شیکاری(IGRAs):

یان (Interferon-Gamma Release Assay):

شیکاریەکی خوێنە سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی سیل یان بەکتریای (Mycobacterium tuberculosis)، شیکاریەکە بڕی ئەو (Gamma Interferon)ە دیاریدەکات کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەهۆی کاردانەوەی سیستمی بەرگری لەشەوە و لەلایەن خرۆکە سپیەکانەوە دەردەدرێت کاتێك بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ دژەپەیداکەری بەکتریای نەخۆشی سیل (TB antigens)، نمونەی خوێنی کەسەکە لەگەڵ دژەپەیداکەری بەکتریاکە لە ناوەندێکی تایبەت دا تێکەڵ دەکرێن و پاشان ئەگەر کەسەکە هەڵگری بەکتریای سیل بێت ئەوا خرۆکە سپیەکان پاش هاندانیان لەلایەن دژەپەیداکەرەکەوە پێکهاتەیەک دەردەدەن کە بە (Gamma Interferon) ناسراوە.

بەگشتی ئەم شیکاریە بۆ ئەوکەسانە ئەنجامدەدرێت کە گومانی توشبونیان بە نەخۆشی سیل یان بەکتریای (Mycobacterium tuberculosis) لێ دەکرێت بەڵام هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرنەکەوتووە.

نەخۆشی سیل چی یە؟

نەخۆشیەکی بەکتریاییە بە هۆی بەکتریای (Mycobacterium tuberculosis) تووشی دەبین، کە بە گشتی تووشی سییەکان دەبێت، بەڵام دەکرێت هەندێک جار لە بەشەکانی تری لەش وەک مێشک و بڕبڕەی پشت، ئێسک و جومگەکان، بۆری میز و میزەڕۆ یان هەر ئەندامێکی تر دا گەشەبکات.

نزیکەی دوو بلیۆن کەس لە جیهاندا هەڵگری ئەم بەکتریایەن بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هەموویان نیشانە و دەرکەوتەکانی نەخۆشیەکەیان تێدابێت، چونکە لەکاتی بەرکەوتن و تۆشبوونی کەسێک بە بەکتریای سیل، بەکتریاکە بە دوو شێواز لە لەشیدا دەمێنێتەوە: (چالاک) یان (ناچالاك یان متبوو).

* شێوەی چالاک (Active TB): نزیکەی دە لە سەدی ئەوانەی بەرکەوتنیان هەیە بە بەکتریای سیل و تووشبوون، بەکتریاکە دەستدەکات بە زیندەچالاکیەکانی و دەبێتە هۆی تێکدان و سەرهەڵدانی گرفتی تەندروستی لەو ئەندامەی کە تووشیبووە، ئەگەر بەکتریاکە لە سییەکانی گەشەی کردبوو ئەوا دەتوانێت لەڕێگەی کۆکە و پژمە و بەڵغەم و قسەکردن لە نزیکەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر یان (لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە لە کاتی سکپڕیدا) و توشبوو پێویستە بە زووی چارەسەر وەبگرێت.

* شێوەی ناچالاک یان متبوو (Latent TB): نزیکەی نەوەد لە سەدی ئەوانەی بەرکەوتنیان هەیە بە بەکتریای سیل و تووشبوون، سیستمی بەرگری لەش کۆنترۆڵی چالاکیەکانی بەکتریاکە دەکات و ناهێڵێت گەشە بکات، بەڵام بەکتریاکە بەشێوەی متبوو بۆماوەیەکی دوور و درێژ دەکرێت لە لەشەدا بمێنێتەوە بەبێ بوونی هیچ چالاکیەک، بە زیندووی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی سیستمی بەرگری لەش لاواز دەبێت(یان لاواز دەکرێت) ئەوکات بەکتریاکە دەست بە گەشە و چالاکیەکانی دەکات (دەچێتە شێوەی چالاک) و نیشانە و ماکە خراپەکانی دەردەکەون لەو ئەندامەی کە تووشی هاتووە.

لەم قۆناغەدا کەسەکە هیچ نیشانە و هەوکردنێکی نییە و بەکتریاکە بەبێ کاریگەری دەمێنێتەوە و ناگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر بەڵام کەسەکە بە هەڵگری دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی سیستمی بەرگری لاواز دەبێت (یان لاواز دەکرێت).

