بەم ناوانەیش دەنووسرێ: BMP، پانێڵی کیمیا.
بۆچی ئەم شیکارییە دەکرێت؟
تا باری لەشساغیی مرۆڤ دەستنیشانبکرێ، چاودێریی زۆر جۆری نەخۆشی و باری تەندروستیی لەش بکرێ، وەک نەخۆشییەکانی شەکرە و گورچیلە.
کەی ئەم شیکارییە پێویستە بکرێت؟
کاتێک مرۆڤ دەیەوێ لە باری لەشساغیی خۆی دڵنیاببێتەوە، یا هەست بە ئازارێک دەکا و دەیەوێ چاودێریی دۆخێکی دیاریکراو بکا.
نموونەی شیکاری ؟
کەمێک خوێن لە باسک وەردەگیرێ.
خۆئامادەکردن: ئامادەبوونمان بۆ ئەم شیکارییە، پشت بە هۆی شیکارییەکە دەبەستێ. پێدەچێ ماوەیەکی -لایەنی کەم- هەشت سەعات، جگە لە ئاو، خۆ لە خواردن و خواردنەوە بگرینەوە. کارمەندی تاقیگە لەمە ئاگاداریدەکاتەوە. مەرجە بزانن کە دەبێ پزیشکەکەتان و کارمەندی تاقیگە ئاگاداربێ چ دەرمان و ڤیتامینێکتان خواردووە.
شیکاریی چی دەکرێ؟
پانێڵی میتابۆلیی بنەڕەتی هەشت گرووپی شیکارییە، بڕی هەندێ ماددەی ناو خوێنمان بۆ دەپێوێ. ئەو شیکارییانە لە تاقیگەدا باون و دەکرێن. ئەم پانێڵە زانیاریی گرنگ سەبارەت بە باری تەندروستی، لەوانە شەکرەی خوێن، هاوسەنگیی ئەلکتۆلایت، شلەی ناولەش، باری گورچیلەکان. دەخاتە بەرچاوی پزیشک.
ئەنجامی نائاسایی، نیشانەی گرفتێکە و پێویستە هەر زوو دەستنیشان و چارەسەر بکرێ.
پانێڵی BMP ئەم شیکارییانە دەگرێتەوە:
١. گلۆکۆزی خوێن: سەرچاوەی سەرەکیی وزەیە بۆ خانەکانی لەش کە مەرجە فەراهەمبێ و ئاستەکەی تا ڕادەیەک لە خوێندا جێگیربێ.
٢. کالیسیۆم: یەکێک لە کانزا گرنگەکانی لەشە، پێویستە بۆ هەستەدەمار و دڵ و خوێنمەیین، سەرباری ڕۆڵی گرنگی لەپێکهاتنی ئێسکی لەش.
٣. ئەلکترۆلایت: کۆمەڵێ کانزان (سۆدیۆم،پۆتاسیۆم،کلۆر)لە خانەکانی لەش و ناوخوێندا بە شێوەی خوێی توواوە هەن. ئەلکترۆلایت یاریدەی گەیاندنی خۆراک دەدەن بۆ خانەکانی لەش و پاشەڕۆی خانەکانیش دەبەنە دەرەوەی خانە. هەرەها هاوسەنگیی ئاوی ناولەش ڕادەگرن، وێڕای هێشتنەوەی هاوسەنگیی (ترش/تفت) و پلەی ترشێتی (PH).
لای خوارەوە ناوی چوار شیکاری دەبەین، کە وا باوە بە ئەلکترۆلایت دەناسرێن:
٣. ١. سۆدیۆم: بۆ فرمانە ئاسایییەکانی لەش زۆر گرنگە، لەوانە: فرمانی هەستەدەمار و ماسوولکەکانی لەش.
٣. ٢. پۆتاسیۆم: بۆ میتابۆلیزمی خانە و فرمانی ماسوولکەکان هەر زۆر گرنگە، یاریدەی گواستنەوەی پەیامی نێوان هەستەدەمار و ماسوولکە دەدا.
