نەخۆشی شەکرە(Diabetes):

شیکاریی (Blood Glucose)(%HbA1c):

نەخۆشی شەکرە یەکێک لە باووترین نەخۆشیەکان لە جیهاندا، بریتیە لە نەمانی(لاوازبوونی) توانای جەستە بۆ بەکاربردنی گلوکۆز (Glucose) کە سەرچاوەی سەرەکی ووزەی لەشە، ئەمیش بەهۆی نەبوون (کەم بوون) یان باش کارنەکردنی هۆرمۆنی ئینسۆلین (Insulin)ەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی گلوکۆز (Glucose) لە لەشدا (Hyperglycemia)و چەندین گرفتی کاتی و درێژخایەن بەدوای خۆیدا دێنێت.

بۆ دەستنیشانکردنی سەرەتایی نەخۆشی شەکرە پشت بە دوو شیکاریی تاقیگەیی دەبەسترێت ئەوانیش:

* شیکاریی (Blood Glucose): ڕێژەی گلوکۆز(Glucose)ی خوێن دیاریدەکات.

* شیکاری (%HbA1c): بڕی گلوکۆزی کەڵەکە بووی سەر خرۆکە سوورەکانی خوێن (Glycated Hemoglobin) دیاریدەکات بە درێژایی دوو بۆ سێ مانگی ڕابردوو (هەربۆیە بە شەکرەی سێ مانگی ناسراوە) ، واتە دەستنیشانی تێکڕای ڕێژەی گلوکۆز(Glucose)ی خوێن دەکات لە سێ مانگی پێشوودا (چونکە تەمەنی خرۆکە سوورەکانی خوێن نزیکەی سێ مانگە)، کە ئەمەش سوودی لێوەردەگیرێت بۆ دەستیشانکردنی تووش بوون بە شەکرە یان بۆ چاودێری کردنی کاریگەری و بڕی ئەو دەرمانەی نەخۆش بەکاریدێنێت.

جۆرەکانی نەخۆشی شەکرە:

* شەکرەی جۆری یەکەم(Type 1 Diabetes): لەم جۆرەدا لەش بڕێکی زۆرکەم لە ئینسۆلین (Insulin) درووست دەکات (یان هیچ درووستی ناکات)، ئەو خانانەی بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی ئینسۆلین بە تەواوی لەکار دەکەون، ئەم جۆرەیان لە شەکرە بەگشتی بەر لە تەمەنی سی ساڵی و لە گەنجیدا هەست بە نیشانەکانی دەکرێت.

* شەکرەی جۆری دووەم (Type 2 Diabetes): لەم جۆرەدا لەش بڕێکی کەمتر لە بڕی پێویست ئینسۆلین دروست دەکات یان بڕی پێویست درووست دەکات بەڵام لەش بەرهەڵستی دەکات لەوەی ئینسۆلینەکە کاری خۆی بکات، بۆیە زۆر جار تووشبوانی جۆری دووەمی شەکرە هەردووک ئینسۆلین و گلوکۆزی خوێنیان بەرز دەبێت.

* شەکرەی کاتی سکپڕی (Gestational Diabetes): بەشێک لە ئافرەتان لەکاتی سکپڕیدا (بە نزیکەیی لە دوای هەفتەی بیست و پێنج) ڕێژەی گلوکۆزی خوێنیان بەرز دەبێتەوە(Hyperglycemia) بە گشتی ئەم جۆرەیان کاتی یە و پاش منداڵبوون ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام ئەو ئافرەتانەی تووشی شەکرەی کاتی سکپڕی دەبن ئەگەری تووشبوونی خۆیان و کۆرپەکەیان بە جۆری دووهەمی شەکرە لە داهاتوودا زیاترە ، هەربۆیە پێویستە پاش دوو یان سێ مانگ لە منداڵبوونەکەی شیکاریی بۆ دایکەکە ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی.

* شەکرەی سەرەتایی (بیدائی)(Prediabetes): لە هەندێک کەسدا بڕی شەکرە لە بڕی ئاسایی کەمێک زیاترە بەڵام ناگاتە ڕادەیی تووشبوون بە شەکرە ، بەڵام مەترسی تووشبوونی لە داهاتوودا لێدەکرێت ، بە گشتی ئەم جۆرەیان هیچ نیشانەیەکی نییە.

نیشانەکان نەخۆشی شەکرە چین:

* لەکاتی زیادوونی بڕی گلوکۆز(Hyperglycemia):

– زۆر میزکردن (کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاو و خوێی لەش).

– تینوێتی بەردەوام.

– زۆر ئارەزووی خواردن هاوکات دابەزینی کێش (لە جۆری یەکەم دا).

– ماندوێتی.

– هەناسەبڕکێ.

– وەستانی سووڕی مانگانە.

– نەمانی توانایی ڕەپ بوونی چووک.

– لێڵ بوونی بینایی و لەدەستدانی.

– درەنگ چاکبوونەوەی برین و هەوکردنی.

– لاوازبوونی هەست و لەهۆش چوون.

* لەکاتی کەمبوونی بڕی گلوکۆز(Hypoglycemia):

– برسێتی تووند.

– ئارەق کردنەوە.

– ئازاری سەر.

– پەشۆکان و لەدەستدانی تەرکیز.

– لەرزین و بێهێزبوون.

– تێکچوونی بینین و لەهۆش چوون.

ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاد دەکەن:

– قەڵەوی و کێش زیادی.

– هۆکاریی بۆماوەیی و بوونی نەخۆشی شەکرە لە یەکێک لە ئەندامانی خێزاندا.

– بەرزە فشاری خوێن(Hypertension).

– بەرزی ڕێژەی کۆلسترۆڵ (Cholesterol) و چەوری سیانی(Triglycerides).

– کەمی بڕی کۆلسترۆڵی سوودبەخش (HDL).

– بوونی کیسی هێلکەدان (Polycystic Ovary Syndrome (PCOS)).

– سکپڕیی.

– وەرزش نەکردن و کەمی جووڵە.

– نەخۆشیەکانی دڵ (Cardiovascular Disease (CVD)).

– تووشبووانی شەکرەی سەرەتایی (Prediabetes).

** لەکاتی بوونی یەکێک لە نیشانەکان یان هۆکارەکانی زیاد بوونی مەترسی تووش بوون بەشەکرە و بەرلە ئەنجامدانی نەشتەرگەری و لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی شەکرەدا، پێویستە شیکاریی(Blood Glucose)یان(%HbA1c) ئەنجام بدرێت.

شیکاریە پەیوەندارەکان:

– Diabetes Autoantibodies (Islet Cell Ab , Anti GAD).

– Insulin.

– C-peptide.

– Urine Ketone Tests.

– Glucose Tolerance Test (GTT).

– Urinalysis (GUE)‌.