** شیکاری (IGRAs) دەستنیشانی بوون و نەبوونی بەکتریاکە دەکات لەهەر شێوەیەکدابێت، بەڵام بە گشتی شیکاریەکە بۆ شێوەی متبوو (Latent TB)ی بەکتریاکە ئەنجامدەدرێت، لە هەردوو شێوەکەشدا بەکتریاکە دەتوانرێت چارەسەربکرێت.

** ئەگەر بەکتریاکە لە شیوەی متبوو (Latent TB) دا چارەسەر نەکرێت دەکرێت لە داهاتوودا چالاک ببێت.

کەی پێویستە شیکاری (IGRAs) ئەنجامبدرێت؟

شیکاریی (IGRAs) بەگشتی بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە مەترسی توشبوونیان بە نەخۆشی سیل (Tuberculosis) لێ دەکرێت و ئەنجامی شیکاری (Tuberculin)یان پۆزەتیڤ بێت، بۆ دڵنیای زیاتر شیکاری (IGRAs) ئەنجامدەدرێت:

* ئەوکەسانەی کە پێویست دەکات دەرمانی لاوازکردنی بەرگریان پێ بدرێت بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی بەکتریاکە بەشێوەی متبوو (Latent TB) شیکاری (IGRAs)یان بۆ ئەنجامدەدرێت، چونکە پاش لاوازبوونی بەرگری لەش مەترسی چالاکبوونی هەیە.

* ئەو کەسانەی کە بەرگری لەشیان لاوازە وەک توشبوانی(ئایدز) یان بەساڵاچووان، یان لاوازکراوە وەک (ئەوکەسانەی دەرمانی لاوازکردنی بەرگری لەشیان پێ دەدرێت وەک چارەسەر).

* ئەوکەسانەی کە لە شوێنە گشتیەکاندا کار دەکەن و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ کەسانی تردا وەک (دایەنگە و قوتابخانە و ئەوکەسانەی لەناو ماڵان و کەمپی کۆچبەران کاردەکەن).

* ئەوکەسانەی کە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ کەسانی توشبوو بە بەکتریاکە.

* ئەوکەسانەی کە نیشانەکانی نەخۆشیەکەیان تیادا دەردەکەوێت.

* لەکاتی سەفەرکردن و مانەوە لە وڵاتێکی تر.

نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشی سیل:

* کۆکەی بەردەوام و بەڵغەماوی.

* لەرز و تا و ئارەقکردنەوەی شەوانە.

* دابەزینی کێش بەبێ هۆکار.

* بێهێزی و ماندوێتی.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

* ئەنجامی نێگەتیڤ (Negative): مانایی نەبوونی بەکتریاکە دەگەیەنێت لە لەشی کەسەکەدا بەهەردوو شێوەکەی (چالاک و متبووەوە)، یان تازە توشبووە چونکە بەکتریاکە پێویستی بە نزیکەی دوو مانگ هەیە تا بتوانرێت لەڕێگەی شیکاری (IGRAs) وە دەستنیشان بکرێت.

* ئەنجامی پۆزەتیڤ (Positive): مانای بوونی بەکتریاکە دەگەیەنێت لە لەشی کەسەکەدا، بەشێکی زۆری ئەوکەسانەی کە ئەنجامی شیکاریەکەیان پۆزەتیڤە بەکتریاکە بەشێوەی متبوو لە لەشیاندایە، هەربۆیە بۆ دڵنیابوون لە بارودۆخی نەخۆشەکە و شوێن و کاریگەری بەکتریاکە دەکرێت شیکاری تیشکی ئەنجامبدرێت.

بەگشتی شیکاریی (IGRAs) یان (Tuberculin Skin Test (TST)) بەکاردێن بۆ دەستنیشانکردنی بەکتریای سیل بەڵام شیکاری (IGRAs) وردتر و ئەنجامێکی دڵنیاتری هەیە چونکە وەرگرتنی ڤاکسین دژی بەکتریاکە دەبێتە هۆی پۆزیتیڤ بوونی شیکاری (TST) بەڵام ئەم ڤاکسینە هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئەنجامی شیکاری (IGRAs) نییە هەربۆیە باشتروایە بۆ دڵنیابوون لە بوونی بەکتریاکە شیکاری (IGRAs) ئەنجامبدرێت بەمەرجێک کەسەکە تەمەنی لە پێنج ساڵ زیاتر بێت.

شیکاریە پەیوەندارەکان:

– Tuberculin Skin Test (TST).

– AFB testing for Fluid or Sputum.

– PCR for TB.