شیکاری (UPEP)(Urine Protein Electrophoresis):
شیکاری (UPEP) ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دەستنیشانکردنی چەندین جۆری نەخۆشی پەیوەندیدار بە پرۆتین ، پرۆتینەکان جیادەکاتەوە و بڕی هەریەکەیان لە میزدا دیاریدەکات لەسەر بنەمای بارگەی کارەبایی و قەبارەی پرۆتینەکە ، و پرۆتینی ئاسایی و نائاسایی دیاریدەکات ، بڕی ئەم پرۆتینانەن لە لەشدا دیاریکراوە و بڕی زیادە لە ڕێگەی میزەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوە.
لە کەسێکی ئاساییدا بڕێکی زۆرکەم پرۆتین لە ڕێگەی میزەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوە , کە بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆر پرۆتین لەخۆدەگرێت (Albumin)(Globulines) ، (Glomeruli ) ڕێگا بە چوونی پرۆتین بۆ ناو میز نادات لەکاتی بوونی گرفت لە فرمانی (Glomeruli ) دا ئەلبۆمین (Albumin) و پرۆتینەکانی تر بە بڕێکی زۆر دەردەچن بۆ ناو میز، هەربۆیە زیادبوونی بڕی فڕێدانە دەرەوەی پرۆتین لە ڕێگەی میزەوە نیشانەیە بۆ چەندین نەخۆشی. وەک نەخۆشیەکانی گورچیلە.
هەندێک جار (Glomeruli) بەشێوەیەکی ئاسایی کاری خۆی دەکات بەڵام لە ڕێگەی (Tubules) پرۆتین فڕێ دەدرێتە دەرەوە بۆ ناو میز.
شیکاری (UPEP) بڕی و جۆری پرۆتینە بەفیڕۆچووەکە دیاری دەکات ، لەم ڕێگەیەشەوە هۆکار و سەرچاوەی زیادبوونی پرۆتینەکە لە میزدا دەستنیشاندەکرێت (دیاریکرنی (Monoclonal) پرۆتینەکان لە میزدا).
شیکاری (UPEP) ڕۆڵی هەیە لە دەستنیشانکردنی:
– تێکچوونی فرمانی گورچیلە بۆ کۆنتڕۆڵ نەکردنی پاڵاوتنی پرۆتینەکان.
– هەوکردنی درێژ خایەن و کتوپڕ.
– شەکرە و کاریگەریەکانی لەسەر گورچیلە (لاوازبوونی و لەکار کەوتنی گورچیلە).
– نەخۆشییەکانی سیستمی بەرگری لەش.
-شێرپەنجەی جۆری (Multiple Myeloma).
– دەستنیشانکردنی پرۆتینی نائاسایی بەرهەم هاتوو لەلایەن خانە و شانەکانەوە (Amyloidosis)
– هەوکردنی کۆئەندامی میز.
– کۆنیشانەی نیفرۆتیک سیندرۆم (Nephrotic Syndrome)دەرکەوتنی بڕێکی زۆر پرۆتین لە میزدا و کەمی پرۆتین لە خوێندا و ئاوسانی لەش (دەستنیشان کردنی هۆکاری ئاوسانەکە).
کەی پێویستە شیکاری (UPEP) ئەنجام بدرێت:
* کاتێک کە نەخۆشەکە نیشانەکانی پەیوەندیدار بە زیادبوونی پلازما خانە (Plasma Cells)هەبوو وەک.
– دابەزینی کێشی لەش (Unexplained Weight Loss).
– ئازاری ئێسک.
– پشت ئێشە.
– شەکەتی و لاوازی لەش.
– شکانی بە ئاسان و لەناکاوی ئێسک.
– زوو زوو میزکردن و قەبزی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
– ئاوسان و ئەستوور بوونی لاقەکان و دەمووچاو.
* کاتێک ئەنجامی ئەم شیکاریانە نائاسایی بن:
ا- (CBP & Blood Film): کەم خوێنی و کەمبوونی خرۆکە سور و سپی و خەپلەکانی خوێن ، بوونی خانەی نائاسایی و شێرپەنجەیی وەک پلازما خانە و هاوشێوەکانی لە خوێندا ، زیادبوونی (Rouleaux Formation).
– زۆربوونی پێوانەی (ESR).
– زیادبوونی زیادبوونی ڕێژەی کالیسیۆم (Calcium Levels)
– مۆخی ئێسک (زیادبوونی پلازما خانەکان)
– ناتەواوی فرمانی گورچیلە و جگەر(RFT , LFT)
– نائاسایی شیکاریەکانی (Total Protein)( Albumin).هەوڵدانی لەش بۆ ڕێکخستنی بڕی پرۆتینەکان و زیاد یان کەم بەرهەم هێنانی پرۆتینەکان ، هەربۆیە شیکاری (UPEP) ئەنجام دەدرێت, دەکرێت بڕی پرۆتینەکان لە خوێدا ئاسایی بێت و بڕی لەدەستدانی پرۆتینی لە ڕێگەی میزەوە ئاسایی نەبێت.
– دەرچوونی ئەنجامی ((Urine Bence-Jones Protein)Positive).
ئەو دەرمانانەی کە کاریگەری لە ئەنجامی شیکاری (UPEP) دەکەن:
(Chlorpromazine , Corticosteroids , Isoniazid , Neomycin , Salicylates , Sulfonamides , Tolutamide , Penicillamine)
* نابێت بە بێ ڕێنمایی پزیشک دەرمانەکان بوەستێنرێت.
**بۆ شیکاری (UPEP) باشتر وایە (24Hours Urine Collection) میز لە ماوەی ۲٤ کاتژمێردا کۆبکرێتەوە ، کە کاتەکەی دەستپێدەکات لە پاش میزکردنی یەکەم بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ، پێویستە میزکە لەناو دەبەیەکی زۆر پاک لەناو سەلاجە دابنرێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێرەکەدا.