شیکاری (LH) سوودی لێوەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی ڕێژەی هۆرمۆنی (Luteinizing Hormone) لە خوێندا، هۆرمۆنی (LH) یەکێکە لە گروپی سێکس هۆرمۆنەکان و لەلایەن ژێرمێشکە ڕژێنەوە دەردەدرێت، ڕۆڵی هەیە لە ڕێکخستنی گۆڕانکاریەکانی قۆناغی باڵقبوون (لە هەردوو ڕەگەزدا) و سوڕی مانگانە و دوگیانبوون.
ڕۆڵی هۆرمۆنەکە:
هۆرمۆنی (LH) ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەکردنی کۆئەندامی زاوزێ و دەرکەوتنی سیفەتە جەستەیی و فسیۆلۆجیەکانی قۆناغی باڵقبوون (لە هەردوو ڕەگەزدا)و دروست بوونی (هێلکە و تۆو)ی پێگەیشتوو، هەروەها هانی دەرچوونی هێلکە پێگەیشتووەکان دەدات لە هێلکەدانەوە بۆ منداڵدان (Ovulation) لە ئافرەتان دا، و یارمەتی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی نێرینە(Testosterone) دەدات لە پیاوان دا، هەربۆیە بۆ چاودێریکردنی کار و تەندروستی هەریەک لە (هێلکەدان و گونەکان و ژێرمێشکە ڕژێن) دەکرێت سوود لە شیکاری (LH) وەربگیرێت.
بۆچی شیکاری (LH) ئەنجامدەدرێت؟
بەگشتی شیکاری (LH) بۆ چەند مەبەستێک ئەنجامدەدرێت: لەوانە (بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی منداڵ نەبوون (لە ئافرەتان و پیاوان)دا، یان بۆ دەستنیشانکردنی کار و تەندروستی ژێرمێشکە ڕژێن و پێشکەوتن یان دواکەوتنی باڵقبوون و نیشانەکانی).
کەی شیکاری (LH) ئەنجامدەدرێت؟
* لە ئافرەتان دا:
لەکاتی دووگیان نەبوون و ناڕێکی سوڕی مانگانە (یان وەستانی)، چوونە ناو تەمەنی نائومێدی یان دەرکەوتنی نیشانەکانی پێش وەختە.
هەندێک جار بۆ دیاریکردنی دەستپێکی سوڕی مانگانە و دەستنیشانکردنی تەواوی کاتی دەرچوونی هێلکە لە هێلکەدانەوە بۆ منداڵدان دەکرێت ئەم شیکاریە چەند جارێک ئەنجام بدرێت (چونکە لەم کاتەدا بڕی هۆرمۆنەکە دەگاتە بەرزترین ڕادە).
لە پیاواندا:
لەکاتی نەبوونی توانای وەچەخستنەوە و کەمی ڕێژەی تۆوەکان و کەمی ڕێژەی هۆرمۆنی (Testosterone) و نەمانی ئارەزووی سێکسی و کەمبوونەوەی جارەکانی سێکس کردن ، لاوازبوونی ماسولکەکان.
** لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی ناڕێکی کاری بەشی (Hypothalamus) ی مێشک و ژێرمێشکە ڕژێن وەک (ماندوێتی، دابەزینی لەناکاوی کێش و لاوازبوون، نەمانی تەرکیز و بێتاقەتی…)(لەهەردوو ڕەگەزدا).
* لە منداڵ و هەرزەکاراندا:
لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی باڵقبوونی پێش وەختە یان دواکەوتنی نیشانەکانی باڵقبوون، نیشانەکانی وەک (سوڕی مانگانە، گەورەبوونی مەمک و گوونەکان و چووک، دەرکەوتنی موو لە ئەندامی زاوزێ).
* پاش وەرگرتنی چارەسەری (لەهەموو تەمەن و ڕەگەزێکدا) شیکاری (LH) ئەنجام دەدرێت بۆ چاودێری کردنی کاریگەری چارەسەریەکە، بەتایبەت دوای وەرگرتنی هۆرمۆنی (GnRH).
ڕێژەی ئاسایی شیکاریەکە:
هۆکارەکانی (ڕەگەز و تەمەن) کاریگەریان هەیە لەسەر ڕێژەی هۆرمۆنەکە و بەپێ ی قۆناغەکانی گەشە و بارودۆخی جەستەیی کەسەکە گۆڕانی بەسەردادێت بەتایبەتی لە ئافرەتاندا(بەهۆی سوڕی مانگانە و دوگیانیەوە).
لە ئافرەتان دا:
– Follicular Phase: 2.4-12.6 mIU/ml
– Ovulate Phase: 14.0-95.6 mIU/ml
– Luteal Phase: 1.0-11.4 mIU/ml
– Post Menopause: 7.7-58.5 mIU/ml
لە پیاوان دا:
– Male (Adult): 1.7-8.6 mIU/ml
لە منداڵ و هەرزەکاراندا:
بۆ کچ:
– 1-5 years: 0.1-0.5 mIU/ml
– 6-10 years: 0.1-3.1 mIU/ml
– 11-13 years: 0.1-11.9 mIU/ml
– 14-17 years: 0.5-41.7 mIU/ml
بۆ کوڕ:
– 1-5 years: 0.1-1.3 mIU/ml
– 6-10 years: 0.1-1.4 mIU/ml
– 11-13 years: 0.1-7.8 mIU/ml
– 14-17 years: 1.3-9.8 mIU/ml
مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت:
لە ئافرەتاندا:
زیادبوونی ڕێژەی هۆرمۆنەکە ڕەنگە مانای لەکارکەوتن و لاوازی هێلکەدان بێت کە بە (Primary Ovarian Failure) ناسراوە، دەکرێت بەهۆی چەندین هۆکارەوەبێت لەوانە:
* گەشەنەکردنی تەواوی هێلکەدان.
* ناتەواوی کرۆمۆسۆمی (Turner Syndrome).
* بەرکەوتنی تیشکی زۆر (X-RAY).
* وەرگرتنی دەرمانی کیمیایی.
* بوونی شێرپەنجەی هێلکەدان.
* بوونی نەخۆشیەکانی ڕژێنی پەریزاد و ڕژێنی سەرگورچیلە.
* بوونی کیسی هێلکەدان (PCOS).
کەمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت مانای تەندروستی هێکلەدان بگەیەنێت و هۆکارەکەی کەمبوونەکە ئەندامێکی تری وەک بەشی (Hypothalamus) ی مێشک یان ژێرمێشکە ڕژێن بێت کە ئەمەیان بە (Secondary Ovarian Failure) ناسراوە.
لە پیاوان دا:
زیادبوونی ڕێژەی هۆرمۆنەکە لە پیاواندا کە بە(Primary Testicular Failure) ناسراوە دەکرێت بەهۆی:
* ناتەواوی کرمۆسۆمی (Klinefelter Syndrome).
* گەشەنەکردنی تەواوی گونەکان.
* بوونی هەوکردنی ڤایرۆسی درێژخایەن وەک (Mumps).
* بەرکەوتنی زۆری تیشک (X-RAY).
* وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی.
* بوونی نەخۆشیەکانی بەرگری لەش (Autoimmune Disorders).
* بوونی شێرپەنجەی گونەکان.
کەمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە ڕەنگە پەیوەندیداربێت بە گرفتەکانی بەشی (Hypothalamus)ی مێشک و ژێرمێشکە ڕژێنەوە کە بە (Secondary Testicular Failure) ناسراوە، کەمی بڕی (LH) لە کەسێکی (نێری پێگەیشتودا) ڕەنگە ببێتە هۆی کەمبوونی ڕێژەی هۆرمۆنی نێرینە (Testosterone) کەدەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی وەک: (لاوازی توانای سێکسی، نەمانی حەزی سێکسی و ماندوێتی بەردەوام).
لە منداڵان و هەرزەکاراندا:
* بەرزی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت ببێتە هۆی زوو باڵقبوون و دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە ئەمەش دەکرێت بەهۆی چەند هۆکارێکەوەبێت کە باوترینیان نەخۆشیەکانی مێشک و ژێرمێشکەڕژێنە ، وەک (هەوکردن و بەرکەوتنی زەبر… هتد).
* کەمی ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەبێتە هۆی دواکەوتنی باڵقبوون، کەئەمەش دەکرێت بەهۆی چەندین هۆکارەوە بێت لەوانە: (لاوازی گونەکان و هێلکەدان)(ناڕێکی هۆرمۆنی)( Turner Syndrome)(Klinefelter Syndrome)(شێرپەنجە)(بوونی هەوکردنی بەردەوام)(بەدخۆراکی).
ڕوونکردنەوە:
# لێکدانەوەی ئەنجامی شیکاریەکە و دیاریکردنی هۆکار و دەرئەنجامەکانی، پێویستی بە ئەنجامدانی بەشێک لە شیکاریە پەیوەندارەکان و سۆنار و لێکدانەوەی پزیشکی پسپۆڕ هەیە.
# ڕێژەی هۆرمۆنەکە دەکرێت زیاد بکات بەهۆی چەند هۆکارێکی لاوەکیەوە وەک دەرمان: (Anticonvulsants)( Clomiphene)( Naloxone)، هەندێک لە دەرمانەکانیش دەبنە هۆی کەمکردنەوەی بڕی هۆرمۆنەکە لەوانە (Digoxin)(Oral Contraceptives).
شیکاریە پەیوەندارەکان:
• Follicle-Stimulating Hormone (FSH)
• Testosterone.
• Estradiol (EII).
• Prolactin.
• Progesterone.
• Semen Analysis.