شیکاری (Alpha-Fetoprotein (AFP)):

شیکاری (Alpha-Fetoprotein (AFP)):

ئەلفا فیتۆ پرۆتین (AFP) پرۆتینێکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن جگەرەوە دروست دەکرێت (لەمنداڵی ساوادا لە قۆناغەکانی گەشەکردن دا)، منداڵی تازە لەدایک بوو ڕێژەی (AFP) بەرزە لە خوێنی دا و پاشان بە خێرایی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، هەروەها لەکاتی نەخۆشیەکانی جگەر و لە کارکەوتنی جگەر و گەشەکردنی جگەر و هەندێک جۆری شێرپەنجەدا بڕی پرۆتینەکە بەرەو زیادبوون دەچێت هەربۆیە وەک نیشاندەرێکی باش سوودی لێ دەبینرێت بۆ دیاریکردنی سەرەتایی شێرپەنجە لە چەند بەشێکی جیاوازی لەش و جگەر بە تایبەتی.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی جگەر دەکرێت بۆماوەیی بێت وەک (Hemochromatosis)یان بەهۆی هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی درێژخایەن یان بەمۆم بوونی و لەکارکەوتنی خانەکانی جگەر و زیاد بەکاربردنی خواردنەوە کهولیەکان و نیشتنی زۆری چەوری لەسەر جگەر بێت.

بۆچی شیکاریی (AFP) ئەنجام دەدرێت؟

بە گشتی شیکاری (AFP) بەکاردێت وەک دەستنیشانکەرێکی نەخۆشی شێرپەنجە و بەتایبەت شێرپەنجەی (جگەر ، گوونەکان و هێلکەدان)، هەروەها دەکرێت بۆ نەخۆشیەکانی جگەر وەک (بە مۆمبوونی جگەر)و(هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری بی و سی)(Hepatitis C)(Hepatitis 😎. سودی لێ وەردەگیرێت. چوونکە ئەم نەخۆشیانە دەبنە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوونی شێرپەنجەی جگەر.

* لە کاتی شێرپەنجەدا بڕی (AFP) زۆر زیاد دەکات بەڵام لەکاتی بوونی نەخۆشیەکانی تری جگەر بڕی زیادبوونەکە کەمترە.

* بڕی (AFP) زیاد دەکات لەو کەسانەی کە توشهاتوون بە شێرپەنجەی جگەری (Hepatocellular Carcinoma) و شێرپەنجەی (Hepatoblastoma) کە لە منداڵی ساوادا سەرهەڵدەدات یان هەر جۆرێکی تری شێرپەنجە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی بڕی (AFP) لەخوێندا.

کەی پێویستە شیکاریی (AFP) ئەنجامبدرێت؟

* لەکاتی گومانکردن لە سەرهاڵدانی خانەی شێرپەنجەییەکان لە (جگەر و گوونەکان و هێلکەدان)، بوونی لوو بۆ دڵنیابوونی لە جۆری لووەکە.

* لەکاتی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی (جگەر و گوونەکان و هێلکەدان) و پاش وەرگرتنی چارەسەری بۆ چاودێری کردنی کاریگەری چارەسەرکردنەکە.

* توشبوانی هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی و بەمۆم بوونی جگەر پێویستە شیکاریی (AFP) ئەنجام بدەن بۆ دەرخسنی کاریگەرییەکانی لەسەر خانەکانی جگەر.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

** ڕێژەی ئاسایی (AFP) پێویستە کەمتربێت لە (10ng/mL).

* بەرزی ڕێژەی (AFP) نیشانەیە بۆ سەرهەڵدانی خانەیی شێرپەنجەیی لە (جگەر و گوونەکان و هێلکەدان)، بەڵام مەرج نییە سەرجەم جۆرەکانی شێرپەنجەی (جگەر و گوونەکان و هێلکەدان) ببێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی (AFP) لە خوێندا.

* هەندێک جار شیرپەنجەی (مەمک، سییەکان، کۆڵۆن و گەدە….) دەبنە هۆی زیادبوونی ڕێژەی (AFP) لەخوێندا.

