شیکاری (Tuberculin)(PPD):

شیکاری (PPD) شیکاریەکی ژێر پێستە بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی سەرەتایی نەخۆشی سیل (Tuberculosis)، کە نەخۆشیەکی بەکتریاییە و بەهۆی بەکتریای (Mycobacterium Tuberculosis) دروست دەبێت و کاریگەریەکانی بەگشتی لە سییەکاندا دەردەکەوێت (لەهەندێ باری دەگمەندا دەکرێت لە ڕێڕەوی میز و مێشک و ئێسک و جومگەکان و ئەندامەکانی تردا کاریگەریەکەی دەربکەوێت)، شیکاریەکە دەستنیشانی توشبوون بە بەکتریاکە دەکات و پێوانی کاردانەوەی سیستمی بەرگری لەشی دژی بەکتریاکە دەکات (بوونی بەرگری دژی بەکتریاکە مانای بوونی بەکتریاکە دەگەیەنێت).

بەکتریای (Mycobacterium tuberculosis):

ئەم بەکتریایە کە بە بەکتریای سیل ناسراوە، کاتێک لەڕێگەی هەناسەوە دەچێتە ناوەوە دەکرێت تا چەند ساڵێک بە ناچالاکی بمێنێتەوە، و لەگەڵ لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش نیشانەکانی سەرهەڵبدات وەک (تا، دابەزینی کێش، کۆکە).

بەکتریاکە بە دوو شێوە لە لەشدا دەمێنێتەوە:

* بەشێوەی متبوو (Latent):کە لەم بارەدا هەڵگر هیچ نیشانەیەکی تێدا دەرناکەوێت و بەکتریاکە بەبێ کاریگەری دەمێنێتەوە و ناگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر تا ئەوکاتەی سیستمی بەرگری کەسەکە لاواز دەبێت (یان لاواز دەکرێت).

* بەشێوەی چالاک(Active): لەم بارەدا وردە وردە نیشانەکانی نەخۆشیەکە سەرهەڵدەدات و دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر لەڕێگەی (کۆکین و پژمین و قسەکردنی نزیکەوە….)، پێویستە بە زوو چارەسەر وەبگرێت.

چۆنیەتی ئەنجامدانی شیکاریەکە:

ئەم شیکاریە پێویستی بە خوێن نییە و تەنها بە لێدانی بڕێکی کەم لە گیراوەی (Purified Protein Derivative (PPD)) کە بە (Tuberculin) ناسراوە، بۆ ژێر پێستی نەخۆشەکە ئەنجام دەدرێت، کە ئەم گیراوەیە دژەپەیداکەری بەکتریاکەی لەخۆ گرتووە (Antigens)، لەوکەسانەی کە هەڵگری نەخۆشیەکەن بەهۆی بوونی بەرگری دژی بەکتریاکە، سیستمی بەرگری لەش کاردانەوەی دەبێ و هێرش دەکاتە سەر ناوچەی پێدانی دژەپەیداکەرەکە، بەمەش دەبێتە هۆی (سوربوونەوە و ڕەقبوون) کە گوزارشت لە بوونی بەکتریاکە دەکات.

پاش لێدانی دەرزیەکە بۆ ژێرپێست (لەشێوەی زیپکەیەکی بچووکدا دەردەکەوێت)، وە پێویستە ناوچەی لێدانی دەرزیەکە لەلایەن نەخۆشەوە پارێزگاری لێ بکرێت (لە تەڕبوون و پاککردنەوە و خوراندن وعەزێتدان).

پاشان دوای (٤٨ بۆ ٧٢ کاتژمێر) لە لێدانی دەرزیەکە پێویستە نەخۆش سەردانی تاقیگە بکاتەوە بۆ خوێندنەوەی ئەنجامەکە، لەدوای ئەو ماوەیە ئەنجامەکەی قبووڵکراو نابێت.

کەی پێویستە شیکاریەکە ئەنجام بدرێت:

شیکاریی (Tuberculin) بەگشتی بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە مەترسی توشبوونیان بە سیل (Tuberculosis) لێ دەکرێت وەک:

* ئەو کەسانەی کە بەرگری لەشیان لاوازە وەک (ئایدز)، یان لاوازکراوە وەک (ئەوکەسانەی دەرمانی لاوازکردنی بەرگری لەشیان پێ دەدرێت وەک چارەسەر).

* ئەوکەسانەی کە لە شوێنە گشتیەکاندا کار دەکەن و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ کەسانی تردا وەک (دایەنگە و قوتابخانە و ئەوکەسانەی لەناو ماڵان کاردەکەن).

* ئەوکەسانەی کە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ کەسانی توشبوو بە نەخۆشیەکە.

* ئەوکەسانەی کە نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان تیادا دەردەکەوێت.

* کەسانی بیانی کە دەچنە وڵاتێکی تر بۆ کارکردن یان مانەوە.

خوێندنەوەی ئەنجامی شیکاریەکە:

خوێندنەوەی ئەنجامی شیکاریەکە پاش (٤٨-٧٢ کاتژمێر) لە لێدانی دەرزیەکە دەبێت.

* ئەنجامی پۆزەتیڤی(Positive) شیکاریەکە (مانایی بوونی بەکتریاکە دەگەیەنێت)، بە سوربوونەوە و ئاوسانی بازنەیی لێدانی دەرزیەکە دەردەکەوێت و قەبارەی تیرەیی سووربوونەوە و ئاوسانەکەش توندی تووشبوون بە بەکتریاکە دیاریدەکات، هەندێک جار بەهۆی لاوازی سیستمی بەرگری کەسەکەوە بڕی سووربوونەوەکە کەم دەبێت.

* ئەنجامی نێگەتیڤی (Negative) شیکاریەکە بە سووربوونەوەیەکی کەم (کەمتر لە ٨ ملم) یان سوور نەبوونەبوونەوە دەبیت، مانای وایە کەسەکە تووشبوونی بە بەکتریاکە نییە، دەریدەخات کە سیستمی بەرگری کەسەکە هیچ وەڵامدانەوەیەکی بۆ دژەپەیداکەری بەکتریاکە نەبووە، یان کەسەکە تازە تووشبوون چونکە پێویستی بە زیاتر کە شەش هەفتە هەیە، دوای تووشبوون بە بەکتریاکە تا ئەنجامێکی پۆزەتیڤمان دەست بکەوێت.

* دەرچوونی ئەنجامی مامناوەند و سووربووبەوەی کەم (لە ٥-٩ ملم) بە نێگەتیڤ هەژمار (Negative) دەکرێت، بەڵام لەو کەسانەی کە (سیستمی بەرگریان لاوازە یان لاواز کراوە، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ کەسانی تووشبووی تر هەیە، پشکنینی تیشکی پێشوەختەیان بۆکراوە و نیشانەکانیان تێدا دەرکەوتووە..) دەکرێت بە پۆزەتیڤ هەژمار بکرێت کە ئەمە پاش ئەنجامدانی شیکاریە دڵنیاییەکان لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

** شیکاری (Tuberculin) شیکاریەکی سەرەتاییە بۆ دەستنیشانکردنی بوون یان نەبوونی بەکتریاکە ، پاش دەرچوونی ئەنجامی پۆزەتیڤ پێویستە شیکاریی دڵنیاییەکان بۆ بۆ کەسەکە بکرێت.

شیکاریە دڵنیاییەکان:

– AFB testing (Smears and Cultures and Sensitivity)by (Sputum).

– Interferon Gamma Release Assay (IGRA).

– PCR for TB.

* Chest X-rays & CT scan.