شیکاری (Ceruloplasmin):

شیکاریەکی خوێنە سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی پروتینی (Ceruloplasmin) لە خوێندا، (Ceruloplasmin) پرۆتینێکە کە بە شێوەیەکی سروشتی لەلایەن جگەرەوە بەرهەمدێت و فرمانی پێوەبەند بوون و گواستنەوەی زیاتر لە ٩٥٪ ی توخمی مسی ناو خوێنە، تەنها بڕێکی کەم لە مس بە سەربەستی لە لەشدا دەمێنێتەوە، مس (Copper) کانزایەتی گرنگە بۆ لەش چەندین فرمانی هەیە لەوانە (بەرهەمهێنانی ووزە، بەشدارە لە دروستبوونی بەستەرەشانەکان، یارمەتی کاری مێشک دەدات… هتد).

پاش وەرگرتنی مس (Copper) لە ڕێگەی خواردن و خواردنەوەوە لە ڕێگەی خوێنەوە دەچێت بۆ جگەر و پاشان لەگەڵ (Ceruloplasmin) یەکدەگرن.

کەی شیکاری (Ceruloplasmin) ئەنجام دەدرێت؟

لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی بوونی گرفت لە نەبوونی بڕی پێویست لە توخمی مس و دەرکەوتنی نیشانە پەیوەندارەکان بە کەڵەکە بوونی مس لە لەشدا، پاش دەرکەوتنی هەندێک نیشانەی وەک (زەردووی، ماندوێتی، ئازاری سک، تێکچوونی سروشتی کەسەکە.. هتد) وە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی (Wilson’s Disease) یان نەخۆشی کەمی مس (Copper) لە خوێندا سوودی لێوەردەگیرێت.

نەخۆشی (Wilson’s Disease) چی یە؟

نەخۆشیەکی بۆماوەییە و لە باوانەوە بۆ نەوەکان دەگوازرێتەوە، هەندێک جار لە نەوەی یەکەمدا وون دەبێت بەڵام دەکرێت لە نەوەی دووەمدا دەربکەوێتەوە (Skip Generation)واتە دەکرێت دایک و باوکێک منداڵەکانیان تووش ببن لە حاڵێکدا خۆیان تەندروستبن بەهۆی بوونی بۆماوە زانیاریەکە لە باپیرانیاندا. کە بەهۆی گۆڕانێکی بۆماوەییەوە کە لە جینی (ATP7B gene) دا سەرهەڵدەدات دەبیتە هۆی لەدەستدانی توانای لەش بۆ بەرهەمهێنانی پرۆتینێکی تایبەت لە جگەردا (Ceruloplasmin). لە لەشێکی تەندروست دا جگەر بڕی مسی زیادە لە ڕێگەی میزەوە فڕێدەداتە دەرەوە ، بەڵام لە توشبوانی نەخۆشی (Wilson’s Disease) جگەر توانای فڕێدانی مسی زیادەی نامێنێت و دەبێتە هۆی مانەوە و کەڵەکە بوونی مس لە بەشە جیاوازەکانی لەش دا وەک (مێشک و چاو و جگەر).

نیشانەکانی:

نیشانەکانی نەخۆشیەکە فراوانن و لەو ئەندامانەدا چڕدەبنەوە کە کاریگەی نەخۆشیەکەی زیاتر تێدا دەردەکەوێت.

*ماندوێتی و بێهێزی.

*دڵتێکەڵاتن و ڕشانەوە.

* دابەزینی کێش و لاوازبوون.

* نەمانی تەرکیز و گۆڕانی خو و ڕەوشت.

* زەردووی (زەردبوونی چاو و پێست)

*لەدەستدانی یادەوەری و گرفتی قسەکردن یان بینین.

* ناڕێکی ڕۆشتن.

* شەقیقە (نیوە ژانەسەر).

* خەوزڕان.

* گرژبوونی ماسولکە و ئازاری ماسولکە لەکاتی جوڵەدا.

* دروست بوونی بازنەیەکی قاوەیی ـ ئاڵتونی لە گلێنەی چاودا (Kayser-Fleischer rings).

*شین بوونی نینۆکەکان.

*ئاوسانی جومگەکان.

* ناڕێکی سوڕی مانگانە.

* کەم خوێنی (Anemia).

** ئەم نیشانانەو چەندین نیشانەی تر کە دەبنە هۆی ناسینەوەی نەخۆشیەکە ، هاوکات بۆ دڵنیایی زیاتر شیکاریەکانی (Copper)(Ceruloplasmin) ئەنجامدەدرێت.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

ڕێژەی ئاسایی (Ceruloplasmin): (14 to 40 mg/dL).

بە گشتی شیکاری (Ceruloplasmin) شیکاریەکی دەستنیشانکەری ڕاستەوخۆ نیە بۆ نەخۆشیەکان هەربۆیە لەگەڵیدا شیکاریەکانی (ڕێژەی مس (Copper) لە خوێن و میزدا ئەنجام دەدرێن).

* ئەگەر ئەنجامی هەرسێ شیکاریەکە کەم بوون مانای وایە کەسەکە گرفتی لە کەمی توخمی مس (Copper) دا هەیە (دەکرێت بەهۆی کەمی بڕی مس لە ژەمە خۆراکەیەکانیدا یان سوود وەرنەگرتنی لەش لەو مسەی کە لە ڕێگەی خۆراکەوە دەیخوات).

*هەندێک هۆکار هەن دەکرێت ببێتە هۆی کەمی بڕی (Ceruloplasmin) لەوانە (نەخۆشی درێژخایەنی جگەر، لەکارکەوتنی جگەر و بەمۆمبوونی)(خراپی هەڵمژین لە ڕیخۆڵەکانەوە)(نەخواردنی خواردن و خواردنەوەی پێویست)(نەخۆشیەکانی گورچیلە)(Menkes Syndrome)(Nephrotic Syndrome).

*هەندێک هۆکاری لاوەکیش دەبنە هۆی زیادبوونی بڕی (Ceruloplasmin) لەوانە (هەوکردنی بەردەوام، نەخۆشیەکانی سیستمی بەرگری لەش و لیمفەکان، دووگیانی).

شیکاریە پەیوەندارەکان:

– Liver Function Tests.

– Copper Level In Blood.

– 24-hour Urine Copper.

– Blood Glucose.

– Serum Iron.