٣. ٣. بیکاربۆنات: یاریدەی ڕاگرتنی هاوسەنگیی ترش/ تفت دەدا (PH).
٣. ٤. کلۆراید: ئەم کانزایە یاریدەدەری ڕێکخستنی بڕی شلەی ناو لەش و ڕاگرتنی هاوسەنگیی ترش/ تفتە.
٤. شیکاریی فرمانی گورچیلە:
٤. ١. شیکاریی نایترۆجینی یۆریای خوێن: پاشەڕۆیەکی پەیدابووە و گورچیلە دەیپاڵێوێ و بە میزەوە فڕێیدەدا، وەک دابەزینی فرمانی گورچیلە. ئاستی BUN بەرزدەبێتەوە.
٤. ٢. کریاتینین: یەکێک لەو پاشەڕۆیانیە کە لە ماسوولکەدا پەیدادەبێ و گورچیلە دەیپاڵێوێ. ئاستەکەیشی لە خوێندا ئاماژەیەکی گرنگە سەبارەت بە گورچیلەکان.
چۆن؟
پانێڵی BMP پێدەچی بۆ دڵنیابوونەوە لە باری تەندروستیی گورچیلە پێویست بێ. باری ئەکترۆلایت و هاوسەنگیی ترش/ تفت، هەروەها ئاستی گلوکۆزی خوێنیش، هەموو ئەوانە پەیوەستن بە میتابۆلیزمی لەشەوە، بۆ زانینی باری تەندروستی، نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییەکانی گورچیلە، جگە لەوەیش بۆ چاودێریی دۆخێکی زانراوی وەک بەرزیی پەستنای خوێن (Hypertension).
کەی؟
ئەم پانێڵە، لەوانەیە پێویست بێ بۆ دڵنیابوون لە باری تەندروستی، یا کاتێک دوچاری نەخۆشییەک دەبین، لە نەخۆشخانە، یا لە ژووری فریاکەوتن، یان کاتی نەخۆشیی درێژخایەن، پێویست دەبێ بۆ دڵنیابوونی ناوبەناو لە باری تەندروستی.
ئەنجامی شیکاری چی دەگەیێنێ؟
ئەنجامی شیکاری لە ڕادەی ئاسایی بەدەربێ، دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی جیاجیا، لەوانە: نەخۆشییەکانی گورچیلە، کێشەی هەناسەدان، یا بەهۆی شەکرەوە لە نەخۆشەکەی پیسکردووە. گەر هەر ئەنجامێکی شیکاری لە ڕادەی ئاسایی بەدەربێ، مەرجە بە وردی بەدوای یەکێک یا زیاتری ئەنجامەکانی شیکاریدا بچین، کە یاریدەدەری دیاریکردنی دۆخەکە دەبێ، تا پزیشک بکەوێتە چارەسەرکردن.
نموونەی ڕاپۆرتی پانێڵ:
گلوکۆز Glucose
کالیسیۆم Calicum
ئەلکترۆلایت Electrolyte
سۆدیۆم Sodium
پۆتاسیۆم Potassium
دووەم ئۆکسیدی کاربۆن Co2 (Carbon dioxide, bicarbonate)
کلۆراید Chloride
یۆریای خوێن B. Urea
کریاتین S. Creatine
ئەم پەنێڵە تەنها بۆ ئەم شیکارییانە دەگەڕێەوە؟
نەخێر، هەریەکە لەم شیکارییانە دەشێ جیاجیایش داوابکرێ.
هەرچۆنێک بێ، پزیشک یەکێک یازیاتری شیکارییەکانی ئەم پانێڵەی پێ باش و گونجاوە بۆ چاودێریی دۆخی نەخۆش. گەر چاودێریی دۆخێکی دیاریکراو بکرێ، لەوانەیە یەکێک لەو شیکارییانە بەسبێ.
هەموو ئەم شیکاریانە لەتاقیگەی پسپۆڕی نوا بەردەستن کە بە ئامێری پێشکەوتوی ئەڵمانی Cobas 6000,Cobas C311 دەکرێت.
•••••••••
بەهیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەموولایەک