شیکاری(D-dimer):

شیکارێکی خوێنە بۆ پێوانی بڕی پرۆتینێکی دیاریکراوی خوێن، پرۆتینی (D-dimer) بەشیوەیەکی ئاسایی لە خوێندا زۆر کەمە، بەڵام لەکاتی دروست بوون و تێکشکانی نائاسایی (خوێنی مەیوو)، بەهۆی خوێن مەین و تێکشکانی خوێنی مەییوەوە بڕی (D-dimer) زیاد دەکات، ئەمەیش بۆ چاودێری و دەستنیشان کردنی چەند گرفتێکی تەندروستی دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت.

چۆن(D-dimer) لە خوێندا پەیدادەبێت، لەکاتی برینداربوونی شانەو بۆرییەکانی خوێن (خوێنبەربوون)، سیستمی تایبەت بە خوێن مەیاندن لە لەشدا چالاک دەبێت تا برینەکە ساڕێژبکات، لە کۆتایدا چارەسەی برینداریەکە دەکرێت بەهۆی رایەڵەیەکی پڕۆتینی تایبەتی (Fibrin)و خەپلەکانی خوێن خوێنبەربوونەکە دەوەستێنێت و برینەکە قەتماغە دەکات. دوای ساڕێژبوونی برینەکە بە تەواوی، چیتر پێویست بە قەتماغە (مەیوی خوێنەکە) ناکات و لەش ئەنزیمێکی تایبەت بۆ تێکشکان و شیکردنەوەی مەیوویەکە (Fibrinolysis) دەردەدات، پاشماوە تێکشکاوەکانی مەیویەکە (فایبرینە تێکشکاوەکان) بەخوێندا بڵاودەبێتەوە، پاشماوەی تێکشکانی فایبرینەکان (Fibrin) بریتیە لە (D-dimer)، هەتا بڕی فایبرینە (Fibrin) تێکشکاوەکان زیاتربێت بڕی (D-dimer) زیاد دەکات، هەربۆیە دەتوانرێت بەهۆی پێوانی بڕی (D-dimer) لە خوێندا چاودێری ڕێژەو مەترسی دروستبوون و تێکشکانی خوێن مەیین لەلەشدا بکەین.

هەندێکجار دەکرێت سیستمی مەیاندن یان تۆپەڵبوونی خوێن بەبێ بوونی برینداری لە بۆریەکانی خوێندا (کە دەکرێت ببێتە هۆی گیرانی بۆرییەکانی دڵ و سییەکان و مێشک) یا بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەکییەوە ڕووبدات.

کەی شیکاری (D-dimer) دەکرێت؟

لەکاتی تووشبوونی باری لەناکاوو گرفتە تەندروستییەکانی پەیوەست بەمەینی خوێن لە ناوبۆرییەکانی خوێن و تەندروستی دڵ (جەڵتەی دڵ) و گیرانی بۆرییەکانی خوێن. بە گشتی شیکاری (D-dimer) وەک شیکارێکی سەرەتایی بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە پێویست دەبێت، تا لە هۆکاری دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەو تێکچوونی لەناکاوی تەندروستی دڵنیاببینەوە، ئایا هۆکارەکەی پەیوەندی بە مەینی خوێنەوە هەیە یان نا، لەکاتی هەستکردن بە خوێنی مەیووی نائاسایی لەناو بۆرییەکانی خوێن.

– نیشانەکانی(Disseminated intravascular coagulation (DIC)):

* خوێنبەربوونی پوک.

* دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە.

* ئازاری تووندی ماسولکەکان و سنگ.

* دڵەکوتێ.

* کەم میزکردن.

– نیشانەکانی گیرانی بۆرییەکانی خوێن (خوێنمەیین لە بۆرییەکانی خوێندا)(Deep vein thrombosis (DVT)):

* ئازار و بێهێزی قاچ (بەگشتی لە یەک قاچدا ڕوودەدات).

* ئاوسانی قاچ (Edema).

* گۆڕانی ڕەنگی پێستی قاچە تووشبووەکە (زەرد بوون یان شینبوونەوەی).

– نیشانەکانی گیرانی بۆرییەخوێنەکانی سییەکان بەهۆی خوێن مەیینەوە (Pulmonary embolism (PE)):

* هەناسەتووندی لەناکاوو بەناڕەحەت هەناسەدان.

* کۆکەو بەڵغەمی خوێناوی.

* ئازاری سنگ و سییەکان.

* ناڕێکی و خێرا لێدانی دڵ.

لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری بۆ گرفتە پەیوەندارەکان بە (DIC)، شیکاری (D-dimer) ئەنجامدەدرێت بۆ چاودێری کردنی کاریگەری چارەسەریەکە.

٭٭ لەهەر بارێکی لەناکاوی هاوشێوەدا باشترە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕو تایبەتمەند بکرێت..

مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت؟

ئاسایی بوونی ئەنجامی شیکار مانای نەبوونی هیچ تۆپەڵبوون و تێکشکانێکی مەترسیدار دەگەیەنێت لە بۆرییەکانی خوێندا وەک (Deep vein thrombosis)، ئاسایی بڕێکی کەم لە (D-dimer) لە خوێندا دەکرێت دەستنیشان بکرێت.

بەرزی ئەنجامی شیکاریەکە مانای تێکشکانی بڕێکی زۆر لە فایبرین (Fibrin) و گۆڕانی بۆ (D-dimer) دەگەیەنێت، ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە ڕێژەیەکی زۆر لە خوێن مەیین(Thrombus) و خوێنە مەییوەکە لە لەشدا تێک دەشکێت، بەڵام دەستنیشانی شوێنی خوێن مەیینەکە ناکات، (پاشان بە ڕێگای شیکاری تیشکی تایبەت دەستنیشان دەکرێت)، و هەموو زیادبوونێکیش لە بڕی (D-dimer) مانای تووشبوون بە (Deep vein thrombosis (DVT))( Pulmonary embolism (PE)) ناگەیەنێت.

** تەنها خوێن مەیینی ناوەکی بڕی (D-dimer) زیادناکات، هەندێک هۆکاری لاوەکیش هەن کە کاریگەریان لەسەر بڕی (D-dimer) هەیە لەوانە؛ (نەشتەرگەری، هەوکردن، جەڵتەی دڵ، دووگیانی، نەخۆشییەکانی دڵ و جگەر، گرێ و هەندێک جۆری شێرپەنجە) بۆیە لەم بارانەدا بەرزی ڕێژەی (D-dimer) دەکرێت مانای بوونی خوێن مەیین نەگەیەنێت، بە پێی بارودۆخی تەندروستیی کەسەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە لێک دەدرێتەوە.

شیکاری پەیوەندار:

– PT, PTT.

– Fibrinogen.

– Platelet count.

– Venous ultrasound.

– CT angiography.