شیکاری(CBC):

یان (Complete Blood Count):

شیکاریەکی خوێنە پێوانەی خانەکانی خوێن دەکات لەڕووی (ژمارە و قەبارە)ی خانەکانەوە، کە هەریەک لە (خرۆکەی سوور (RBCs)و خرۆکەی سپی (WBCs)و خەپلەکانی خوێن(PLTs)) لەخۆدەگرێت، کە لەلایەن مۆخی ئێسکەوە دروست دەکرێن و پاش کامڵبوونیان دەچنە سووڕی خوێنەوە، شیکاریی (CBC) وەکو شیکاریەکی سەرەتایی بۆ بەشێکی زۆر لە نەخۆشی و ناجێگیریە تەندروستیەکان سوودی لێوەردەگیرێت.

بۆچی شیکاری (CBC) ئەنجامدەدرێت؟

شیکاری (CBC) یەکێک لە باووترین و گرنگترین شیکاریەکانە و بۆ چەندین مەبەست دەکرێت ئەنجامبدرێت لەوانە:

* چاودێری کردنی تەندروستی کەسێکی تەندروست، کە یارمەتیدەرە بۆ زانینی بەشێک لە کێشە تەندروستیەکان.

* دەستنیشانکردنی سەرەتایی گرفتەکانی سیستمی بەرگری و هەوکردن و ڕێژەی خرۆکە سپی و سور و خەپلەکانی خوێن و ڕێژەی هیمۆگڵۆبین (کەم خوێنی)یان هەر گرفتێکی تری پەیوەندار بە خانەکانی خوێن.

* دەستنیشانکردنی سەرەتایی لەکاتی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی وەک (بێهێزی، ماندوێتی، تا، سوربونەوە، ئاوسان و خوێنبەربوون… هتد).

* چاودێری کردنی تەندروستی لە چەند حاڵەتێکی تایبەتمەند دا وەک (دووگیانی، پێدانی ئەو دەرمانانەی کە کاریگەری لاوەکیان هەیە لەسەر خانەکانی خوێن و چالاکی مۆخی ئێسک…. هتد)، لەم بارەدا دەکرێت مانگانە یان هەفتانە پێویست بە ئەنجامدانی شیکاری (CBC) بکات بۆ چاودێریکردنی تەندروستی کەسەکە.

* لەکاتی بوونی ئەو نەخۆشیانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ تەندروستی مۆخی ئێسک و خانەکانی خوێن وەک (Anemia, Inflammation, Bleeding Disorder or Cancer)، دەکرێت بەپێی بەرنامەیەکی تەندروستی دیاریکراو شیکاری (CBC) ئەنجامبدرێت.

شیکاری (CBC) چی لەخۆدەگرێت:

** ئەنجامی شیکاری (CBC) دەستنیشانی (ژمارە و قەبارە)ی هەریەک لە خرۆکەسوورەکان (کە فرمانیان گواستنەوەی ئۆکسجینە بۆ خانەکانی لەش)، خرۆکەسپیەکان (کە بە سیستمی بەرگری ناسراوە و لەش دەپارێزن لە تەنی بێگانەی وەک ڤایرۆس و بەکتریا ….هتد)، خەپلەکانی خوێن (بەشداری دەکەن لە خوێن مەیین دا):

* خرۆکە سوورەکان:

– ژمارەی خرۆکە سوورەکان (RBC Count): ژمارەی خرۆکە سوورەکانی خوێن دەستنیشاندەکات، بەشێوەیەکی ئاسایی تەمەنی خرۆکە سوورەکان نزیکەی ١٢٠ ڕۆژە و بەردەوام لەش خرۆکەی نوێ بەرهەمدێنێت بۆ جێگرتنەوە خرۆکە شیبوەوەکان، چەندین هۆکار هەن ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریان هەیە لەسەر ڕێژە و تەمەنی خرۆکە سوورەکان.

– بڕی هیمۆگڵۆبین لە خرۆکە سوورەکاندا(Hemoglobin (Hb)): هیمۆگڵۆبین ئەو پرۆتینەیە کە لە پێکهاتەی خرۆکەسوورەکاندایە و فرمانی پێوەبەندبوونە بە ئۆکسجینەوە، دەکرێت ڕێژەی خرۆکە سوورەکان ئاسایی بێت بەڵام بڕی هیمۆگڵۆبینی ناو خرۆکەکان کەمبێت.

