شیکاری هۆرمۆنی (FSH):

شیکاری (FSH) شیکاریەکی خوێنە ڕێژەی هۆرمۆنی (Follicle-Stimulating Hormone) نیشاندەدات، هۆرمۆنی (FSH) یەکێک لە کۆمەڵەی (سێکس هۆرمۆنەکان) کە لەلایەن ژێرمێشکە ڕژێنەوە (Pituitary Gland) دەردەدرێت، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی کاری کۆئەندامی زاوزێ لەهەردوو ڕەگەزدا، بەرپرسە لە گەشەکردنی هێلکۆکەکان (فۆلیکڵەکان)، فۆلیکڵەکان لە هەنگاوەکانی گەشەکردنیاندا هۆرمۆنەکانی (Estrogen)(Progesterone) دەردەدەن کە یارمەتی ڕێکخستنی سووڕی مانگانە (گەشەکردنی تەواوی هێلکە) دەدات لە ئافرەتان دا.

ڕۆڵی هۆرمۆنی (FSH):

* لە ئافرەتان دا:

هۆرمۆنی (FSH) لە ئافرەتان دا هانی گەشەکردنی هێلکۆکەکان (فۆلیکڵەکان) و دروست بوونی هێلکەی پێگەیشتوو دەدات، لە قۆناغی (Follicular Phase) ی سوڕی مانگانەدا، کە لەم قۆناغەدا (FSH) هانی هێلکۆکەکان دەدات بۆ دەردانی (Estradiol) وە هەردوو هۆرمۆنەکە پێکەوە دەبنە هۆی گەشەکردنی تەواوی هێلکە ، لە کۆتاییەکانی قۆناغی (Follicular Phase) دا زیادبوونێک لە بڕی (FSH)(LH) دا ڕوودەدات کە دەبێتە هۆی دەرچوونی هێلکەکە لە هێلکەدانەوە بۆ منداڵدان (Ovulation).

* لە پیاوان دا:

هۆرمۆنی (FSH) هانی گونەکان دەدات بۆ دروستکردنی تۆوی پێگەیشتوو.

* لە منداڵان و هەرزەکاران دا:

ڕێژەی هۆرمۆنەکە سەرەتا کەمە پاشان وردە وردە زیاد دەکات تا دەگاتە قۆنا‌غی هەرزەکاری (باڵقبوون) دەبێتە هۆی دەرکەوتنی سیفەتە تایبەتمەندەکانی هەردوو ڕەگەز.

کەی و بۆچی شیکاری (FSH) ئەنجام دەدرێت؟

لە ئافرەتان دا:

شیکاریی (FSH) لە ئافرەتاندا ڕەنگە پێویست بکات لە کاتی سوڕی مانگانە و بەتایبەتی لە ڕۆژەکانی سەرەتادا ئەنجام بدرێت.

* بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دوگیان نەبوون و ناڕێکی یان وەستانی سووڕی مانگانە و دیاریکردنی دەستپێکردنی تەمەنی نائومێدی،و دەستنیشانکردنی بوونی کیسی هێلکەدان یان بوونی خوێنی نائاسایی.

لە پیاوان دا:

بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری کەمی ژمارەی تۆوەکان یان لەدەستدانی توانی گونەکان بۆ بەرهەمهێنانی تۆو و کەمبوونەوە و لاواز بوونی توانای سێکسی ، لاوازبوونی ماسولکەکان.

لە منداڵان دا:

شیکاری (FSH) هاوکات لەگەڵ شیکاری (LH) ئەنجامدەدرێت بۆ ئەو منداڵانەی کە نیشانەکانی باڵقبوونی پێشوەختەیان تێدا دەردەکەوێت (گەشەکردنی جەستەیی و فیسیۆلۆجی پێش تەمەنی ئاسایی باڵقبوون وەک (گەورەبوونی مەمک و بوونی سوڕی مانگانە)(زیادبوونی مو و گەورەبوونی گوونەکان و چووک)) یان بە پێچەوانەوە لەکاتی دواکەوتنی باڵقبوون و (دواکەوتنی گەش جەستەیی و فیسیۆلۆجیاکان) لە کاتی ئاسایی خۆی.

** دەستنیشانکردنی گرفتەکانی ژێرمێشکە ڕژێن کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کاری کۆئەندامی زاوزێ هەیە (بێ گوێدانە تەمەن و ڕەگەز).

