یان(N-terminal pro B-type Natriuretic Peptide):
شیکاریەکی خوێنە سوودی لێوەردەگیرێت بۆ چاودێری کردنی تەندروستی دڵ و دەستنیشانکردنی (Congestive Heart Failure)، شیکاریەکە بڕی (NT-proBNP) لە خوێن دا دیاریدەکات کە وەک دەستنیشانکەرێک دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ لاوازبوون و سستبوونی ماسولکەکانی دڵ (Heart Failure) و چاودێری کردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دڵی کەسەکە.
بە شێوەیەکی ئاسایی بڕێکی کەم لە (pro-BNP)بەردەوام لەلایەن دڵەوە بەرهەمدێت، پاشان لەلایەن ئەنزیمێکی تایبەتەوە دەگۆڕدرێت بۆ هەریەک لە (BNP)(کە بەشە چالاکەکەیە)،( NT-proBNP)(بەشە ناچالاکەکەیە).
لەکاتی تێکچوون و ناڕێکی فشاری ناوەکی دڵ (کە ئەمەش بەهۆی سستبوون یان کشان و گەورەبوونی ماسولکەکانی دڵ (سکۆڵەی چەپ بە تایبەتی) یان هەرکێشەیەکی تری دڵ و بۆریەکانی خوێن دەکرێت ڕووبدات)، وادەکات بڕی بەرهەمهێنانی (BNP)(NT-proBNP) زیادبکات، هەربۆیە بەرزی بڕی (NT-proBNP) دەکرێت ئاماژەبێت بۆ سستبوون و بوونی زەختێکی زۆر لەسەر دڵ(واتا دڵ بە باشی توانای ڕاپەراندنی فرمانی ئاسایی خۆی نییە).
سستبوونی دڵ مانای لەکارکەوتن و وەستانی دڵ ناگەیەنێت، مانای وایە دڵ ناتوانێت فرمانی ئاسایی خۆی جێ بەجێ بکات و بەباشی کرداری پاڵنانی خوێن بۆ خانە و شانەکانی لەش ئەنجام نادات.
کەی پێویستە شیکاری (NT-proBNP) ئەنجامبدرێت؟
شیکاری (NT-proBNP) بۆ چەند مەبەستێک دەکرێت ئەنجام بدرێت لەوانە:
* لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی سستبوون و ناڕێکی فرمانی دڵ وەک:
– هەناسەتووندی (بە ناڕەحەت هەناسەدان) و هەناسە کورتی.
– ماندوێتی و بێهێزی بەردەوام.
– هەڵئاوسانی پێیەکان، پاژنە، قاچ و ورگ.
* لەکاتی سستبوون و لاوازی سکۆڵەی چەپی دڵ.
* لەوکەسانەی کە باری تەندروستیان لەناکاو تێکدەچێت و گومانی جەڵدەی دڵیان لێدەکرێت.
* هەندێک جار بەهۆی لێکچوونی نیشانەی نەخۆشیەکانی دڵ و چەند نەخۆشیەکی تر وەک (نەخۆشی سییەکان) لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکاندا پێویستە شیکاری (NT-proBNP) ئەنجامبدرێت بۆ دەستنیشانکردنی تەواو و دڵنیابوون لە تەندروستی دڵ جیاکردنەوە و دەستنیشانکردنی هۆکاری دەرکەوتنی نیشانەکان.
* لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری گرفتەکانی دڵ و بۆریەکانی خوێن بۆ چاودێریکردنی کاریگەری چارەسەرەکە.
ڕێژەی ئاسایی ئەنجامی شیکاریەکە:
بەگشتی ڕێژەی ئاسایی ئەنجامی شیکاریەکە بەپێ ی بارودۆخی جەستەیی کەسەکە گۆڕانی بەسەردا دێت چەند هۆکارێک هەن کە کاریگەری ڕاستەخۆیان هەیە لەسەر ئەنجامی شیکاریەکە لەوانە (تەمەن، قەڵەوی و (BMI)ی کەسەکە، دەرمان)، بۆیە پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت.
مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟
بەرزی ڕێژەی (NT-proBNP) دەکرێت مانای سستبوون یان کشانی ماسولکەکانی دڵ (سکۆڵەی چەپ) بگەیەنێت ڕێژەی ئەنجامی شیکاریەکە تووندی حاڵەتەکە دەستنیشان دەکات، کەدواتر لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ و بە ئەنجامدانی شیکاریە دڵنیاییەکانی وەک (Chest X-rays) (Echocardiography) دەستنیشان دەکرێت.
– ئاسایی بوونی ئەنجامی شیکاریەکە مانای تەندروستی دڵ دەگەیەنێت و دەکرێت نیشانەکانی نەخۆشەکە بەهۆی گرفتێکی تەندروستی ترەوەبێت.
** لەهەندێک حاڵەتدا ئەنجامی شیکاریەکە لێکدانەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت وەک:
– لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشیەکانی دڵ (کە دەبێتە هۆی دابەزینی بڕی (NT-proBNP) وەک: Angiotensin-Converting Enzyme Inhibitors, Beta Blockers, and Diuretics.
– بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە بڕی (NT-proBNP) دەکرێت کەمێک زیاد بکات.
– لەکاتی بوونی نەخۆشیەکانی گورچیلە، بڕی (NT-proBNP) دەکرێت زیادبکات (چونکە گورچیلە فرمانی پاڵاوتن بەباشی ئەنجام نادات).
کێن ئەوکەسانە کە مەترسی سستبوونی دڵیان لەسەرە؟
– کەسانی بەساڵاچوو، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن دا ماسولکەکانی دڵ بەرەو سستبوون دەڕۆن.
– ئەوکەسانەی کە کێشی زیادیان هەیە (قەڵەو).
– توشبوانی نەخۆشی شەکرە.
– ئەو کەسانەی کە جەڵدەی دڵ لێی داون.
– ئەو کەسانەی فشاری خوێنیان ناجێگیرە.
– بەگشتی سستبوون و لاوازبوونی ماسولکەکانی دڵ لە پیاواندا زیاترە بە بەراورد بە ئافرەتان.