ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەتای توندی ڕێڕەوی هەناسەدان(Sever Acute Respiratory Syndrome (COVID-19, MERS-COV, SARS)

پێشەکیەکی کورت:-

ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ یەکەم جار ساڵی (۱۹٦٠) لە مرۆڤدا دۆزراوەتەوە و هەریەک لە کۆئەندامەکانی هەناسە (Respiratory) ڕیخۆڵەکان (Gastro intestinal) و نەخۆشی دەمارەکان ( Neurogical disease)، تووشی گرفت ونەخۆشی دەکات.

حەوت جۆر ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبنەمایەی نەخۆشی لە مرۆڤدا، کە چوار لەو حەوت جۆرەی ڤایرۆسەکە تووش بوونیان سووکەو دەبنە هۆی (هەڵامەت و پەسیوی)وەک (Huk1, NL63, OC43, 229E).

سێ جۆر لە کۆرۆنا ڤایرۆس زۆرتوندن و هەندێک جار کوشندەن (Fatal) کە ئەوانیش ئەم سێ جۆرەی خوارەوەن:

یەکەم: [(SARS-CoV 2) Sever Acute Respiratory Syndrome (COVID-19)]:- ڤایرۆسی کۆرۆنای تاجیە کە لە ساڵی (٢٠١٩) لە ئوهانی چین سەری هەڵداو بە جیهاندا بڵاوبوەوە.

دووهەم: [(MERS-CoV) Middle East Respiratory Syndrome] :- لە ساڵی (٢٠١٢) سەری هەڵداو بڵاوبوەوە.

سێهەم: [(SARS-CoV) Sever Acute Respiratory Syndrome] :- کەلەساڵی (٢٠٠٢) سەری هەڵدا و بڵاوبوەوە.

ئەم سێ جۆرەی ڤایرۆس هاوبەشن لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا ،کە ئەگەری زۆرە لە ئاژەڵی تووش بوو ،پاش گۆڕانی جینەکانی (mutation) بۆ مرۆڤ و لە مرۆڤیشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

چەند جۆرێک شیکاری تاقیگەیی بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی (COVID-19, SARS, MERS-CoV) لە تاقیگە پسپۆڕییە پێشکەوتووەکان ئەنجام دەدرێن کەئەمانەن:

١- شیکاری مۆلیکولەر بەڕێگەی (rRT-PCR)(Reverse Transcription Polymerase Chain Reaction) پاش دیاریکردنی نیشانە و ماکی نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە، ئەم شیکارە دەنوسرێت بۆ زانینی بونی (RNA)ی ڤایرۆسەکە لە کەسی تووشبودا، ئەم جۆرە شیکارە زۆر جێ ی باوەڕە بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکە(Diagnosis).

٢- شیکاری سیرۆلۆجی ( Serology Test).:- لەم جۆرە شیکارەدا بوونی دژەتەن (Antibody) دەپێوین (دیاریدەکەین)، کە لەئەنجامی ڤایرۆسەکەوە لە کەسی توشبوودا دروست بووە (ئەم جۆرە شیکارییە زیاتر بۆ چاودێری و زانینی بڕی دژەتەنی دروستبووە لە کەسی توشبوودا).

گرنگی شیکاری بەڕێگەی [rRT-PCR]:- ئەم جۆری شیکارە زیاتر جێی باوەڕە کە رێژەی ڕاستی شیکاریەکە لە (%95) زیاترە، ئەنجامی پۆزەتیڤ لەم شیکارەدا واتە هەبوونی ڤایرۆسەکە بە چالاکی (Active) لە کەسی توشبوودا، ئەم شیکارە دەبێت لەماوەی کەمتر لە حەوت ڕۆژ لە توشبوونی کەسەکەوە بکرێ. (پاش دیاریکردنی نیشانەو ماکی نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە)، دەبێت لە پاش هەفتەی دووەمی توشبوونی کەسەکە بە ڤایرۆسەکە ئەم شیکارەی بۆ دووبارە بکرێتەوە.