ڕێژەی ئاسایی هۆرمۆنەکە:

ڕێژەی ئاسایی هۆرمۆنەکە دەگۆڕێت بەگوێرەی (تەمەن، ڕەگەز):

لە ئافرەتان دا:

– Follicular Phase: 3.5-12.5 mIU/ml

– Ovulate Phase: 4.7-21.5 mIU/ml

– Luteal Phase: 1.7-7.7 mIU/ml

– Post Menopause: 25.8-134.8 mIU/ml

لە پیاوان دا:

– Male (Adult): 1.5-12.4 mIU/ml

لە منداڵ و هەرزەکاردا:

بۆ کچ:

– 1-10 years: 0.2-11.1 mIU/ml

– 11-13 years: 2.1-11.1 mIU/ml

– 14-17 years: 1.6-17.0 mIU/ml

بۆ کوڕ:

– 1-5 years: 0.2-2.8 mIU/ml

– 6-10 years: 0.4-3.8 mIU/ml

– 11-13 years: 0.4-4.6 mIU/ml

– 14-17 years: 1.5-12.9 mIU/ml

مانای ئەنجامی شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

شیکاری (FSH) هاوکات دەکرێت لەگەڵ یەکێک یان زیاتر لە شیکاریەکانی (LH)(Estradiol)(Testosterone)(Progesterone)(Prolactin) دەکرێت ئەنجامبدرێت تا لێکدانەوەی دروست بۆ ئەنجامی شیکاریەکە بکرێت، بەگشتی مانای ئەنجامی شیکاریەکە:

بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە:

لە ئافرەتان دا:

* لاوازبوون یان نەمانی توانای هێلکەدان بۆ دروست کردنی هێلکە.

* چوونە نێو تەمەنی نائومێدی.

* بوونی کیسی هێلکەدا. (کە تێکچوونی هۆرمۆنەکان یەکێک لە هۆکارەکانی دروست بوونی کیسەکانە).

* ناتەواوی کرۆمۆسۆمی وەک (Turner’s Syndrome).

* نەخۆشیەکانی ڕژێنی پەریزاد و شێرپەنجەی هێلکەدان.

** دەکرێت بەهۆی وەرگرتنی چارەسەریەوە بێت.

** بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە (زیاتر لە ڕادەی ئاسایی)کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر تەندروست باشی هیلکەکان و توانای پیتاندیان.

لە پیاوان دا:

* بوونی کرۆمۆسۆمی زیاد وەک (Klinefelter’s Syndrome).

* لەدەستدانی توانای گونەکان بۆ دروست کردنی تۆو.

* تێکچوونی کاری گونەکان بە هەرهۆکارێک بێت وەک (خواردنەوە کهولیەکان، بەرکەوتنی تیشکی، چارەسەری کیمیایی، هەوکردنی ڤایرۆسی و (Autoimmune Disease)).

* بە ساڵاچوون.

* شێرپەنجەی گونەکان.

* وەرگرتنی چارەسەری.

لە منداڵ دا:

زیاد بوونی ڕێژەی هۆرمۆنەکە بەر لە تەمەنی باڵقبوون، مانای باڵقبوون و دەستپێکردنی گۆڕانە جەستەیی و فسیۆلۆجیەکانە لە(کوڕ و کچ) پێش کاتی خۆی.

** ڕێژەی هۆرمۆنەکە زیاد دەکات لە هەندێک جۆری شێرپەنجەی ژێرمێشکە ڕژێن دا (لە هەموو تەمەن و ڕەگەزێک دا).

نزمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە:

لە ئافرەتان دا:

* هێلکەدان هێلکە دروست ناکات.

* هۆرمۆنەکە لە کاتی دووگیانیدا کەم دەکات.

لە پیاوان دا:

* گونەکان تۆو دروست ناکەن.

** بەشی (Hypothalamus) ی مێشک یان ژێرمێشکە ڕژێن بەباشی کار نەکەن بەهەر هۆکارێک بێت (لەهەردوو ڕەگەزدا).

** فشاری دەروونی و لاوازی جەستەیی (کەمی کێش)(لەهەردوو ڕەگەزدا).

لە منداڵ دا:

کەمی هۆرمۆنەکە لە تەمەنی باڵقبوون دا، دەبێتەهۆی دواکەوتنی باڵقبوون کە دەکرێت بەهۆی:

* لەدەستدانی فرمانی گونەکان و هیلکەدانەوە بێت.

* ناڕێکی هۆرمۆنەکان.

* هەوکردنی دریژخایەن و بەدخۆراکی.

شیکاریە پەیوەندارەکان:

– Luteinizing Hormone (LH).

– Testosterone.

– Estradiol.

– Prolactin.

– Progesterone.

– Semen Analysis.