شیکاری فرمانەکانی دڵ.

دڵ ئەندامێکی گرنگی لەشە و وەک ترومپایەک خوێن بەگشت لایەکی لەشدا دابەش دەکات.

بایەخی دەست نیشان‌کردنی پێش وەختەی نەخۆشییەکانی دڵ، هەرچی زیاتر بۆ زوو چارەسەرکردنە و جڵەوکردنی نەخۆشی و نیشانەکانیەتی،کە بەشیکاری دڵ دەکرێ نەخۆشییەکەی بناسرێتەوە. پزیشکی پسپۆڕ لە هەڵبژاردنی شیکار و ئەزموونی دڵ پشت بە چەند فاکتەرێک دەبەستێ،لەوانە نیشانەکانی نەخۆشی و مێژووی نەخۆشییەکە و هۆکاری مەترسی کە ترسی تووشبوون زیاد دەکات.

لای خوارەوە بەرچاوترین ئەزموون و شیکاری دەخەینە بەرچاو:-

پەستان/فشاری خوێن

پەستانی خوێن وەک پێوەرێک لەڕووی پزیشکییەوە گرنگە تا لە باری لەشساغی نەخۆش بکۆڵرێتەوە. دەکرێ پزیشک یا کارمەندی تەندروستی بیپێوێت و تۆماری بکات.

ترپەی دڵ:

پێوانەکردنی ژمارەی لێدانی دڵە لەیەک خولەکدا و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی‌تر دەگۆڕێ.

شیکاری خوێن:

بەشیکاری خوێنی نەخۆش زۆر لایەنی لەشساغی نەخۆش دەردەکەوێ، چەندین جۆر شیکاری خوێن دەکرێ لەشساغی نەخۆشی پێ هەڵبسەنگێندرێ.

١-شیکاری چەورییەکان. Lipid Profile بەمە ئاستی هەریەک لە کۆلیسترۆڵی باش و خراپ هەروەها سیانەگلیسراید دیاری دەکرێ.

٢-شیکاری (c-reactive protein) CRP :- پێوانەکردنی ئاستی پرۆتینی (C) لەخوێندا. کە جۆرێ پرۆتینە جگەر بەرهەمی دەهێنێ لە کاتی تووشبوون یا هەر جۆرە هەوکردنێکی بەکتریایی لەلەشدا. بەرزبوونەوەی بڕی ئەم پڕۆتینە مانای وایە ئەو کەسە مەترسی زیاتری لێدەکرێ بە تووشبوونی نەخۆشییەکانی دڵ.

٣-شیکاری (BNP) brain natriuretic peptide : دڵ ئەم هۆڕمۆنە بەمەبەستی ڕزگاربوون لە شلەمەنی زیادەی لەش دەردەدات لەڕێی هاندانی بە فڕێدانی لەڕێی میزەوە. هەرکات دڵ ئازاری پێ‌بگات دەردانی ئەم هۆڕمۆنە زیاتر دەبێ بەو مەبەستەی بڕێکی زیاتری شلەمەنی فڕێ بدرێت و باری گرانی سەر دڵ سووک ببێتەوە.

٤-ئەنزیمی دڵ:- بەم شیکارە بڕی پەیتی ئەنزیمەکانی دڵ دیاری دەکرێ کە ماسولکەی دڵ بە بڕی کەم دەریان دەدات (لەکاتی ئاساییدا). ئەم شیکارانە لەماوەیەکی کەمدا دەکرێن تا لە ئەگەری دووچاربوون بە نۆرەدڵێ ئاگاداربین. کاتێ دڵ بریندار دەبێ یا دووچاری هەر حاڵەتێک دەبێتەوە یا ئۆکسجینی کەم پێ‌دەگات. بڕی زیاتی ئەم ئەنزیمانە دەڕژێنە ناوخوێن. لە ڕاستید چەند جۆر ئەنزیمی دڵ هەن لە هەموویان باوتر شیکاری (troponin) ئەمانە و سەرباری هێڵکاری دڵ (ECG)و. دەنگدانەوەی دڵ (ECHO) و قەستەرەی دڵ و تیشکی (X) و (CT scan) و (MRI)و…..

هێندێ ڕاستی لەبارەی دڵەوە:-

نەخۆشییەکانی دڵ لە لیستی هۆکارە سەرەکییەکانی مردنن. کە چەندین جۆرن:-

-نەخۆشیی (coronary artery)کە خوێنبەری دڵ تێدا دەگیرێ و تەسک دەبێتەوە هۆکاری هەرە باوی جەڵتەی دڵ و سنگە کوژێیە.

-نەخۆشی پەک کەوتنی دڵ ئەمەیش بەهۆی لاوازی دڵ یا هەر زیانێک بەدڵ بگات.

-نەخۆشی پەیوەست بە لاسەنگ‌بوونی لێدانی دڵ.

-نەخۆشی پەیوەست بە بونیادی دڵ و پێکهاتەی دڵ وەک زمانەی دڵ و ماسولکەی دڵ و دیواری دڵ سەرباری بۆرییەکانی دڵ.