شیکاریی (Protein C) سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی (Protein C) لە خوێندا، (Protein C) یەکێکە لە گرنگترین پرۆتینەکان کە بەشێوەیەکی سروشتی لەلایەن جگەرەوە دروست دەکرێت، وەک دژەمەیاندنێکی سرووشتی کاردەکات (Anticoagulant) و نایەڵێت خوێن بەشێوەیەکی ناتەندروست و ناڕێک لەناو لەشدا بمەیەت و هاوسەنگی کرداری مەیاندنی خوێن ڕادەگرێت ، لەکاتی کەمبوونەوەی بڕی (Protein C) لە لەشدا دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی خوێن مەیین (تۆپەڵبوونی خوێن لەناو مللولە خوێندا) بەتایبەتی لە ئافرەتانی دووگیاندا.
پرۆتین سی (Protein C):
پرۆتین سی (Protein C) پلازما پرۆتینێکی گرنگە کە بەشێوەیەکی سروشتی لە لەشدا لەلایەن جگەرەوە دروست دەکرێت ، لەش بۆ بەرهەم هێنانی ئەم پرۆتینە پشت بە (Vitamin K) دەبەستێت، پرۆتین سی (Protein C) بە یارمەتی پرۆتین ئێس (Protein S) کاردەکات و پێکەوە ڕێگری دەکەن لەهەر خوێن مەینێکی نائاسایی و کۆنتڕۆڵی چالاکیەکانی هەریەک لە فاکتەر پێنجی چالاککراو (Factors Va) و فاکتەر هەشتی چالاککراو (Factors VIIIa) دەکەن، لە سیستمی خوێن مەیندا و یارمەتیدەر دەبێت لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە خوێن مەیندا .
بەشێوەیەکی ئاسایی لەکاتی برینداربوونی مللولەکانی خوێن ، پرۆسەیەکی سروشتی لەلەشدا چالاک دەبێت (Hemostasis)بۆ ساڕێژبوون و وەستاندنی خوێنبەربوون، خەپلەکانی خوێن (Platelets) بە هاوکاری پرۆتینەکانی بەرپرس لە مەیاندن (Coagulation Factors) کە یەک بەدوای یەک چالاک دەبن بۆ ساڕێژبوونی برینداریەکە. پرۆتین سی (Proteins C) بە هاوکاری پرۆتین ئێس (Protein S) پاش ساڕێژبوونی برینەکە کۆنتڕۆڵی مەیاندنەکە دەکەن بە بەڕاگرتنی هەریەک لە فاکتەر پێنج و فاکتەر هەشتی چالاککراو (Factors Va & VIIIa).کەمی ڕێژەی پرۆتین سی (Proteins C) دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین گرفتی پەیوەست بە مەیاندنەوە (Excessive Clotting Disorder) و هەندێک جار مەیاندنی ناوەکی دروست دەبێت و بەبێ بوونی برین و دەبێتە مەترسی لەسەر ژیان.
بەگشتی دوو جۆر نائاسایی بوون لە پرۆتین سی (Proteins C) دا ڕوودەدات:
* جۆری یەکەم (Type I): کەمبوونی ڕێژەی پرۆتینەکە.
* جۆری دووەم (Type II): ڕێژەی ئاسایی پرۆتینەکە بوونی هەیە بەڵام چالاکی پرۆتینەکە کەم دەکات و توانایی چوونە نێو سیستمی مەیاندنی نامێنێت. (لە جۆری یەکەم کەمترە).
هۆکار و مەترسیەکانی کەمی پرۆتین سی (Proteins C):
هۆکاری کەمی پرۆتین سی (Proteins C) دەکرێت بۆماوەیی بێت (لە باوانەوە بۆ نەوەکان بگوازرێتەوە) و بەهۆی بوونی گۆڕانێکی بۆماوەیی (Mutations) لە جینی (PROC gene) ڕووبدات کە دەبێتە هۆی تێکچوونی (فرمانی و بڕی) پرۆتینەکە. یان بەهۆی یەکێک لەم هۆکارانەوە ڕەنگە بڕی پرۆتینەکە کەم بکات.
* وەرگرتنی دەرمانی تایبەت بە خوێن (ڕوونکردنەوە) (Anticoagulant Therapy) وەک (Warfarin).
* بوونی نەخۆشی جگەر و گورچیلە و لەکارکەوتنیان.
* کەمی ڤیتامین کەی (Vitamin K).
* بڕیین و لێکردنەوەی بەشێك لە ڕیخۆڵەباریکە.
* بەکارهێنانی زۆری ئەنتی بایۆتیک (Antibiotics).
* خانەی شێرپەنجەیی و بەکارهێنانی هەندێک چارەسەری کیمیایی.
* هەوکردن (Sepsis).
* ڕوودانی مەیاندنێکی زۆر لە بەشێکی لەشدا (دەکرێت بەهۆی بریندار بوون یان نەشتەرگەریەوە بێت).
* بوونی ڤایرۆسی ئایدز (HIV).
* لەکاتی سکپڕیدا.
– هەندێک جار بارودۆخەکان کاتین و پاش ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی کەسەکە بڕی پرۆتینەکە ئاسایی دەبێتەوە.
مەترسیەکانی کەمی پرۆتین سی (Proteins C):
هەندێک جار کەمی پرۆتین سی (Proteins C) هیچ مەترسیەکی تەندروستی دروست ناکات ، بەڵام دەکرێت چەندین گرفتی تەندروستی بەدوای خۆیدا بێنێت وەک:
* کاتێک بڕی (Proteins C) زۆر کەم بێت ڕاستەوخۆ دوای لەدایک بوون دەکرێت ببێتە هۆی (Purpura Fulminans)( Disseminated Intravascular Coagulation (DIC)) لە منداڵی ساوادا ، هەندێک جاریش دەکرێت تا هەرزەکاری هیچ نیشانەیەکی دەرنەکەوێت.
* لەوکەسانەی کە بڕی پرۆتینەکە مامناوەندە دەکرێت هیچ گرفتێکی تەندروستی دروست نەکات تا ئەوکاتەی بەهەر هۆکارێک بڕەکەی کەمتردەبێت لە بڕی پێویست، دەبێتە هۆی:
– تۆپەڵبوون و مەینی خوێن لە لە نێو مللولەکانی خوێندا (بە تایبەت لە مللولەکانی ژێرپێست دا) (Deep Vein Thrombosis) نیشانەکانی: (ئازار و نەرم بوون و ئاوسانی دەست و قاچ ، شینبوونەوەی بێ هۆکاری پێست).
– گیرانی بۆری خوێنی سییەکان (Pulmonary Embolism) نەگەیشتنی خوێن بە سییەکان نیشانەکانی: ( هەناسەبڕکێ و هەناسە توندی ، ئازاری سنگ لەکاتی هەناسە داندا ، دڵ پەلەپەل کردن و لێدانی دڵی ناڕێک ، بورانەوە و لە هۆش چوون و کۆکەی خوێناوی).
– دروست بوونی گرفت لەکاتی سکپڕیدا (بەهۆی تۆپەڵ بوونی خوێنەوە).
– خوێن بەربوونی نائاسایی (کە دەبێتە هۆی شینبوونەوە) لە بەشە جیاوازەکانی لەشدا.
– مەترسی لەسەر ژیان بەهۆی وارفارینەوە (Warfarin).
– گیرانی مللولە باریکەکانی مێشک بەهۆی خوێنی تۆپەڵ بووەوە.
مانایی شیکاریەکە چی دەگەیەنێت:
بەگشتی شیکاریی بۆ ڕێژەی پرۆتینەکە دەکرێت:
– ڕێژەی ئاسایی پرۆتینەکە نیشانەیە بۆ ڕێک و پێکی سیستمی مەیاندنی خوێن (ئەگەر بەشەکانی تری سیستمەکە گرفتی نەبێت).
– کەمی ڕێژەی پرۆتینەکە مانایی بوونی گرفتە لە سیستمی مەیاندن و کۆنتڕۆڵ کردنیدا (دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیەکانی مەیاندنی خوێن و گیرانی مللولەکانی خوێن).
– بەرزببونی ڕێژەی پرۆتینەکە بەگشتی گرفتێکی تەندروستی مەترسیدار دروست ناکات.
شیکاریە پەیوندیدارەکان:
(Protein S, Antithrombin III, Factor V, Fibrinogen, PT & PTT (INR)).