شیکاری (Estradiol)(E2):

شیکاریەکی خوێنە سودی لێوەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی هۆرمۆنی (Estradiol)، کە یەکێکە لە شێوەکانی (Estrogen) لە لەشدا، هۆرمۆنێکی گرنگە و کاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆی هەیە لەسەر بەشێکی زۆر لە گەشە جەستەیی و فسیۆلۆجیەکان لە هەردوو ڕەگەزدا، هەربۆیە بۆ دەستنیشانکردنی بەشێکی زۆر لە گرفتەکانی کۆئەندامی زاوزێ و نەزۆکی ئەم شیکاریە ئەنجام دەدرێت (بەتایبەتی لە ئافرەتان دا).

ڕۆڵی هۆرمۆنی (Estradiol):

لە ئافرەتان دا: هۆرمۆنی (Estradiol) بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن هێلکەدانەوە دەردەدرێت و بەرپرسە لە گەشەکردنی کۆئەندامی زاوزێ و گەشە جەستەییە تایبەتەکان لە ئافرەتاندا هەروەها یارمەتی دابەش بوون و هەڵچنینی خانەی چەوری دەدات لە لەش دا و تەندروستی ئێسک و جومگەکان لە ڕادەگرێت، لەگەڵ چەند هۆرمۆنێکی تری وەک (Progesterone) دا سوڕی مانگانە ڕێکدەخەن و یارمەتیدەرن بۆ دووگیانبوونێکی تەندروست، بە پشت بەستن بە تەمەن و باری جەستەیی ئافرەتەکە شیکاری (Estradiol) باشترین دەرخەرە بۆ چاودێریکردنی چالاکی و تەندروستی هێلکەدان.

لە پیاوان دا: ڕێژەی هۆرمۆنەکە کەمە بە بەراورد بە ئافرەتان و لەلایەن ڕژێنی سەرگورچیلە و گونەکانەوە دەردەدرێت و یارمەتی زیندەچالاکیەکانی ئێسک و گەشە دەدات.

بۆچی شیکاری (Estradiol) ئەنجام دەدرێت:

** شیکاری (Estradiol) ئەنجام دەدرێت بۆ دەستنیشانکردنی هەر زیادبوون و کەمبوونێک لە بڕی هۆرمۆنەکەدا ، و چاودێری کردنی ئەو باروودۆخانەی بەهۆی تێکچوونی هۆرمۆنەکانەوە سەرهەڵدەدەن:

لە ئافرەتاندا:

* بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری دواکەوتن یان پێشکەوتنی دەرکەوتنی سیفەتە جەستەییە تایبەتەکان لە کچانی هەرزەکاردا یان هۆکاری پێشکەوتن یان ڕوونەدانی یەکەم سوڕی مانگانە.

* دەستنیشانکردنی هۆکاری ناڕێکی لە سوڕی مانگانە و وەستانی ، نەزۆکی و بوونی خوێنی نائاسایی (دوای تەمەنی نائومێدی).

* لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی تەمەنی نائومێدی.

* چاودێری کردنی چالاکی و تەندروستی هێلکەدان.

* چاودێری گەشەی فۆڵیکڵەکان(هێلکۆکەکان) لە هێلکەداندا بەر لە ئەنجامدانی منداڵی بلووری.

* دەستنیشانکردنی شانەی شێرپەنجەیی بەرهەمهێنی هۆرمۆنەکە.

* چاودێری کردنی وەرگرتنی چارەسەری و کاریگەریەکانی.

لە پیاواندا:

* دەستنیشانکردنی هۆکاری دواکەوتنی گەشە جەستەی و فیسۆلۆجیەکان (دواکەوتنی گەشەی ماسولکەکان و گۆڕانی دەنگ و زیادبوونی مووی لەش و گەشەنەکردنی گوونەکان).

* دەستنیشانکردنی هۆکاری گەورەبوونی مەمک (Gynecomastia) و نیشانەکانی تری (Feminization).

* دەستنیشانکردنی شانەی شێرپەنجەیی بەرهەمهێنی هۆرمۆنەکە.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

ڕێژەی ئاسایی و زیاد بوون و کەم بوون لە بڕی هۆرمۆنەکەدا لە کەسێک بۆ کەسێک و بەپێ تەمەن و ڕەگەز و باروودۆخی جەستەیی کەسەکە لەوکاتەی شیکاریەکەی ئەنجامداوە دەگۆڕێت (لە ئافرەتاندا پەیوەستە بە ڕۆژەکانی سوڕی مانگانەوە)، بۆیە بەپێی نیشانە جەستەیی و فیسیۆلۆجیەکان لێکدانەوەی جیاوازی هەیە، کە پێویستی بە ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتانە.

بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت ببێتەهۆی :

* زوو دەرکەوتنی گەشە جەستەی و فیسیۆلۆجیەکان (لە کچانی هەرزەکاردا).

* دواکەوتنی گەشە جەستەی و فیسیۆلۆجیەکان (لە کوڕانی هەرزەکاردا).

* بوونی لوو یان شێرپەنجەی هێلکەدان یان گوونەکان دا.

* گەشەکردنی و گەورەبوونی مەمک لە (کوڕانی هەرزەکاردا)(Gynecomastia).

* زیاد کارکردنی ڕژێنی پەریزاد (غوودە)(Hyperthyroidism).

* بەمۆم بوونی جگەر(Cirrhosis) یان لەکارکەوتنی.

* بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە بەهۆی کەمی هۆرمۆنی (Testosterone)(لە پیاواندا).

کەمی بڕی هۆرمۆنەکە دەکرێت نیشانەبێت بۆ:

* چوونە نێو تەمەنی نائومێدی (Menopause).

* ناتەواوی کرۆمۆسۆمی (Turner Syndrome).

* لەکارکەوتنی هێلکەدان بەر لە تەمەنی نائومێدی.

* بوونی کیسی هێلکەدان (PCOS) کە دەکرێت ببێتە هۆی پەکخستنی توانای ئافرەت بۆ منداڵبوون.

* لاوازی کاری ژێرمێشکە ڕژێن (Hypopituitarism).

* لاوازی هێلکەدا یان گوونەکان بۆ دەردانی بڕی هۆرمۆنی پێویست (Hypogonadism).

کارتێکەرە لاوەکیەکان:

* هەندێک جۆری دەرمان کار لە ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکەن لەوانە: (حەبی ڕێگری لە دووگیان بوون)(Glucocorticoids)(Phenothiazines)(Ampicillin)(Panmycin)…هتد.

* باروودۆخە جەستەییەکانی وەک (کەم خوێنی ، بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشیەکانی گورچیلە و لاوازبوونی کاری جگەر).

شیکاریە پەیوەندارەکان:

– Follicle-Stimulating Hormone (FSH).

– Luteinizing Hormone (LH).

– Testosterone.

– Progesterone.

– Prolactin.

– DHEAS.

– TSH.