شیکاری (EPO)(Erythropoietin):

بریتیە لە پێوانەکردنی ڕێژەی هۆرمۆنی (Erythropoietin) لە خوێندا، ئەم هۆرمۆنە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن خانەکانی گورچیلە و بڕێکی کەمیشی لە جگەرە دەردەدرێت، کاری هۆرمۆنەکە هاندانی مۆخی ئێسکە بۆ بەرهەمهێنان (گەشەکردنی تەواوی) خرۆکە سوورەکان و دەستکردن بە بەرهەمهێنانی هیمۆگڵۆبین و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە بڕی بەرهەمهێنانی خرۆکە سورەکان ، لەکاتی هەر نائاسایی بونێک لە بڕی خرۆکە سوورەکان (کەم بوون یان زیاد بوون) دەکرێت شیکاری (Erythropoietin) ئەنجامبدرێت.

هۆرمۆنی (Erythropoietin) چیە و چۆن کاردەکات؟

هۆرمۆنێکی گرنگە و بە شێوەیەکە سەرەکی لەلایەن خانەکانی گورچیلەوە دەردەرێت (دەچێتە سوڕی خوێنەوە) ئەو خانانەی بەرپرسن لە بەرهەم هێنانی هۆرمۆنەکە هەستیارن بەرامبەر بڕی ئۆکسجین لە خوێندا ، لەکاتی کەمبوونەوەی گەیشتنی بڕی ئۆکسجینی پێویست بە خانەکان وەکو کاردانەوەیەک بۆ کەمی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێندا، خانەکانی گورچیلە دەست دەکەن بە دەردانی هۆرمۆنەکە و زیاد بوونی هۆرمۆنەکەش دەبێتە هاندەر بۆ بەرهەم هێنانی خرۆکەی سووری زیاتر لەلایەن مۆخی ئێسکەوە. هۆرمۆنەکە دەردەرێت تا ئەوکاتەی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێندا ئاسایی دەبێتەوە.

هۆرمۆنەکە تا ماوەیەکی کەم چالاکە و پاشان لە ڕێگەی میزەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوە.

لەش سیستمێکی جێگیری هەیە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان بڕی هۆرمۆنەکە و ڕێژەی بەرهەمهێنانی خرۆکەسوورەکان و ڕێژەی ئۆکسجینی خوێن ، بەڵام هەندێک جار بەهۆی نەخۆشیەکانی گورچیلەوە، گورچیلە توانای بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکەی کەم دەبێتەوە بەمەش بڕی بەرهەمهێنانی خرۆکەی سوور کەمدەبێتەوە و دەبێتە هۆی کەم خوێنی.

کەی شیکاری (Erythropoietin) ئەنجام دەدرێت:

شیکاری (Erythropoietin) سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەستنیشان کردنی هۆکارەکانی توشبوون بە کەم خوێنی (Anemia) یان هۆکاری زیادبوونی ژمارەی خرۆکە سورەکانی خوێن (Polycythemia) یان دەستنیشانکردنی گرفتەکانی مۆخی ئێسک و گورچیلەکان.

بە گشتی کاتێک ئەم شیکاریە ئەنجام دەدرێت کە کەسێک تووشی کەم خوێنی دەبێت بەڵام کەم خوێنیەکەی بەهۆی هۆکارە باوەکانی کەم خوێنەیەوە نییە وەک کەمی هەریەک لە (Vitamin B12)( Folate)( Iron) یان تالاسیمیا….هتد.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت:

ڕێژەی ئاسایی هۆرمۆنەکە:((mU/mL) 2.6-18.5)

* لەوکەسانەی کە تووشی کەم خوێنی بوون و ڕێژەی هۆرمۆنەکەیان کەمە مانایی وایە گورچیلە توانای بەرهەمهێنانی بڕی پێویستی لە هۆرمۆنەکەی نیە (لاواز بوونی توانای گورچیلە بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکە).

* لەو کەسانەی تووشی کەم خوێنی بوون و ڕێژەی هۆرمۆنەکەیان ئاسایی بوو، مانای وایە کەم خوێنیەکەی بەهۆی هۆکارێکی تر لە هۆکارەکانی کەم خوێنیەوەیە.

* لەو کەسانەی کە ڕێژەی خرۆکە سوورەکانی زیاترە لە ڕێژەی ئاسایی (Polycythemia) و هاوکات ڕێژەی هۆرمۆنەکەشیان زیاترە لە ڕێژەی ئاسایی ، مانای وایە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکە زیاترە لە بڕی ئاسایی و بە (Secondary Polycythemia) ناسراوە.

*ئەگەر ڕێژەی خرۆکە سورەکان زیاتر بوو لە بڕی ئاسایی و ڕێژەی هۆرمۆنی (Erythropoietin) ئاسایی یان کەم بوو مانای وایە زیادبوونی خرۆکەکان پەیوەندی بە هۆرمۆنەکەوە نییە بە (Primary Polycythemia) ناسراوە.

* بڕی هۆرمۆنەکە هەندێک جار بەهۆی سەرهەڵدانی خانەی شێرپەنجەیی لە گورچیلەدا دەکرێت بەرەوزیادبوون بچێت.

* لەو کەسانەی کە بە هەر هۆکارێک بێت بڕی ئۆکسجین لە خوێنیاندا کەمتر دەبێت لە بڕی ئاسایی وەک، ئافرەتی سکپڕ و ئەوکەسانەی زۆر جگەرە دەکێشن یان نەخۆشی سیەکانیان هەیە یان لە ناوچە شاخاویەکان دەژین بەشێوەیەکی ئاسایی ڕێژەی هۆرمۆنی (Erythropoietin) تیایاندا بەرزە.

هۆکارەکانی تری کەم خوێنی:

کەم خوێنی چەندین هۆکاری هەیە و تەنها هۆرمۆنی (Erythropoietin) بەرپرس نییە لە کەم بوون یان زیاد بوونی خوێن، دەکرێت ڕێژەی هۆرمۆنەکە ئاسایی بێت و هۆکاری تر هەبن کە دەبنە هۆی کەم خوێنی (کەمبوونی ڕێژەی خرۆکە سوورەکان) لەوانە:

* کەمی ڤیتامینەکانی (Vitamin B12)( Folate).

* کەمی ڕێژەی ئاسن.

* لەوکەسانەی کە هیمۆگڵۆبینی نائاسایی بەرهەمدێنن وەک تالاسیمیا (Thalassemia).

*ناڕێکی لە کاری مۆخی ئێسکدا.

* ناڕێکی لە شێوە و قەبارەی خرۆکە سوورەکاندا و کەمی بڕی هیمۆگڵۆبین.

شیکاریە پەیوەندارەکان:

* HPLC.

* JAK2 mutation.

* CBP or CBC.

* Reticulocyte Count.

* Vitamin B12 or Folate.

* Iron and Ferritin