کێ دەبێت ئەم شیکارە بکات لە تاقیگەکاندا:-

ئەم شیکاریە لەلایەن کەسی پسپۆڕ بەبەشی (Molecular)ئەنجام دەدرێت کە شارەزایە لەم بوارەدا، دەبێت ئەم بەشەی تاقیگەکە هەموو ئامێر و پێداویستی شیکاریەکانی (rRT-PCR) تێدابێت، گرنگە ئەم بەشە زۆر پاکژ و خاوێن بێت بەرکەوتەی بە پیسی (Contamination) نەبێت.

گرنگی شیکاری بەڕێگەی سیرۆلۆجی [Serology Test] :

ئەم جۆرەی شیکاری بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە لەوەوپێش هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون و ئینجا دەمانەوێت بڕی دژەتەنی دروست بوو بۆ ڤایرۆسەکە دیاری بکەین.

دژەتەن چیە [Antibody]:

پرۆتینێکە لەلایەن سیستمی بەرگری لەشەوە دروست دەکرێت دژی هەموو دژە زیندەکان (Antigen) کە دەچنە لەشی مرۆڤەوە، وەک (ڤایرۆس، بەکتریا، میکرۆب).

شیکاری تاقیگەیی سیرۆلۆجی بەڕێگەی (ELISA) (Enzyme Linked immunosorbent Assay) ئەنجام دەدرێت، بۆ دیاریکردنی بڕی (ڕێژەی) دژەتەنی دروست بوو بۆ ڤایرۆسەکە، بە گشتی دژەتەنەکان بە پرۆتینی ڤایرۆسەکە وە دەلکێن (بۆ نمونە لە ڤایرۆسی (MERS-CoV) بە دوو پرۆتینی ڤایرۆسەکەوە دەنوسێن کە ئەوانیش Spike (S), Nucleocapsid (N.

* شیکارکردنی نمونەی کەسەکە بەرێگەی (Serology) دەبێت، بۆ دڵنیابوونی هەرچی زیاتر شیکارێکی تری بۆ بکرێ کە پێی دەڵێن (Microneutralization Test).

شیکاری (Microneutralization Test) چی یە:-

تەکنیکێکی شیکاری وردو هەستیارە، پێوانەیی و نمونەییەو جێی باوەڕە لە زانستی ڤایرۆلۆجیدا، بۆ دیاریکردنی پرۆتینی دژەتەنی هاوتای دیاریکراو بۆ ڤایرۆسەکە (Virus-Specific neutralizing Antibodies ).

چۆنێتی لێکدانەوەی ئەنجامی شیکاری بە ڕێگەی (ELISA) و (Microneutralization Test):-

آ- ئەگەر ئەنجامی شیکاری بەڕێگەی (ELISA) و (Microneutralization) پۆزەتیڤ بوو واتە نمونەی شیکارەکە پۆزەتیڤ (Positive)ە.

ب- ئەگەر ئەنجامی شیکارە کە بە دووجار ئەنجام دانی بەڕێگەی (ELISA) پۆزەتیڤ بوو، بەڵام (Microneutralization) نێگەتیڤ بوو ئەوا نموونەی شیکارەکە بە نادیار (Indeterminate) دیاریدەکرێت.

ج- ئەگەر ئەنجامی شیکارەکە بەیەک جار ئەنجامدانی بەڕێگەی (ELISA) نێگەتیڤ بوو، وەبەڕیگەی (Microneutralization)ش نێگەتیڤ بوو، مانای وایە ئەنجامی شیکارەکە نێگەتیڤە (Negative)ە.

بۆیە گرنگە بۆ زانینی توشبوونی پێش وەختەی کەسێک (کە لەوەوپێش هەڵگری ڤایرۆسەکە بووە)، دەبێت شیکاری بەهەردوو ڕێگەی (ELISA) (Microneutralization) بۆ بکرێت.

نمونەی شیکارییەکە (Specimen Type):

بەگشتی دووجۆر نموونەی بۆ شیکاری وەردەگرین، خوێن لەگەڵ نموونەی کۆئەندامی هەناسەی توشبووەکە.

نمونەی کۆئەندامی هەناسە لە دوو شوێن وەردەگرین.

یەکەم: بەشی خوارەوەی کۆئەندامی هەناسە (Lower Respiratory Tract) کە هەریەکەلە (Bronchoalveolar Lavage) (tracheal aspirate), (Pleural Fluid )ە، (٢ بۆ ٣ )مل لە شلەمەنی یەکێک لەمانە وەردەگرین دەیکەینە ناو تیوبێکی پاکی سەرداخراو، باشترە شیکارەکە زوو ئەنجام بدەین. دەکرێت نموونەی شیکارەکە هەڵبگیرێت لە پلەی (۲ بۆ ۸سەدیدا) لە ماوەی کەمتر لە (۷۲ کاتژمێر) شیکار بکرێ.

ئەگەر بۆ ماوەی (۷۲ کاتژمێر) یان زیاتر نمونەکە هەڵبگرین، دەبێت لە پلەی (-۷٠ ژێر) سەدیدا هەڵبگیرێت.

دووهەم: بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسەدان (Upper Respiratory Tract) نمونەی شیکاریەکە دەتوانین لە هەریەک لە بەشی ناوەوەی لووت ( Nasopharyngeal Swab) یان لە بەشی ناوەوەی دەم لای قوڕگەوە (Oropharyngeal swab)وەربگرین.

وەرگرتنەکە بە سوابێکی پلاستیکیەکە سەرەکەی لۆکەیەکی تایبەتی پاکژی بۆ ئەو مەبەستە پێوەیە، پاشان نموونە وەرگیراوەکە دەیکەینە ناو تیوبێکی (٢ بۆ ٣ مل) کە مادەی (VTM)(Viral Transport Media) تێدایە، کە بەکاردێت وەک ناوەندێکی گواستنەوە، پاشان لە تاقیگە ئیشی لەسەر دەکرێت. ئەم جۆرەی نموونەی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسەدان باشترو پەسەندکراوترە بۆ شیکارکردن بەڕێگەی (rRT-PCR ).

نمونەی شیکارەکە ئەگەر لە ماوەی کەمتر لە (۷۲ کاتژمێر) بمانەوێت کاری لەسەر بکەین دەبێت لە پلەی گەرمی (٢-٨ سەدیدا) لە ساردکەرەوەی تاقیگەدا هەڵبگیرێت، لەو ماوەیە زیاتر بێت دەبێت لە پلەی گەرمی کەمتر لە (-۷٠ سەدیدا) هەڵبگیرێت.

*نمونەی بەڵغەم (Sputum): دەبێت کەسەکەی کە شیکاری بۆ دەکرێت جوان ناودەمی بە ئاو بشوات پاشان بە بەهێزی بکۆکێت و پاشان نمونەی (Sputum) لێوەربگیرێت.

نموونەی خوێن بۆ شیکاری بەڕێگەی(rRT-PCR): (٤ بۆ ٥ ) مل لە خوێنی کەسی توش بوو وەردەگرین،(دەبێت لە ماوەی کەمتر ۱٠ بۆ ۱۲ ڕۆژ لە دەرکەوتنی ماک و نیشانەی ڤایرۆسەکە وەریبگرین).

دەتوانرێت لە هەمان ڕۆژدا ئیشی لەسەر بکرێت.ئەگەر لە ماوەی کەمتر لە (۷۲ کاتژمێر) بمانەوێت کاری لەسەر بکەین دەبێت لە پلەی گەرمی (٢-٨ سەدیدا) هەڵبگیرێت لە ساردکەرەوەی تاقیگەدا، لەو ماوەیە زیاتر بێت دەبێت لە پلەی گەرمی کەمتر لە (-۷٠ پلەی سەدیدا) هەڵبگیرێت.