنگی شلەی لەش(Osmotic Pressure) ڕادەگرێت و یارمەتی زووچاک بوونەوە و گەشە کردنی شانەکانی لەش دەدات.
* گڵۆبیوڵین (Globulin): هەرچی پرۆتینەکانی ترە کە نزیکەی ٤٠٪ ی هەموو پرۆتینی لەش دەگرێتەوە، هەندێکیان لەلایەن جگەر و هەندێکیان لەلایەن سیستمی بەرگری لەشەوە بەرهەمدێن، کە چەندین فرمانی جیاوازیان هەیە لەوانە پێکهێنانی دژەتەنەکان، هۆرمۆن، ئەنزیم و هەندێک جار وەک پرۆتینی گوێزەرەوەش ڕۆڵ دەگێڕن یان دەچنە پێکهاتەی خرۆکە سورەکان و کانزاکانی وەک ئاسن دەگوازنەوە و یارمەتی لەش دەدەن بۆ بەرنگاربونەوەی نەخۆشی و هەوکردن.
هەژماری ڕێژەیی (Albumin/Globulin (A/G)Ratio):
هەژمارێکی ڕێژەییە لەنێوان بڕی ئەلبۆمین (Albumin) و گڵۆبیوڵین (Globulin) دا دەردەکرێت، کە بڕی زیادبوون و کەمبوون لە جۆری پرۆتینەکاندا دیاری دەکات، لە کەسێکی ئاساییدا هەمیشە بڕی ئەلبۆمین (Albumin) زیاترە لە بڕی گڵۆبوڵین (Globulin)، هەربۆیە هەژمارە ڕێژەییەکە پێویستە لە یەک زیاتر بێت.
کەی و بۆچی ئەم شیکاریانە ئەنجام دەدرێت؟
شیکاریەکانی (Albumin)(Total Protein) یەکێکن لەو شیکاریانەی کە پێویستە ساڵانە ئەنجام بدرێت یەکێک لە گروپی شیکاریە پێویست و (گشتی)یەکانە (Comprehensive Metabolic Panel (CMP)) کە دەرخەرێکی باشن بۆ چاودێری و باش کارکردنی جگەر و گورچیلەکان، بەتایبەت لەکاتی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی وەک:
* بێهێزی و ماندوێتی.
* دابەزینی لەناکاو و بێ پلانی کێش.
* ئاوسانی لەش و کۆبونەوی ئاو لە لەشدا بەتایبەت پاژنە و مەچەک و ورگ (Ascites) و سییەکان (Pulmonary Edema).
* دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی جگەر یان گورچیلە.
* دەرکەوتنی نیشانەکانی بوونی هەوکردنی زۆر و گرفتی خۆراکی.
ئەو هۆکارانەی کار لە ڕێژەی پرۆتینەکان دەکەن:
ڕێژەی ئاسایی (Total protein): (6.4-8.3 g/dL).
ڕێژەی ئاسایی (Albumin): (3.5-5.0 g/dL).
بڕی پرۆتینەکان دەکرێت بەهۆی چەندین هۆکارەوە کارتێبکرێن وەک:
* باساڵاچوون.
* دووگیانی.
* بەکارهێنانی هەندێک جۆری چارەسەری لەوانە(Estrogens, Androgens, Insulin).. هتد
* کەوتن لە جێگادا بۆ ماوەیەکی درێژ.
* نەخواردنی خواردن و خواردنەوەی پێویست.
* نەشتەرگەری.
مانایی شیکاریەکان چی دەگەیەنێت؟
* بەرزی ڕێژەی (Albumin) دەکرێت بەهۆی لەدەستدانی ئاوێکی زۆرەوە بێت (Dehydration).
* بەرزی ڕێژەی (Total Protein) دەکرێت بەهۆی وشکبوونەوە یان هەر هۆکارێکی تری نائاسایی ببێتە هۆی بەرهەم هێنانی یان کەڵەکە بوونی پرۆتین وەک هەوکردنی ماوە درێژ وەک ئایدز (HIV) و هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی (HCV)(HBV) یان بوونی گرفت لە کاری مۆخی ئێسک دا وەک (Multiple Myeloma).
کەمی ڕێژەی (Albumin):
* خراپی هەڵمژین لە ڕیخۆڵەکانەوە وەک (Crohn’s disease)(Celiac Disease).
* نەخۆشیەکانی جگەر و گورچیلە.
* نەخۆشیەکانی سیستمی بەرگری لەش (Autoimmune Disease) وەک (Lupus)( Rheumatoid Arthritis).
* کەم خواردنی پرۆتین.
* نەخۆشی (Hodgkin’s Lymphoma).
* شەکرەی کۆنترۆڵ نەکراو.
* زیاد لە پێویست کارکردنی ڕژێنی پەریزاد (غودە) (Hyperthyroidism).
* سەکتە و نەخۆشیەکانی دڵ.
کەمبوونی بڕی (Total Protein):
* نەخۆشیەکانی جگەر و گورچیلە.
* خوێنبەربوون.
* خراپی سیستمی خۆراکی.
* خراپی کرداری هەڵمژین لە ڕیخۆڵەکاندا وەک (Crohn’s Disease)(Celiac Disease) یان هەوکردنی ڕیخۆڵەکان.
* سوتانی بەشێکی زۆری لەش.
شیکاریە پەیوەندارەکان:
** هەردوو شیکاریەکە دەکرێت بە خوێن یان میز و شلەکانی تری لەش ئەنجام بدرێن.
*Urine Analysis.
*Liver Function Tests.
*Renal Function tests.
*(Serum & Urine) Protein Electrophoresis.
*Celiac Panel.