شیکاری ترۆپۆنی

(Troponin I)،(High-Sensitivity Troponin I):

شیکارێکی خوێنە بۆ پێوانی یەکێک لە پرۆتینەکانی گروپی ترۆپۆنین (Troponins) ، کە چەند پرۆتینی پەیوەند بە دڵە ماسوڵکەو لەشە ماسولکەوە دەگرێتەوە، شیکاری ترۆپۆنین (Troponin I) یەکێک لە پرۆتینەکانی ترۆپۆنینە تایبەتە بە ماسولکەکانی دڵ(Cardiac-specific troponin).

بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ و جیاکردنەوەی هۆکارەکانی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئایا بەهۆی نەخۆشیەکانی دڵەوەیە یا نا سوودی لێوەردەگیرێت.

بڕی پرۆتینەکە لە خوێنی کەسی ئاساییدا زۆر کەمە، بەڵام لەکاتی بەرکەوتنی زەبر بە ماسولکەکانی دڵ وەک جەڵتەی دڵ(Heart Attack)، بڕی پرۆتینەکە لە خوێندا زیاددەکات، هەر بۆیە پێوانەکردنی بڕی پرۆتینەکە بۆ چاودێریکردنی تەندروستی دڵ و دەستنیشانکردنی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ بەسوودە.

جەڵتەی دڵ چییە؟

جەڵتەی دڵ مانای برینداربوون و زیان بەرکەوتن یان مردنی بەشێک لە ماسولکەکانی دڵە، جەڵتەی دڵ هەندێک جار لە ناکاو و هەندێک جار بە شێنەیی سەرهەڵدەدات، بەگشتی جەڵتەی دڵ بەهۆی گیرانی یەکێک لە خوێنبەرەکانی دڵ (Coronary Arteries) ڕوودەدات، کە دەکرێت بەهۆی خوێنی مەیووی تۆپەڵبوو یان نیشتنی چەوری بە دیواری خوێنبەرەکانەوە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەو ڕەقبوون و گیرانی بۆرییەکان و نەگەیشتنی خۆراک و ئۆکسجینی پێویست بە خانەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ.

کەی شیکاری ترۆپۆنین (Troponin I) پێویستە؟

بە گشتی شیکاری ترۆپۆنین بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە لە ناکاو باری لەش ساغیان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن، پاش بینینیان لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە و دەرکەوتنی نیشانەکانی جەڵتەی دڵ لە کەسەکەدا شیکاری (Troponin I)ی بۆ دەکرێت تا لە تەندروستی دڵ و دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەی دڵنیاببینەوە (دەکرێت لە چەند کاتژمێرێکدا چەند جارێک ئەم شیکارە دووبارە بکرێتەوە بۆ چاودێری چوونەسەرو یا دابەزینی بڕی ترۆپۆنین).

نیشانەکانی جەڵتەی دڵ:

* ئازاری سنگ و ناڕەحەتی و توندبوونی سنگ.

* لێدانی خێرای دڵ و دڵەکوتێ، نۆرەدڵی (وەستانی دڵ بۆ لێدانێک).

* بوونی فشار و ناڕەحەتی لەکاتی هەناسەداندا (هەناسەکورتی و هەناسەبڕکێ).

* بێ هێزی و دڵ تێکەڵاتن و ڕشانەوە.

* سەرگێژخواردن و بوورانەوە (لە کاتی هەستانە سەرپێ) بەهۆی کەمبوونەوەی خوێن لە مێشک دا.

* دەردانی ئارەقی ساردو ماندوێتییەکی زۆر.

* ئازاری ئەندامەکانی دیکەی لەش وەک گەدە، چەناگە، پشت، مل، شان و قۆڵ.

ئەوکەسانەی نەخۆشی (Angina) یان هەیە، دەکرێت شیکاری ترۆپۆنینیان بۆ بکرێت، لەکاتی تووند بوون و دەرکەوتنی نیشانەکانی لەکاتی حەوانەوەو نەمانی کاریگەری دەرمانەکانی نەخۆشییەکە، یا لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەک کە باری تەندروستی کەسەکە بەرەو خراپتر ببات و مەترسییەکانی جەڵتەی دڵ زیاد بکات.

** نەخۆشی (Angina) ئازارێکی سنگە بەهۆی نەگەیشتنی بڕی پێویستی خوێن بۆ دڵ سەرهەڵدەدات لە نیشانەکانی (دڵ توندبوون ، دڵە گوشێ، بێ تاقەتی و وەڕزی، بێ هێزی، ئازارو دڵ سوتانەوە).

