شیکاری پرۆستات(PSA):

شیکاریەکی خوێنە دەستنیشانی ڕێژەی پرۆتینی ((Prostate-Specific Antigen (PSA) دەکات لە خوێن دا، پرۆستات ئەندامێکی (ڕژێنێکی) بچوکە لە پیاواندا و وەک بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێی پیاوان هەژمان دەکرێت، و دەکەوێتە بەشی خوارەوەی میزەڵدان و فرمانی دەردانی شلەیەکە کە دەبێت بە بەشێک لە تۆواو، تۆوەکان تێیدا مەلەدەکەن، (PSA) پێکهاتەیەکە (پرۆتینێکە) کە لەلایەن پرۆستاتەوە دروستدەکرێت و بەشێکی زۆری دەکرێتە ناو تۆواو و بڕێکی کەمیش دەچێتە سوڕی خوێنەوە.

بە شێوەیەکی سروشتی بڕێکی کەم لە (PSA) لە خوێنی پیاواندا هەیە، زیادبوونی بڕی (PSA) لە خوێندا نیشانەیە بۆ تێکچوونی فرمانی پرۆستات و هەندێک جار شێرپەنجەی پرۆستات، هەربۆیە بۆ دەستنیشانکردنی سەرەتایی شێرپەنجەی پرۆستات پشت بەم شیکاریە دەبەسترێت.

شێرپەنجەی پرۆستات یەکێک لە باووترین جۆرەکانی شێرپەنجەیە و بە یەکێک لە هۆکارەکانی مردنی پیاوان دادەنرێت.

شێوەکانی (PSA) لە خوێن دا:

پرۆتینی (PSA) بە دوو شێوە لە خوێندا هەیە، بەشێوەی سەربەست (Free PSA)، بەشێوەی پێوەبەندبوو بە پرۆتینەکانی ترەوە (cPSA).

شیکاریە تاقیگەیەکان بۆ (PSA) بریتین لە:

* شیکاری (Total PSA): ڕێژەی سەرجەم (PSA)ی خوێن دیاریدەکات، کە کۆی (Free PSA)و(cPSA) لەخۆدەگرێت.

* شیکاری (Free PSA): ڕێژەی بەشە سەربەستەکەی (PSA) دیاریدەکات.

سوود وەرگرتن لە شیکاریەکانی (PSA):

** لەکاتی بوونی شێرپەنجەی پرۆستات دا خانە شێرپەنجەییەکان (cPSA) دەردەدەن، بە پێچەوانەوە خانە تەندروستەکانی پرۆستات (Free PSA) دەردەدەن، هەربۆیە دەتوانرێت سوود لە ڕێژەی نێوان (cPSA)(Free PSA) وەربگرین بۆ دەستنیشانکردنی مەترسی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی پرۆستات و بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی (Biopsy) بۆ خانەکانی پرۆستات.

** ڕێژەی سەدی (Free PSA): ئایا بڕی (Free PSA) لە سەدا چەندی (Total PSA) ی پێکهێناوە، لەو کەسانای ڕێژەی سەدی (Free PSA) کەمترە مەترسی بوونی شێرپەنجەی پرۆستاتیان زیاترە، و بە پێچەوانەشەوە. تەنانەت ئەگەر ڕێژەی (Total PSA) زۆریش زیادی نەکردبوو.

** مەبەست چیە لە (PSA Density): بریتیە لە بڕی دەردانی (PSA) بە بەراورد بە قەبارەی پرۆستات، ئەگەر بڕی (PSA) زۆربوو بە بەراورد بە قەبارەی پرۆستات، ئەوا مەترسی سەرهاڵدانی شێرپەنجەی پرۆستات هەیە.

بۆچی شیکاری (PSA) ئەنجامدەدرێت:

شیکاری (PSA) بەمەبەستی چاودێری کردن و دەستنیشانکردنی گرفتەکانی ڕژێنی پرۆستات ئەنجامدەدرێت، کە باوترینیان شێرپەنجەی پرۆستاتە کە یەکێک لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەیە لە پیاواندا، شیکاریەکە تەندروستی پرۆستات دەخاتەڕو و دەستنیشانی سەرەتایی بوون یان نەبوونی شێرپەنجەی پرۆستات دەکات بەر لە دەرکەوتنی نیشانەکان و تەشەنەکردنی، کە دواتر بە ئەنجامدانی (Biopsy) پاڵپشتی ئەنجامەکە دەکرێت.

کەی شیکاری (PSA) پێویستە ئەنجامبدرێت:

* لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی بوونی گرفت لە ڕژێنی پرۆستات دا لەوانە (بوونی ئازار لەکاتی میزکردن و بە ناڕەحەت میزکردن (یان گیرانی میز) و میزکردنی کەم و بەردەوام (میزەچرکێ)، بوونی ئازار لە ناوچەی حەوز) کە لەم بارەدا دەکرێت بەهۆی شیکاری (PSA) و شیکاری فیزیکی لەلایەن پزیشکەوە (DRE) لە تەندروستی پرۆستات ئەگاداربین.

* لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری بۆ نەخۆشیەکانی پرۆستات و بەتایبەت شێرپەنجەی پرۆستات، بۆ چاودێریکردنی کاریگەری چارەسەریەکە شیکاری (Total PSA) ماوەماوە ئەنجام دەدرێت، پاش چاکبوونەوەش بۆ ئاگاداربوون لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی.

* لەکاتی بوونی هەوکردن لە میزەڵدان و میزەڕۆدا دەکرێت شیکاری (PSA) ئەنجامبدرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی پرۆستات.

* لەکاتی هەڵکشانی تەمەن و بەتایبەت دوای تەمەنی (٥٠) ساڵی پێویستە ساڵانە شیکاری (PSA) لەلایەن پیاوانەوە ئەنجامبدرێت، بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی گرفتەکانی پرۆستات و شێرپەنجەی پرۆستات کە دوای ئەوتەمەنە ئەگەری سەرهەڵدانیان لێدەکرێت.

* لەو کەسانەی کە مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی پرۆستات زیاترە (لەکاتی بوونی شێرپەنجەی پرۆستات لە ئەندامەکانی تری خێزان دا(برا و باوک بەتایبەتی))، بەبێ بوونی هیچ نیشانە و گرفتێکی تەندوستی شیکاری (PSA) لە دوای تەمەنی (٤۰) ساڵی پێویستە ساڵانە ئەنجامبدرێت بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختە.

* شیکاری (Free PSA) لەکاتی کەم زیادبوونی (Total PSA) دەکرێت ئەنجامبدرێت بۆ دیاریکردنی هۆکار و مەترسیەکانی زیادبوونەکە و مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات و ئایا زیادبوون بەهۆی شێرپەنجەوەیە یاخود نا.

وەرگرتنی چارەسەر:

وەرگرتنی چارەسەری پرۆستات دەکرێت چەند کاریگەریەکی لاوەکی بەدوادا بێت لەوانە (لاوازبوونی توانی میز ڕاگرتن ، نەمانی توانای ڕەپبوونی چووک).

ڕێژەی ئاسایی شیکاریەکە:

** Total PSA:

40-50 years: 0.1-2.19 ng/ml

50-60 years: 0.27-3.42 ng/ml

60-70 years: 0.22-6.16 ng/ml

70-79 years: 0.21-6.77ng/ml

>80 years: <7.2ng/ml

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت:

کەمی ڕێژەی پرۆستات مانای ئاسایی بوون و تەندروستی پرۆستات دەگەیەنێت کە پێویستە لەم بارەدا بڕی (PSA) کەمتر لە (4.0ng/ml) بێت.

بەرزی ڕێژەی شیکاریەکە بەپێی تەمەن و باری تەندروستی کەسەکە دەکرێت چەندین لێکدانەوەی بۆ بکرێت لەوانە:

* ڕێژەی (PSA) ئاسایی زیاد دەکات لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن دا، بەڵام زیادبوونی زۆری بڕەکەی نیشانەیە بۆ تێکچوونی فرمانی پرۆستات.

* بوونی شێرپەنجەی پرۆستات کە یەکێک لە باووترین جۆرەکانی شێرپەنجەیە لە پیاواندا (ئەوکەسانەی مەترسی توشبوونیان لێدەکرێت بە شێرپەنجەی پرۆستات بە گشتی ڕێژەی (PSA) لە (10.0ng/ml) زیاترە)..

* بوونی هەوکردن لە پرۆستات دا (Prostatitis)، دەبێتە هۆی زیادبوونی (PSA) بە بڕێکی کەم.

* لەکاتی گەورەبوون و زیادکارکردنی پرۆستات دا(Prostate Hyperplasia) بڕی (PSA) زیاد دەکات.

* چالاکی زۆری وەک (وەرزش کردن) یان سێکس کردن (ئاوهاتنەوە(Ejaculation)) یان هەندێک جۆری دەرمان، دەبنە هۆی زیادبوونی کاتی لە ڕێژەی (PSA) دا.

شیکاریە پەیوەندارەکان:

* شیکاری (Biopsy) بۆ دڵنیابوون و دەستنیشانکردنی تەواوی گرفتەکانی پرۆستات و شێرپەنجەی پرۆستات پێویستە بەشێک لە شانەی پرۆستات شیکاری بکرێن پاش دەرچوونی ئەنجامی نائاسایی لە شیکاری (PSA) دا.

* شیکاری میز (General Urine Examination).

* پشکنینی تیشکی: سۆنار(Ultrasound) یان (X-rays).