شیکاری(DNA fit)

شیکاری بۆماوەیی و خستنەڕووی زانیاری بۆماوەیی و گرنگیەکانی بۆ ژیانی مرۆڤ(بەشی دووەم):

شیکاری (DNA fit) و بۆ تەندروستیەکی باشتر:

(ڕۆڵ و کاریگەریەکانی بۆماوە لەسەر پلانی خۆراکی تەندروست بۆ جەستەمان).

زانیاریە بۆماوەییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر سەرجەم گرفتە تەندروستی و دەروونیەکان هەیە، سەرجەم زانیاری تەندروستیە خۆراکیەکان بۆ هەموان دروست نین، بەهۆی جیاوازی کاردانەوەی لەش و توانستی زیندەچالاکیەکانی لەش، بەزانینی زانیاری بۆماوەیی (جینەکان) دەتوانرێت بگەینە زانیاریەکی تەواو لەسەر باشترین ئەو خۆراکانەی بەسودن بۆ لەش و وە دیاریکردنی جۆر و ڕێژەی وەرگرتنی خۆراکی ڕۆژانە.

جینەکانی زانیاری تەواویان هەیە بۆ چۆنیەتی و کاردانەوەی لەش بۆ خواردن و خواردنەوەکان، بە تێگەیشتن لە جینەکان دەتوانین تەندروستیەکی باش و سیستمێکی خۆراکی دروست وەربگرین.

** بۆ زیاتر تێگەیشتی بەباتەکە سەرەتا پێویستە بەشی یەکەم بخوێنرێتەوە کە پێشتر بڵاومان کردۆتەوە.

شیکاری دی ئێن ئەی فت (DNAfit) پێمان دەڵێت کە چ خۆراکێك گونجاوە بۆ لەش و کەی و بە چ ڕێژەیەک بخورێت، گرنگترین گروپە خۆراکییەکان و جینە پەیوەندارەکانیان ئەمانەی خوارەوەن:

* کاردانەوەی لەش بۆ کاربۆهیدرات: (ACE, ADRB2, FABP2, PPARG, IRS1, TCF7L2).

* کاردانەوەی لەش بۆ چەوری: (ADRB2, ADRB3, APOA2, FABP2, FTO, PLIN, PPARG, TCF7L2).

* خێرایی پاککردنەوەی لەش لە ژەهر: (CYP1A2, EPHX1).

* بڕی پێویستی لەش بۆ سەوزەکانی خێزانی کەلەرم: (GSTM1, GSTT1).

* کاردانەوەی لەش بۆ خوێ: (ACE, AGT).

* کاردانەوەی لەش بۆ ئەلکهول: (ADH1B, ADH1C).

* هەستیاری و کاردانەوەی لەش بۆ کافایین: (CYP1A2, VDR).

* هەستی تامکردن و (هەستکردن بە تفتی و تاڵی).: (TAS2R38_1).

* کەمبووردەیی بۆ لاکتۆز: (LCT).

* هەستیاری بۆ گلوتین (گەنم).: (DQ8, DQ2.5, DQ7, DQ2.2).

لە شیکاری دی ئێن ئەی فت (DNAfit) ڕێنماری دروست لەسەر باووترین و گرنگترین خۆراکەکانی ڕۆژانە ڕووندەرکرێتەوە:

* کاردانەوەی لەش بۆ کاربۆهیدرات:

کاربۆهیدرات کە بە بڕێکی زۆر لە خۆراکی ڕۆژانەی زۆربەماندا هەیە یەکێک لەسەرچاوەکانی وزەی لەشە، کە بە گشتی دوو جۆر لەخۆدەگرێت ئەوانیش؛ ئەو کاربۆهیدراتانەی کە ڕاستەوخۆ یان پاش گۆڕانکاریەکی کەم بەکاریان دێنین (Unprocessed Carbs) وەک لە (میوە و سەوزە و گەنم و نیسک و پاقلەمەنیەکان…. هتد)دا کە ئەم جۆرەیان ڕیشاڵێکی باشی تێدایە یارمەتی هەڵمژینی ڤیتامین و کانزاکان دەدات و تەندروستە و پاشان دەگۆڕدرێت بۆ شەکری سادە (گلوکۆز)، هەروەها ئەو کاربۆهیدراتانەی کە بە کۆمەڵێک پرۆسەی ئامادەکردندا دەبرێن و شەکریان بۆ زیاد دەکرێت (Processed Carbs) وەک (کێک و نوقڵ و شەربەت و ‌سۆس و نیشاستە و پەتاتەی سورکراوە…. هتد) ئەم جۆرەیان کاریگەری لاوەکی و ترسناکی هەیە و دەبنە هۆی خێرا بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری خوێن و وەگرفتی تەندروستی دروست دەکەن.

کاربۆهیدرات کاریگەری هەیە لەسەر زۆرێک لە گرفتە تەندروستیەکانی وەک (نەخۆشی شەکرە و قەڵەوی) کە دوو باوترینیانن، بە زانینی بۆماوە زانیاری کەسێتی ، دەتوانرێت ڕێژەی وەرگرتنی کاربۆهیدراتی ڕۆژانە دیاریبکرێت، بۆ بەدووربوون لەو گرفتە تەندروستیانەی کە پەیوەستن بە ناهاوسەنگی ڕێژەی کاربۆهیدراتەوە و دیاریکردنی کاردانەوەی لەش بۆ جۆرە جیاوازاکانی کاربۆهیدرات.

لە شیکاری دی ئێن ئەی فت (DNAfit) لێکدانەوە بۆ کاریگەری جۆری جینەکانی کەسەکە دەکرێت و ڕادەی کاریگەریەکەیان دەخرێتە ڕوو، جینەکانی وەک (ACE, ADRB2, FABP2, PPARG, IRS1, TCF7L2). وە بە لێکدانەوەی ئەم جینانە دەریدەخات کە پێویستە کاربۆهیدرات ڕێژەی چەند لەسەد خۆراکی ڕۆژانە پێکبهێنێت، لەگەڵ ڕێنمایی کردن بە دوورکەوتنەوە لە چەند جۆرێکی کاربۆهیدرات و وەرگرتنی چەند جۆرێکی دیاریکراو هەروەها دیاریکردنی ئەوژەمەی کە پێویستە کاربۆهیدراتی زیاتر تیابخورێت.

* کاردانەوەی لەش بۆ چەوری:

چەوری سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە هاوشێوەی کاربۆهیدراتە، هەروەها پاڵپشتی لەش دەکات بەو ترشە چەوریانەی (Fatty Acid) کە لەش ناتوانێت بۆخۆی دروستیان بکات و یارمەتیدەرێکی باشە لە زیندەچالاکی بەشێک لە ڤیتامینەکان(Vitamin A, D, E, K). دەکرێت هەندێک جار بیستبێتمان دەربارەی زیانەکانی چەوری بۆ تەندروستی، بەڵام لەڕاستیدا چەوری بەوڕادەیەی کە پێی ناسراوە خراپ نییە بە پێچەوانەوە زۆر تەندروست و پێویستە، بەڵێ بڕێکی زۆری ڕۆژانە زیانی تەندروستی هەیە، بەڵام بە بڕی تەندروست یەکجار پێویستە بۆ لەش.

بۆماوەزانیاری یارمەتیدەرە لە دیاریکردنی بڕی پێویستی ڕۆژانی لەش بۆ چەوری، بەگشتی چەوریەکان دابەشدەبن بەسەر دوو گروپ دا ئەوانیش؛ چەوریە تێرەکانی (Saturated Fats) وەک (چەوری گۆشت، ماست، پەنیر، کولیچە، پاستا…. هتد) کەبەشێک لەمانە بڕێکی زۆر چەوری شاراوەیان تێدایە، چەوریە ناتێرەکان (Unsaturated Fats) وەک (ماسی، ئەڤۆگادۆ، زەیتی زەیتوون، بادەم و چەرەزاتەکان… هتد).

بەگشتی ڕێنماییە تەندروستیەکان پێماندەڵێن کە زیاتر پێویستە چەوریە ناتێرەکان (Unsaturated Fats) بخورێت وەک لە چەوریە تێرەکان (Saturated Fats).

زانینی بۆماوەزانیاریەکان یارمەرتدەرە و ڕێنمایکارێکی باشە بۆ گۆڕینی سیستمی خۆراکی و هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروست و ڕێگری کردن لە زیادبوونی کێش، جینەکان کاردانەوەی لەش بۆ چەوری دیاریدەکەن، کە لەم ڕێیەوە ڕێژە و جۆری چەوری پێویست بۆ لەشت دیاریدەکرێت، وە ڕێژەی ڕۆژانە و بڕی وەرگرتنی چەوریە تێر و ناتێرەکان دەخرێتەڕوو، تا کاریگەری لەسەر چەوری ناوخوێن کەمبکرێتەوە، بەشێک لەو جینانەی لەم شیکاریەدا پشتیان پێدەبەسترێت جینەکانی (ADRB2, ADRB3, APOA2, FABP2, FTO, PLIN, PPARG, TCF7L2)، ئەم جینانە ڕۆڵیان هەیە لە توانای هەڵمژین و گواستنەوە و ئەوگۆڕانکاریانەی کە بەسەر چەوریەکاندا دێت.

* خێرایی پاککردنەوەی لەش لە ژەهر:

کاتێک کە باس لە پاککردنەوەی لەش دەکەین لە ماددە ژەهرەکان (Detoxification)، مەبەستمان هەموو ئەو کردارە زیندەییانەیە کە لە جگەردا ڕوودەدەن بۆ پاککردنەوەی لەش لەو پێکهاتە کیمیاییانەی کە لە ڕێگەی خواردنەوە پەیدادەبن، بۆماوە زانیارییەکان پێماندەڵێن کە تا چ ڕادەیەک لەش دەتوانێت ئەم هاوسەنگیە ڕابگرێت.

چەند جینێک ڕۆڵیان هەیە لە پاککردنەوەی لەش لە ژەهر وەک جینەکانی (CYP1A2, EPHX1) بە لێکدانەوەی ئەو جینانەی دەستنیشانی توانستی جگەر دەکرێت بۆ خێرا پاککردنەوەی لەش لە ماددە ژەهرەکان، (وەک زۆر خواردنی برژاو و سورەوەکراوەکان) . پاش لێکدانەوەی جینەکان دەردەکەوێت کە دەتوانرێت ڕۆژانە چەندێک لەو جۆرە خواردنانە وەربگیرێت کە بە چ ڕادەیەک ژەهراوی بوون لە کاتی ئامادەکردنیاندا،وە دەکرێت پێکهاتەی وەهایان تێدا دروست ببێت بتوانێت ترشەناوکی و پرۆتینەکانی لەش تێکبشکێنێت ئەمەش بەپێی توانستی جینەکان جیاوازی دەبێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر.

لە ئەنجامی لێکدانەوەی جینەکان دەگەینە دەرئەنجامی ئەوەی کە چ جۆرە خواردنێک بەکاربێت و لە چ پلەیەکی گەرمی و بە چ ڕێگایەک ئامادەبکرێت، هەروەها بە بەکارهێنانی (لیمۆ و سرکە ….هتد) و چەندان ڕێگەی دیکە بۆ کەمکردنەوەی ڕادەی بەژەهربوونی خۆراکەکە تا لەگەڵ توانستی جگەردا هاوتابێت.

* بڕی پێویستی لەش بۆ سەوزەکانی خێزانی کەلەرم:

سەوزەکانی خێزانی کەلەرم وەک (کەلەرم، قەرنابیت، برۆکلی) کە بە (Cruciferous) ناسراون، یارمەتیدەرێکی باشن بۆ بەرزکردنەوەی توانستی لەش بۆ فڕێدانەدەرەوەی ژەهرەکان کە لە ڕێگەی خۆراک و ژینگەوە دەچنە لەشمانەوە.

فڕێدانەدەرەوەی ماددە ژەهرەکان لەلەش کە قۆناغی دووەمی پاککردنەوەی لەشە لە ماددە ژەهرەکان، لەلایەن کۆمەڵێک جینەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، وەک جینەکانی (GSTM1, GSTT1)،. وەبەپێی جیاوازی جۆری جیینەکان خێرایی فڕێدانەدەرەوەی ژەهرەکان لە کەسێک بۆکەسێکی دی جیاوازی هەیە ،لەوکەسانەی ئەم کردارەیان هێواشە، پێویستیەکی زیاتریان هەیە بۆ سەوزەکانی خێزانی کەلەرم، چونکە ئەم سەوزانە یارمەتی لەش دەدەن بۆ فڕێداندەرەوەی خێراتری ژەهرەکان، بەپێی جۆری جینەکان بڕی هەفتانەی پێویستی لەش بۆ ئەم گروپە لە سەوزە دیاریدەکرێت چونکە بە پێچەوانەشەوە زیاد خواردنی ئەم سەوزانەش دەکرێت زیانی هەبێت.

چۆنێتی وەرگرتنی نمونەی شیکارییەکە:

شیکاری (DNAfit) لە تاقیگەی پێشکەوتووی (DNAFit)ی بەریتانیا دەکرێت.

نمونەی شیکارییەکەش بریتییەلە لیک و خانەکانی ڕوپۆشی ناودەم کە بە سوابی(Swab)ی تایبەت وەردەگیرێت ودەکرێتە ناو تیوبی تایبەت بە ئەم شیکارییە کەمادەی پارێزەری تێدایە بۆ پاراستنی نمونەکە. وە پڕکردنەوەی فۆڕمی هاوپێچ تایبەت بە ئەم شیکارییە ،ئەم شیکارییە سێ هەفتەتا چوار هەفتەی پێدەچێت تا ئەنجامی شیکارییەکە لە بەریتانیا دەگەڕێتەوە .

°°°