* زیادبوونی ڕێژەی (AFP) دەکرێت بەهۆی نەخۆشیەکانی جگەرەوەبێت (Cirrhosis)(Hepatitis).

* پاش وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجەییەکانی (جگەر و گوونەکان و هێلکەدان) پێویستە ڕێژەی (AFP) بەرەودابەزین بچێت ، بە پێچەوانەوە مانایی وایە چارەسەریەکان هیچ کاریگەریەکیان نەبووە لە لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان . بەڵام بە گشتی ئەم شیکاریە بەکارناهێنرێت بۆ چاودێری کردن کاریگەری چارەسەریەکە.

* مەرج نییە هەموو زیادبوونێک لە بڕی (AFP) مانای شیرپەنجە بێت ، لەکاتی گەشەکردن و نوێبوونەوەی جگەریشدا بڕی (AFP) بەرەوزیاد بوون دەچێت.

شیکاریی (AFP) و دووگیانی:

پرۆتینی (AFP) بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن کۆرپەلەوە دروست دەکرێت لە سکی دایکی دا پاشان لە ڕێگەی وێڵاشەوە بۆ دایک دەگوازرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی (AFP) ی دایکەکە ، هەربۆیە زیادبوونی ڕێژەی (AFP) لە ئافرەتی دووگیاندا مانای نەخۆشیەکانی جگەر و شێرپەنجە نییە.

بەڵام دەکرێت وەک ئاماژەیەک بێت بۆ تەندوستی کۆرپەلە ، وەک:

* چاودێری کردنی گەشەی (Neural Tube) کە پاشان دەبێت بە مێشک و بڕبڕەی پشت لە کۆرپەلەدا، لە ناڕیکیەکانی گەشەی (Neural Tube) وەک (Spina Bifida) و گەشە نەکردنی ناتەواوەی مێشک و دڕکە پەتکی کۆرپەلە ، کە لەم بارەدا بڕی (AFP) زۆر زیاد دەکات (دوو بۆ سێ ئەوەندی زۆرترین ڕێژەی ئاسایی زیاد دەکات).

* دەستنیشانکردنی ناڕێکی کرۆمۆسۆمی وەک (Down Syndrome)( Edwards Syndrome) کە لەم بارەدا بڕی (AFP) زیاد ناکات (کەمترە) بە بەراورد بە باری دووگیانی ئاسایی.

* هەندێک جار دەکرێت زیادبوونی زۆری (AFP) بەهۆی ناتەندروستی کۆرپەلەوە نەبێت بەڵکو بەهۆی (دوانەیی و سیانەیی…) وە بێت.

ئەم شیکاریە پێویستە بۆ ئەو دایکانە بکرێت کە:

* کێشیان زیادە و نەخۆشی شەکرەیان هەیە.

* تەمەنیان لەسەرووی ٣٥ ساڵەوەیە.

* کێشەی لەبارچوون و ناڕێکی گەشەی کۆرپەلە هەبوون (لەخۆی یان لە ئەندامێکی نزیکی خێزانەکەیدا).

* دەرمانی زیانبەخشێ بەکارهێناوە لەکاری دووگیانیەکەیدا.

ڕوونکردنەوەی بابەتی:

شیکاری (AFP) شیکاریەکی سەرەتاییە بۆ دەستنیشانکردنی بارودۆخی کەسەکە ، بۆیە پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات لەکاتی بەرزی ڕێژەکەی ، ئەنجامی شیکاریەکە تەنها ڕێژەیەکی گریمانەییە و پاش بەرزبوونی ڕێژەکەی شیکاریی دڵنیاییەکان پێویستە ئەنجامبدرێت وەک سۆنار(Ultrasound) ، پشکنینی تیشکی(CT scan)(MRI scan)، شیکاریی شانەیی (Biopsy)، پاشان بڕیار لەسەر بارودۆخی نەخۆشەکە دەدرێت لەلایەن دکتۆری تایبەتمەندەوە.