شیکاری(CRP):

یان (C-reactive protein):

شیکاری (CRP) دەستنیشانی بڕی پرۆتینی (C-reactive protein)دەکات لە خوێندا، کە پرۆتینێکی تایبەتە و لەلایەن جگەرەوە بەرهەم دێت وەک کاردانەوە بۆ هەوکردن لە بەشێکی زۆر لە ئەندام و شانەکانی لەش یان لەکاتی بریداربوونی شانەکانی لەش دا.

شیکاری (CRP) تایبەت نییە بە دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکی دیاریکراو، تەنها بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردن و ڕادەی تووندی هەوکردن سوودی لێ وەردەگیرێت، پرۆتینی (CRP) بە چەند کاتژمێرێک پاش هەوکردن یان برینداربوونی شانەیی بڕەکەی بەرەوزیادبوون دەچێت (Acute Phase Reactant).

بە گشتی شیکاری (CRP) سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنە لەناکاوەکانی وەک (Sepsis)( Fungal Infection)( Pelvic Inflammatory Disease (PID)) و چاودێریکردنی کاریگەری دەرمان لە هەوکردنە درێژخایەنەکانی وەک (Rheumatoid Arthritis)(Lupus).

شیکاری ئاسایی (C-reactive protein) لە تاقیگەکاندا بە دوو جۆر ئەنجامدەدرێت؛

* جۆری یەکەمیان ئەنجامەکەی تەنها بوون و نەبوونی پرۆتینەکە دیاریدەکات، (Negative) یان (Positive) واتە شیکاریەکی چۆنێتیە (Qualitative).

* جۆری دووهەمیان ئەنجامەکەی بە ژمارەیە و بڕی پرۆتینەکە دیاریدەکات واتە شیکاریەکی چەندێتییە (Quantitative)، کە ئەمەیان گرنگتر و دروستترە بۆ دەستنیشانکردنی ڕادەی تووندی هەوکردنەکە و کاریگەری دەرمانەکان و بڕی دروستی پرۆتینەکە لە خوێن دا، بە (CRP-titer) ناسراوە.

کەی شیکاری (CRP) ئەنجامدەدرێت؟

* لەکاتی هەستکردن بە بوونی هەوکردنی تووند و لەناکاو وەک هەوکردن بە بەکتریا وەک (Sepsis) یان کەڕوو (Fungal Infection)؛

نیشانە باوەکانی هەوکردن:

– لەرز و تا

– هەناسەبڕکێ

– خێرا لێدانی دڵ

– دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە

– ئازار

* لە کاتی بوونی هەوکردنی جومگە، ڕیخۆڵەکان (Inflammatory Bowel Disease) و چاودێریکردنی نەخۆشیە (Autoimmune Diseases)ەکانی وەک (Rheumatoid Arthritis)(Lupus) و هەوکردنی ئێسکەکان (Osteomyelitis).

* لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری بۆ چاودێری کردنی دۆخی نەخۆش و کاریگەری چارەسەریەکە.

* پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری.

* لەکاتی دووگیانی.

ڕێژەی ئاسایی شیکاریەکە:

ئاسایی بڕێکی کەم لە پرۆتینەکە لە خوێندا بوونی هەیە، و لە کەسێکی تەندروستتدا بڕی پرۆتینەکە پێویستە کەمتر لە (٥ میللیگرام بۆ لیتر) بێت، هەر زیادبوونێک لە بڕی پرۆتینەکەدا دەکرێت نیشانەبێت بۆ بوونی هەوکردن لە ئەندام و شانەکانی لەش دا بەڵام هۆکار و شوێنی هەوکردنەکە بە شیکاری (CRP) دەستنیشان ناکرێت.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

زیادبوون لە بڕی پرۆتینەکەدا نائاساییە و دەکرێت نیشانەبێت بۆ بوونی گرفتی تەندروستی و هەوکردن لە یەکێک لە ئەندام و شانەکانی لەشدا، بەڵام هەموو کات بەرزی ئەنجامی شیکاریەکە مانای بوونی گرفتی تەندروستی ناگەیەنێت و هەندێک هۆکاری لاوەکیش هەن دەکرێت ببنە هۆی زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە.

