نەخۆشی بەهجەت Behjet’s disease

_پێشی دەگوترێت کۆنیشانەی بەهجەت، نەخۆشیەکی دەگمەنە دەبێتە هۆی هەوکردنی لولەکانی خوێن لەنێو جەستەدا.

_نەخۆشیەکە دەبێتە هۆی کۆمەڵێک نیشانە، کە لەسەرەتادا ئەم نیشانانە وادەردەکەون پەیوەندیان بەم نەخۆشییەوە هەبێت.

کەبریتین لە دەرکەوتنی برینی دەم، هەوکردنی چاو، برین و ئازاری پێست، برینی ناوچەی زاوزێ لەنەخۆشەکەدا.

چارەسەریەکەشی خۆی لەو دەرمانانە دەبینێتەوە، کە نیشانەکان دادەمرکێننەوە و ڕێگری لە ئاڵۆزبوونیشی دەکەن، وەکو کوێربوون.

∆نیشانەکانی نەخۆشی بەهجەت:

✓نیشانەکانی نەخۆشی بەهجەت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، نیشانەکان دێن و دەڕۆن، یان توندی وکاریگەری نیشانەکانی کەم دەکات، نیشانەکان بەندە لەسەر ئەوەی چ بەشێکی جەستەت تووشبووە.

✓ئەو ناوچانەی کە تووشبوون بەنەخۆشی بەهجەت دەیانگرێتەوە ئەمانەن :

•دەم(زار) :

_برینی بەئازاری دەم، کە زۆر لە برینی خۆرە canker دەچێت، کە باوترین نیشانەی نەخۆشی بەهجەتە. وەکو ەرکەوتنی برینی سورباو لە دەمدا، کە بە خێرایی دەگۆڕێت بۆ برینێکی بەئازار. برینەکان بەگشتی لەماوەی یەک بۆ سێ هەفتەدا چاک دەبنەوە، هەرچەندە دووبارە سەریش هەڵبدەنەوە.

•پێست :

_هەندێک کەس برینی لەشێوەی زیپکەلەسەر جەستەیاندا دەردەکەوێت، هەندێک کەسی تریش برینێکی سورباو یان گرێی بچوک لەسەر پێستیان دەردەکەوێت، کە لە کاتی دەست لێداندا ئازاری دەبێت، بە تایبەت لە خوارەوەی قاچدا.

•نیشانە زاوزێییەکان :

_برینی سوری دەم کراوە دروست دەبێت لەسەر تورەکەی گونی پیاوان یاخود زێی ئافرەتان، برینەکان بە ئازارن و جێ برین جێدێڵن.

•چاو :

_هەوکردن لە چاودا دەبێتە هۆی سوربوونەوە، ئازار و تەڵخبوونی بینین لە هەردوو چاودا، ئەو کەسانەی نەخۆشی بەهجەتیان هەیە، ئەم حاڵەتە تێیاندا دێت و دەڕوات.

•جومگەکان :

_هەڵاوسان و ئازار لە جومگەدا، ک بە زۆری جومگەی ئەژنۆ دەگرێتەوە، هەروەها پاژنە پێ، ئانیشک و جومگەی دەستیش هەندێک جار ئازاریان دەبێت، نیشانەکان دەکرێ یەک بۆ سێ هەفتە بمێنێتەوە و دواتر لەخۆیانەوە دەڕۆن.

•لولەکانی خوێن :

_هەوکردنی خوێنبەر و خوێنهێنەرەکان، دەبێتە هۆی سور هەڵگڕان، ئازار و هەڵئاوسانی قۆڵ و قاچەکان کاتێک تۆپەڵبوونی خوێن ڕووبدات.

هەوکردنی خوێنبەرە سەرەکییەکان دەبێتە هۆی هەندێک ئاڵۆزی، وەکو کشانی بۆڕی خوێن و تەسکبوونەوە و گیرانی لوولەکانی خوێن.

•کۆئەندامی هەرس :

_کۆمەڵێک نیشانەی لە کۆئەندامی هەرسدا دەردەکەوێت، وەک سک ئێشە، سک چوون و خوێن بەربوون.

•مێشک :

_هەوکردنی مێشک و دەمارەکان دەبێتە هۆی سەر ئێشە، تا، سەرلێشێوان، نا تەواوی هاوسەنگی و جەڵدەی مێشک.

✓هۆکارەکانی :

_نەخۆشی بەهجەت نەخۆشییەکی خۆدبەرگرییە، کە مانای ئەوەیە کۆئەندامی بەرگری لەش بەهەڵە هێرش دەکاتە سەر خانە ساغەکانی جەستەی خۆی کە هۆکارە بۆماوەیی و ژینگەییەکان کاریگەرییان لەسەری دەبێت.

هەموو نیشانەکانی نەخۆشی بەهجەت بەهۆی هەوکردنی لولەکانی خوێنەوەیە، کە خوێنبەر و خوێنهێنەرەکان لە هەموو قەبارەیەک دەگرێتەوە لەتەواوی جەستەدا.

_چەند بۆهێڵێک هەن کاریگەرییان دەبێت لەسەر دەرکەوتنی نیشانەکانی بەهجەت، لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەکان پێیان وایە ڤایرۆس یان بەکتریایەک دەتوانێت کەسێکی هەڵگری بۆهێڵی نەخۆشییەکە، تووشی ئەم نەخۆشییەی بکات.

✓هۆکارە مەترسییەکان (ئەو هۆکارانەن کە ئەگەری تووشبوون زیاد دەکەن) :

•تەمەن : نەخۆشی بەهجەت توشی پیاوان و ئافرەتان دەبێت، بەزۆری لەبیست بۆ سی ساڵی تەمەن، لەگەڵ ئەوەشدا منداڵان و بە تەمەنەکانیش دەکرێ تێیاندا ڕووبدات.

•جێی ژیانکردن : خەڵکی وڵاتانی ڕۆژەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، وڵاتانی تورکیا، ئێران، ژاپۆن و چین، زۆرتر بەهجەت تێیاندا ڕوودەدات.

•ڕەگەز : لەگەڵ ئەوەی بەهجەت لە پیاوان و ژنانیشدا ڕوودەدات، بەڵام لە پیاوان توندتر و خراپترە.

•بۆماوە : هەبوونی بۆهێڵی پەیوەست، مەترسی تووشبوون بۆ ئەم نەخۆشییە زیاد دەکات.

∆ئەو ئاڵۆزیانەی بەهجەت بەدوای خۆیدا دێنێت :

✓ئاڵۆزییەکانی بەدوای بەهجەتدا دێن، بەندن لەسەر نیشانەکانی کە لەنەخۆشەکەدا سەرهەڵدەدەن، بۆ نمونە چارەسەرنەکردنی هەوکردنی گلێنەی چاو،کە دەکرێ ببێتە هۆی کەمبینی یاخود نابینایی لە کەسەکەدا، ئەو کەسانەی بەهجەتیان هەیە نیشانە لە چاوەکانیان دەردەکەوێت، پێویست دەکات زوو زوو سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو بکەن، بۆ ڕێگریکردن لەم حاڵەتە.

∆ئایا نەخۆشی بەهجەت چارەسەر دەکرێت ؟

✓نەخۆشی بەهجەت چاکبوونەوەی نییە، گەر بە سوکی گرتبێتت، پزیشکەکەت دەرمانت بۆ دادەنێت تا ئازارەکەت کەمبکات و ڕێگری لە تەشەنە سەندنی هەوکردنەکەشی پێدەکات.

✓ئەو دەرمانانەی کە کۆئەندامی بەرگری دادەمرکێننەوە بەکاردێن لە چارەسەرەکاندا، وەکو azathioprine، cyclosporine)، cyclophosphamide، وە TNF-alpha inhibitors (infliximab, adaliumuab).

گەر مەترسی لەسەر ئەندامێک یاخود ژیانی نەخۆشەکە هەبوو، ئەوکات تێکەڵەی prednisone و cyclophosphamide ی پێکەوە بۆ بەکاردێت.

∆چۆنیەتی دەست نیشانکردنی نەخۆشیەکە :لەڕێی هەردوو شیکاری جینی (HLA B 51 و HLA B52) دەستنیشان دەکرێت.

لەگەڵ هەبوونی چەن نیشانەیەکی دیکە کە بریتین لە :

•دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئازاری کۆئەندامی زاوزێی.

•هەوکردنی چاو.

٠ئازاری پێست.

بەھیوای سەلامەتی ھەموو لایەک