شیکاری (Phosphorus) بریتی یە لە پێوانەکردنی ڕێژەی توخمی (Phosphorus) لە خوێندا، (Phosphorus) کانزایەکی گرنگە و بەشداری دەکات لە چەندین پێکهاتە و فرمانی لەشدا وەک بەرهەمهێنان و پاشەکەوت کردنی وزە لەشێوەی (Adenosine Triphosphate (ATP))، بەهێزی ددان و بەهێزی و تەندروستی ئێسکەکان لەگەڵ کالسیۆمدا (CalciumPhosphate) پێکدێنن و ڕاگرتنی هاوسەنگی ترشێتی و تفتێتی لە لەشدا و چەندین فرمانی تر ….
توخمی (Phosphorus) لە لەشدا دەگۆڕدرێت بۆ (Phosphate) و پاشان بەژداری لە زیندەچالاکیەکاندا دەکات، (Phosphorus) لە پیشەسازی خۆراکدا بەکاردێت بۆ پاراستنی پێکهاتەو و ڕەنگ و بۆنی خۆراکەکان.
بەگشتی ڕێژەی (Phosphorus) لە منداڵدا بەرزترە بەهۆی گەشەی ئێسکەکانیەوە.
کاری فۆسفۆڕ(Phosphorus):
– بەهێزکردنی ئێسک و ددان.
– یارمەتی بەرهمهێنان و بەکارهێنان و پاشەکەوت کردنی وزە دەدات.
– یارمەتی جوڵەی ماسولکەکان دەدات.
– فڕێدانە دەرەوەی پاشەڕۆ لە گورچیلەکانەوە.
– یارمەتی گەشەکردن و چاکبوونەوەی شانەکان دەدات.
– دەچێتە پێکهاتەی (DNA)(RNA).
– ڕاگرتنی هاوسەنگی لە کاری ڤیتامینەکانی وەک (Vitamins B)(Vitamins D) و توخمەکانی (Iodine)(Magnesium)(Zinc).
– هاوسەنگی لێدانی دڵ ڕادەگرێ.
– نەهێشتنی ئازاری ماسولکەکان دوای وەرزشکردن.
– یارمەتی کاری کۆئەندامی دەمار دەدات.
کەی شیکاریی (Phosphorus) ئەنجام دەدرێت؟
* ناڕێکی (کەم و مامناوەند) لە بڕی فۆسفۆڕدا بە گشتی دەکرێت هیچ نیشانەیەکی نەبێت ، هەربۆیە لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی کەمی کالسیۆم یان نەخۆشیەکانی گورچیلە و دڵ و شەکرە و شاش بوون و داخورانی ئێسکەکان و ناڕێکی لە کاری ڕژێنی (Parathyroid Gland) و تێکچوونی هاوسەنگی (ترشێتی و تفتێتی) لە لەشدا و وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەسەر ڕێژەی کالسیۆم و فۆسفۆر هەیە، پێویستە شیکاری (Phosphorus) ئەنجام بدرێت.
خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە (Phosphorus):
کەسێکی پێگەیشتوو پێویستە ڕۆژانە نزیکەی (700mg) لە (Phosphorus) وەربگرێت.
– گۆشتی سور و گۆشتی پەلەوەر.
– هێلکە.
– جگەر.
– ماسی.
– شیر و بەرهەمە شیرەمەنیەکان.
– تۆوی ڕووەکەکان وەک (چەرەزات و پاقلەمەنیەکان و دانەوێڵە).
– پەتاتە.
– سیر.
– میوەی وشک کراوە.
زیانەکانی زۆری و کەمی (Phosphorus):
* هەرچەندە (Phosphorus) توخمێکی گرنگە بۆ لەش بەڵام بوونی ڕێژەیەکی زۆریش لە (Phosphorus) لە لەشدا (Hyperphosphatemia)ژەهراویە و دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون و سکچوون و تێکچوونی تەندروستی شانەکان و تەشەنوجی ماسولکە و دڵەکوتێ و شاش بوون و لاوازبوونی ئێسکەکان (Osteoporosis)، کەمبوونەوەی ڕێژەی کالسیۆم و کەریگەری دەبێت لەسەر ڕێژەی توخمەکانی تری وەک ئاسن و مەگنیسیۆم و زینک.
* کەمی ڕێژەی (Phosphorus) لە خوێندا (Hypophosphatemia)دەبێتە هۆی ئازاری ئێسک و جومگەکان و لاوازی ماسولکەکان ، لەدەستدانی تەرکیز و بێهێزی و بێتاقەتی و زوو توڕە بوون ، ناڕێکی هەناسەدان، لاوازی گەشە کردنی ئێسک لە منداڵدا ، زیاد بوونی ڕێژەی کالسیۆم و کەمبوونەوەی توانی هەڵمژین لە ڕیخۆڵەکانەوە ، کاریگەری لاوەکیشی دەبێت لەسەر کاری گورچیلەکان.
* هەندێک بارودۆخی تەندروستی و دەرمان و خۆراک کاریگەری لاوەکیان هەیە لەسەر ڕێژەی (Phosphorus) وەکو شەکرە و زیاد بەکاربردنی خواردنەوە کهولیەکان.
مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت:
ڕێژی ئاسایی (Phosphorus) لە کەسێکی پێگەیشتوودا (mg/dl 4.5-2.5).
بەرزی ڕێژەی (Phosphorus):
* دەکرێت بەهۆی زۆر خواردن یان زۆر بەکارهێنانی ئەو خۆراک و دەرمانانەوە بێت کە ڕێژەی (Phosphorus) ی زۆری تێدایە.
* نەخۆشی شەکرە (Diabetic Ketoacidosis)، کە ببێتە هۆی سوتانی (Fatty Acids).
* کەمی ڕێژەی کالسیۆم (Calcium).
* کەمی هۆرمۆنی (Parathyroid Hormone) یان لاوازی لە کاری ڕژێنی (Parathyroid Gland).
* نەخۆشیەکانی جگەر.
* لاوازی کاری گورچیلەکان و دڵ و خوێنبەرەکان (Cardiovascular Disease).
کەمی ڕێژەی (Phosphorus):
* بەکارهێنانی دەرمان وەکو (Antacids).
* کەمی ڤیتامین دی (Vitamin D).
* کەم خواردنی ئەو خۆراکانەی فۆسفۆڕی زۆریان تێدایە.
* زیاد بەکاربردنی خواردنەوە کهولیەکان.
* بەرزی ڕێژەی کالسیۆم (Calcium).
* زیاد کارکردنی ڕژێنی (Parathyroid Glands) و زیادبوونی بڕی هۆرمۆنی(Parathyroid Hormone).
* سوتانی زۆر.
* ووشکبوونەوە.
شیکاریە پەیوەندارەکان:
• Calcium.
• Vitamin D3.
• PTH (Parathyroid Hormone).