* دەرچوونی ئەنجامی بەرزی شیکاریەکە و دابەزینی پاش وەرگرتنی چارەسەر مانای سوودبینین لە چارەسەرەکە دەگەیەنێت، بە پێچەوانەوە دانەبەزین یان زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە پاش وەرگرتنی چارەسەر مانای سوود نەبینین لە چارەسەرەکە دەگەیەنێت.

** لێکدانەوەی ئەنجامی شیکاریەکە پێویستی بە ئەنجامدانی شیکاری فیزیایی و چاودێری کردنی نیشانەکانی نەخۆشە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ و ئەنجامدانی شیکاریە تایبەتمەندەکانە، بەم جۆرە دەتوانرێت هۆکار و شوێنی هەوکردن و زیادبوونی پرۆتینەکە دەستنیشانبکرێت.

هۆکاری زیادبوونی بڕی پرۆتینەکە:

بڕی پرۆتینەکە لە چەندین بارودۆخی تەندروستی و هەوکردن تەنانەت گۆڕانی شێوازی ژیان دا دەکرێت زیاد بکات، بە گشتی؛

هۆکارە سەرەکیەکان:

* هەوکردنی بەهۆی بەکتریا و کەڕوو.

* هەوکردنی ڕیخۆڵەکان (Inflammatory Bowel Disease).

* نەخۆشیە (Autoimmune Diseases)ەکان وەک (Lupus)(Rheumatoid Arthritis).

* نەخۆشی سیل (Tuberculosis).

* شێرپەنجە بەتایبەتی (Lymphoma).

* هەر هەوکردنێکی تر وەک (Pelvic Inflammatory Disease (PID)).

هۆکارە لاوەکیەکان:

* دووگیانی (بەتایبەت لە مانگەکانی کۆتایی دووگیانی دا).

* بەکارهێنانی حەبی دژە دووگیانبوون.

* بەکارهێنانی هۆرمۆن وەک (Estrogens).

* قەڵەوی.

* وەرزش نەکردن.

* جگەرەکێشان.

چارەسەر:

لە ڕاستیدا دابەزاندنی بڕی پرۆتینەکە چارەسەری گرفتەکە ناکات و پێویستە هۆکاری زیادببونی بڕی پرۆتینەکە دەستنیشان و چارەسەر بکرێت.

جگەلە چارەسەری دەرمانی دەتوانرێت پشت بە چەند ڕێگا چارەسەرێکی سروشتی ببەسترێت وەک یارمەتیدەرێک بۆ دابەزاندنی بڕی پرۆتینەکە وەک (وازهێنان لە خواردنی چەوری و جگەرە، وەرزشکردن).

شیکاری (CRP) و (ESR):

هەندێک جار شیکاری (Erythrocyte Sedimentation Rate (ESR)) یان چەند شیکاریەکی تر لەگەڵ شیکاری (CRP)دا ئەنجام دەدرێت بۆ دەستنیشانکردنی هۆکار و شوێنی هەوکردنەکە.

** لەکاتی بوونی هەوکردن دا بڕی (ESR) هاوکات لەگەڵ بڕێ (CRP)دا زیاد دەکات بەڵام ئەوەی شیکاری (CRP)ی تایبەتمەند کردوە بەسەر (ESR)دا ئەوەیە؛

– لەکاتی بوونی هەوکردندا بڕی (CRP) خێراتر لە (ESR) زیاد دەکات بەمەش دەبێتە دەستنیشانکەرێکی باش بۆ دیاریکردنی هەوکردن بە زووی.

– پاش وەرگرتنی چارەسەری بڕی (CRP) خێراتر دادەبەزێت بە باراورد بە (ESR) بەمەش زووتر کاریگەری دەرمانەکانمان بۆ دەردەکەوێت.

*دیاریکردنی بڕی پرۆتینەکە (CRP-titer) گرنگی شیکاریەکەی زیاترکردووە .

شیکاری (CRP) و (hs-CRP):

دوو پێوانەکردنی جیاوازی پرۆتینی (C-reactive protein) و شیکاری (hs-CRP) جیاوازە لە شیکاری (CRP) و هەریەکەیان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو دەکرێت سوودیان لێ وەربگیرێت:

– شیکاری (CRP): وەک باسکرا سودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردن و چاودێریکردنی هەوکردنەکە پاش وەرگرتنی چارەسەری.

– شیکاHigh sensitive-CRP (hs-CRP):

سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی مەترسی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکەی دڵ و بۆریەکانی خوێن (Cardiovascular Disease).