مەبەست لەم شیکارییە چییە؟
دەکرێ بەشیکارکردنی کرۆمۆگرانین دەستنیشان و چاودێری هێندێ لووی شێرپەنجەیی ناسراو بکرێت، هەروەها ھەبوونی هەر تێکچوون یا لوو لە کوێرە ڕژێنەکاندا بزانرێت.
کەی ئەم شیکارە پێویستە دەبێت؟
کرۆمۆگرانین (CgA) لە جۆری شەکرە پرۆتینیەکانە،دەستنیشانکەرێکی بایۆلۆجیانەی تایبەت بە لووی کوێرە ڕژێنەکانە. بەتایبەتی لووی کارسینویدی (Carcinoids) و لووی کوێرە ڕژێنەکان ئەم جۆرە لوو و گرێیانە زەحمەتە لە قۆناخی سەرەتادا لەبەر بچوکی قەبارە و سستی گەشە و نیشانە کەمەکانی دیاری بکرێن .
لەنیشانەکانی ئەم جۆرە لوو و گرێیانە وەک:-
١-سکچوون.
٢-هێڵنج.
٣-ڕشانەوە.
٤-ناڕێکی لێدانی دڵ.
٥-سوور هەڵگەڕانی ڕوخسار و گەردن.
٦-هەناسە سواری.
٧-کۆکە.
کاتێ نەخۆش هەست بە هەناسەتەنگی توند دەکات و یا گورچیلە و جگەری لە کار کەوتوون؛ ئاستی ئەم پرۆتینە لەبەرزیدا دەبێ.
نموونەی شیکار:
کەمێ لە خوێن لە باسکی نەخۆش وەردەگیرێ. لەوانەیە داوا لە نەخۆش بکرێ پێش وەرگرتنی خوێن نان نەخوات.
چۆن سوود لەم شیکارە وەردەگیرێ؟
شیکاری کرۆمۆگرانین- (CgA) دەکرێ نیشانەیەکی لووی شێرپەنجەیی بێ، دەکرێ لەگەڵ شیکاری سیرۆتونین و (HIAAS)یشدا بکرێ تا یاریدەی بدات دەستنیشانی کۆنیشانەی کارسینۆید بکرێت.
خانەکانی کوێرەڕژێنەکان چین: بریتین لەو خانانەی کە تایبەتمەندی خانەکانی ھەستەدەمار و کوێرەڕژێنەکانیان هەیە و لە زۆر لای لەش بڵاو بوونەتەوە. ئەم خانانە لەوانەیە ببنە مایەی دەرکەوتنی لووی بێوەی (اورام حمیدة) و لووی پیس ( اورام خبیثة). وەک لووی کۆنیشانەی کارسینێویدی و لووی پەنکریاس و لووی سی و لووی خانەکانی هەستەدەمار.
ئەم لووانە بەبەردەوامی یا ناوبە ناو دەبنە مایەی دەردانی بڕێکی زۆری هۆرمۆن و ماددەی کیمیایی بۆ ناو خوێن؛ وەک هۆرمۆنی سیروتۆنین یا ئینسۆلین و دەبنەمایەی دەرکەوتنی نیشانەی نەخۆشی تایبەت بەو لووانە.
پرۆتینی کرۆمۆگرامین، کوێرە ڕژێنەکان دەری دەدەن هەرکاتێ لەخانەکانی کۆئەندامی هەستە دەمارەوە فرمانی پێبکرێ. ئەم خانانەیش لە ئەندامە جیا جیاکانی لەشدا هەن، گەر هەر تێکچوونێک لەدەردانی ئەم خانانەی کوێرە ڕژێنەکان ڕوویدا، دەبێتە هۆی دروست بوونی چەندین جۆری لووی پیس یا بێوەی. لەو لووانەوە بڕێکی زۆری هۆڕمۆن بەبەردەوامی یا ناو بەناو دەردەدرێت دەبێتە هۆی نیشانەی نەخۆشی تایبەت بە هەر جۆرێکی شێرپەنجە و شوێنەکەی.
لووی کارسینوید بەجۆرێک گەشەیان سستە تا لووی پیس بێ یا بێوەی بەزۆری لە جۆگەی هەرس و ڕیخۆڵەکان ( بەتایبەتی ڕیخۆڵە کوێرە )و هەردوو سیدا دەردەکەون.
ئەنجامی ئەم شیکارە چی دەگەیەنێ؟
بەشێوەیەکی ئاسایی بڕی ئەم پرۆتینە لە خوێندا هەر زۆر کەمە. بە زیاد بوونیشی مانای وایە لوویەک هەیە، بەڵام جۆرو شوێنی لووەکە دیاری ناکات.
دیاری کردنی شوێنی لوویش بە وێنەی تیشکی یا وەرگرتنی نموونەیەکی بایۆپسی دەبێ( نمونەی لوو یان گرێکە دەنێردرێت بۆ دکتۆری هیستۆپاثۆلۆجی بۆ پشکنینی لە ژێر مایکرۆسکۆپدا).
گەر قەبارەی لوو گچکە بوو، هیچ نیشانەیەکی بەرچاوی تیا دەرناکەوێ مەگەر بەڕێکەوت لە کاتی نەشتەرگەریدا دەربکەوێ. بەدەگمەن قەبارەیان گەورە دەبن لە ڕیخۆڵەو یا سییەکاندا.
شیکاری کرۆماگرانین بە ڕێگەی ELISA[Enzyme-Linked Immunosorbent Assay] ئانجام دەدرێت.
پەیتیەکەی(خەستی) لە خوێندا بە مایکرۆگرام بۆ لترە(micro gram/Liter).
بڕو ڕێژەی ئاسایی لە خوێندا(لە هەردوو ڕەگەزی نێرو مێدا) بچوکترە لە[ ١٠٠> مایکرۆگرام بۆ لیتر].
بەهیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەموولایەک.