شیکاری (Prolactin):

شیکاری (Prolactin)ڕێژەی هۆرمۆنی پرۆلاکتین (Prolactin) لە خوێن دا نیشاندەدات کە بە هۆرمۆنی شیر ناسراوە، لەلایەن ژێرمێشکە ڕژێن (Pituitary Gland)ەوە دەردەدرێت، بەشێوەیەکی ئاسایی بڕێکی کەم لە هۆرمۆنەکە لە خوێن دا هەیە (لە هەردوو ڕەگەزدا) بەڵام لە ئافرەتاندا زیاد دەکات لەکاتی دوگیانی و پاش منداڵ بوون، هۆرمۆنی (Prolactin) هانی خانەکانی بەرپرس لە دەردانی شیر دەدات بۆ دەردانی شیر و دابین کردنی خۆراک بۆ کۆرپەلە، پێدانی شیر بە کۆرپەلە دەبێتە هاندەرێکی سروشتی بۆ ژێرمێشکە ڕژێن بۆ دەردانی پرۆلاکتینی زیاتر و بەرهەم هێنانی شیر، بەڵام پێنەدانی شیری دایک بە کۆرپەلە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هۆرمۆنەکە و ڕێژەکەی وەک پێش دووگیانی لێ دێتەوە.

نیشانەکانی ناڕێکی ڕێژەی (Prolactin):

* سەرئێشەی بەهێز بەبێ بوونی هۆکارێکی ڕوون.

* تێکچووی بینایی.

* ناڕێکی و تێکچوونی گۆی مەمک و شیر لێهاتنی (بەبێ بوونی دووگیانی و شیردان بە کۆرپەلە).

* ناڕێکی سوڕی مانگانە.

* نەرمبوونی مەمک و دەرکەوتنی نیشانەکانی (تەمەنی نائومێدی) لە گەنجیدا.

* نەمانی ئارەزووی سێکس و نا ئاسایی بوونی گۆی مامک (لە پیاواندا).

* نەرمبوونی مەمک و گەورەبوونی (لەپیاواندا).

کەی شیکاری (Prolactin) ئەنجام دەدرێت:

* لەکاتی بوونی شیر بەبێ دووگیان بوون یان شیردان ،(هەندێک جار لە پیاوانشدا).

* لەکاتی بوونی گرفتەکانی نەزۆکی و ناڕێکی لە سوڕی مانگانەدا.

* لەکاتی بوونی گرفتەکانی نەزۆکی و ڕەپ نەبوونی چووک لە پیاواندا.

* لەکاتی کەمی هۆرمۆنی (Testosterone) لە پیاواندا.

* دەستنیشانکردنی ئەو شانە شێرپەنجەییانەی کە دەبنە هۆی دەردانی (Prolactin).

* لەکاتی بوونی گرفت ژێرمێشکە ڕژێن کە بووەتە هۆی زیاد دەردانی هۆرمۆنی پرۆلاکتین (Prolactin).

* چاودێریکردنی کاریگەریەکانی چارەسەری پاش وەرگرتنی چارەسەریەکە.

* لەکاتی وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی کە کاریگەریان هەیە لەسەر ڕێژەی دەردانی دۆپامین (Dopamine).

کاریگەری هۆرمۆنەکە لەسەر نەزۆکی:

* لە ئەفرەتاندا: بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنی (Prolactin) لە خوێندا دەبێتە هۆی وەستاندنی هێلکەدان لە دەردانی هۆرمۆنی (Estrogen)، کەمی ڕێژەی هۆرمۆنی (Estrogen) دەبێتە هۆی ناڕێکی سووڕی مانگانە یان وەستانی تەواوەتی سووڕی مانگانە و کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی و کەمبوونەوەی ئەگەری دووگیان بوون.

* لە پیاواندا: بەرزی رێژەی هۆرمۆنی (Prolactin) لە خوێندا دەبێتە هۆی وەستاندنی گونەکان لە دەردانی هۆرمۆنی (Testosterone)، کەمی هۆرمۆنی (Testosterone) دەبێتە هۆی نەمانی توانایی ڕەپ بوونی چووک و کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

لە پیاوان و ئافرەتان دا (بەمەرجێ دووگیان نەبێ یان شیر نەدا) بڕی هۆرمۆنەکە کەمە لە خوێن دا، بەڵام لە ئەفرەتانی دووگیان و شیردەر دا ئاسایی ڕێژەی هۆرمۆنەکە زیاد دەکات.

بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت بەهۆی:

* نەخۆشیەکانی بەشی (Hypothalamus) ی مێشک.

* لاوازی ڕژێنی پەریزاد (غوودە) (Hypothyroidism).

* نەخۆشیەکانی گورچیلە و جگەر.

* بوونی کیسی هێلکەدان (Polycystic Ovary Syndrome).

* نەخۆشیەکانی ژێرمێشکە ڕژێن ،و خانەی شێرپەنجەیی بەرهەمهێنی (Prolactin)ەوە بێت.

نزمی ڕێژەی هۆرمۆنی (Prolactin) دەکریت گرفتی تەندروستی دروست نەکات، هەندێک جار بەهۆی لاوازی ژێر مێشکە ڕژێنەوە، یان بەهۆی کاریگەری هەندێک جۆری دەرمانی وەک (Dopamine)(Levodopa)، ڕەنگە ڕێژەی هۆرمۆنەکە کەم بکات.

پشکنینە پەیوەندارەکان:

شیکارییە تاقیگەییەکان:

– Testosterone

– FSH

– LH

– TSH

پشکنینەکانی تر:

– MRI of the Brain (to Show Pituitary Enlargement).

– Eye Examination (to Evaluate Visual Disturbances).