Men: 14-17.5 g/dL

Women: 12.3-15.3 g/dL

– ڕێژەی (Hematocrit (HCT)):(هیماتۆکریت) ڕێژەی ڕووبەری خرۆکە سورەکانە لە لەش دا، کە بەندە بە ژمارە و قەبارەی خرۆکە سوورەکانەوە، کەمی (HCT) دەکرێت نیشانەبێت بۆ کەمی ماددەی ئاسن، دەکرێت بەهۆی چەند هۆکارێکی لاوەکیەوە کار لە ڕێژەکەی بکرێت، لەوانە وشکبوونەوە (کەم خواردنەوەی ئاو) دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی.

Men: 40-50%

Women: 37-45%

– ڕێژەی (MCV): پێوانەیە بۆ قەبارەی نزیکەیی خرۆکە سوورەکان، دەکرێت قەبارەی خرۆکە سوورەکان گەورەتربێت لە ئاسایی (Macrocytosis) یان بچوکتربێت (Microcytosis).

– ڕێژەی (MCH): پێوانەیە بۆ بڕی هیمۆگڵۆبینی ناو خرۆکە سوورەکان.

– ڕێژەی (MCHC): قەبارەی هیمۆگڵۆبینە بە بەراورد کاری لە نێوان خرۆکەیەک لەگەڵ خرۆکەکان خۆیان.

– ڕێژەی (RDW):جیاوازی نێوان گەورەترین و بچووکترین خرۆکەی سوورە.

* خرۆکە سپیەکان:

ژمارەی خرۆکە سپیەکان(WBC count): ژمارەی خرۆکە سپیەکان دەستنیشاندەکات لەخوێندا (کە بە سیستمی بەرگری لەش ناسراوە)، ڕێژەی خرۆکە سپیەکان لە کەسێکی ئاسایی پێگەیشتوودا:

4,500-11,000 White Blood Cells/microliter

خرۆکە سپیەکان چەند جۆرێکن و دەکرێن بە پێنج گروپی سەرەکیەوە:

(Neutrophils, Lymphocytes, Basophils, Eosinophils, and Monocytes)

کە هەریەکەیان فرمانی دیاریکراوی خۆی هەیە و هەرناڕێکیەکی (ژمارە یان شێوە)ی لە هەر جۆرێکی خرۆکە سپیەکاندا ئاماژەیە بۆ چەند جۆرێک لە نەخۆشی و ناڕێکی تەندروستی کە دواتر بە شیکاری (CBP) دەستنیشاندەکرێت.

* خەپلەکانی خوێن:

– ژمارەی خەپلەکانی خوێن(Platelet Count): ژمارەی خەپلەکانی خوێن دەستنیشاندەکات کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە مەینی خوێن و ساڕێژبوونی بریندا، ڕێژەی ئاسایی خەپلەکانی خوێن:

150-450 x10³/microliter

هەر ناڕێکیەک لە بڕی خەپلەکانی خوێندا دەکرێت گرفتی تەندروستی تووند دروست بکات و مەترسی بێت بۆ سەر ژیانی کەسەکە.

– ڕێژەی (MPV): قەبارەی نزیکەیی خەپلەکانی خوێن پیشاندەدات.

– ڕێژەی (PDW): جیاوازی نێوان گەورەترین و بچووکترین خەپلەی خوێنە.

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

ئەنجامی شیکاریەکە بەپێ ی بارودۆخ و تەمەنی کەسەکە لێکدانەوەی جیاوازی هەیە بەستراوە بە مەبەستی ئەنجامدانی شیکاریەکەوە ،لەکاتی نائاسایی بوونی ئەنجامی شیکاریەکە پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە چاودێری بکرێت، دەکرێت پێویست بە شیکاریە پەیوەندارەکان بکات، بەڵام مەرج نیە هەموو نائاسایی بونێک لە ئەنجامی (CBC) مانای ناڕێکی باری تەندروستی بگەیەنێت، چەندین هۆکار هەن کە کار لە ئەنجامی شیکاریەکە دەکەن لەوانە: خواردن ، چالاکی ڕۆژانە، دەرمان، سوڕی مانگانە، دوگیانی.. هتد.

شیکاریە پەیوەندارەکان:

شیکاریە پەیوەندارەکان هاوکات دەکرێت بەبەشێک لەو هۆکارانە هەژمار بکرێن کە کاریگەریان هەیە لەسەر ژمارە و پێکهاتەی خانەکانی خوێن:

لەکاتی نائاسایی بوونی ڕێژە و قەبارەی خانەکانی خوێن دەکرێت ئەنجامبدرێن:

– CBP (Blood Film)

– Reticulocyte Count

– Direct Coombs Test

– Hb-electrophoresis

– JAK2 Mutation

– Iron Studies

– Vitamin B12

– Folate

– G6PD Enzyme

– CRP

– ESR

– PT & PTT (INR)

– Von Willebrand Factor (VWF)