** نیشانەکانی جەڵتەی دڵ لە ئافرەتاندا ئاسانتر دەردەکەون وەک لە پیاوان.

** دەرکەوتنی نیشانەکان هەمیشە مانای جەڵتەی دڵ نییەو دەکرێت بەهۆی چەندین حاڵەتی جەستەیی و دەروونییەوە هەمان نیشانەکان لە کەسێکدا دەربکەون وەک (ڕەق بوونی ماسولکەکانی سنگ، دڵەکزێ، نەخۆشییەکانی قوڕگ و گەدە، وەرزش کردن، فشاری دەروونی.. هتد) پاش حەوانەوە نیشانەکان بەرەو باشبوون دەچن، بەڵام لە کاتی دەرکەوتنی لەناکاو یا بەردەوام بوونی نیشانەکان باشترە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسپۆر بکرێت.

ڕێژەی ئاسایی شیکاریەکە:

لە کەسی ئاساییدا بڕی پرۆتینەکە لە خوێندا زۆر کەمە و ڕێژەی ئاسایی پرۆتینەکە بریتییە لە:

– Troponin I : (<0.4‌ ng/ml).

ئەم شیکارە چی دەگەیەنێت؟

بەرزی ئەنجامی شیکارەکە لەو کەسانەی نیشانەکەنی جەڵتەی دڵیان تێدا دەرکەوتووە مانای بوونی جەڵتە یان بوونی گرفتی تەندروسی دڵ دەگەیەنێت، ئاسایی بڕی پرۆتینەکە لە ٣ بۆ ٦ کاتژمێر پاش دەرکەوتنی نیشانەکان زیاد دەکات و تا نزیکەی ١٠ بۆ ۱٤ ڕۆژ بە بەرزی دەمێنێتەوە (هەر بۆیە دەکرێت پێویست بێت لەو ماوەیەدا چەند جارێک شیکارەکە دووپات بکرێتەوە)، بەڵام تەنها ئەم شیکارە بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە بەس نییە، پێویستی بە (شیکاری فیزیکی و پزیشکی پسپۆڕو هێڵکاری دڵ و مێژووی نەخۆش لەناو ئەندامی خێزانەکەی لەگەڵ نەخۆشیەکانی دڵدا) دەکات.

لەوکەسانەی نەخۆشی (Angina)یان هەیە بەرزی ڕێژەی ترۆپۆنین مانای وایە تەندروستی کەسەکە بەرەو خراپبوون دەچێت و لەبەردەم مەترسی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵدایە، تەنانەت گەر هیچ نیشانەیەکیشی تێدا دەرنەکەوت بێت.

بڕی ترۆپۆنین لەچەند حاڵەتێکی تری نەخۆشیەکانی دڵ وەک (Congestive heart failure)(Myocarditis) دەکرێت زیادبکات.

ئاسایی بوونی ئەنجامی شیکارەکە پاش چەند جارێک ئەنجامدانی شیکارەکە لە چەند کاتێکی جیاوادا و زیاتر لە ۱۲ کاتژمێر لە دەرکەوتنی نیشانەکان و چاودێری کردنی باری تەندروستی نەخۆشەکە، بڕی ترۆپۆنین بە ئاسایی مایەوە، مانای وایە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەهۆی هۆکارێکی ترەوەیە جیاواز لە نەخۆشییەکانی دڵ وەک نەخۆشی سییەکان.

هۆکاری کارتێکەرە لاوەکییەکان:

هەندێک جار بڕی ترۆپۆنین بەهۆی چەند هۆکارێکی لاوەکییەوە زیاد دەکات وەک (هەوکردنی توند وەک خوێن پیسی (Sepsis)، نەخۆشی سییەکان وەک (Pulmonary Embolism)، لاوازبوونی ماسولکەکانی دڵ، نەشتەرگەری دڵ، سوتان و وەرزشی زۆر، هەندێک جۆری دەرمان، بوونی هەوکردن لە بەشێک لە بەشەکانی دڵ(Myocarditis)(Pericarditis)(Endocarditis)، نەخۆشی گورچیلە و شەکرە، خوێنبەربوونی ڕیخۆڵە).

شیکارە پەیوەندارەکان:

– Myoglobin.

– CK–MB.

– Echocardiogram (Ultrasound of the heart).

– Chest X-ray.

– CT scan.

– ECG.